ترەمپ تەقەی لێکرا؛ چی و چۆن روویدا؟

دوێنێ کاژێر 01:36
لهۆن نەسرەدین
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بریندار کرا
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بریندار کرا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

جووڵاندنی سەری بە چەند مللیمێكی کەم، بووە هۆی ئەوەی ناوی لە سەرۆکی پێشووەوە نەبێتە سەرۆکی پێشووی تیرۆرکراوی ئەمریکا.
 
لە شاری بەتڵەری ویلایەتی پێنسیلڤینیا، کەسێك بە تفەنگ تەقە لە ترەمپ دەکات و دەگوترێت گوللە بە بەشی سەرەوەی گوێی راستی دەکەوێت. 
 
لیدیا هانتز، شایەدحاڵ دەڵێ "دەنگی تەقە هات و وامانزانی یاریی ئاگرینە. پاشان زانیمان تەقەی راستەقینەیە؛ سەرۆک ترەمپمان بینی دەستی بە گوێی راستیادا هێنا و خۆی بە عەرزدا دا. زۆر شڵەژاین و نەماندەزانی چی بکەین." 
 
بە گوتەی ئێف بی ئای، تەقەکەرەکە گەنجێکی 20 ساڵانە، ڤیدیۆیەک بڵاوبووەتەوە گوایە هی ئەوە، کە تێیدا دەڵێ "ناوم تۆماس ماتیو کرووکسە، رقم لە کۆمارییەکانە، رقم لە ترەمپە. بڵێن چی؟ خۆتان تووشی کەسێکی هەڵە کرد!"
 
لەبەردەم شوێنی وەستانی ترەمپ، گردبوونەوەی لایەنگرانی بوو. بە لای چەپیدا و بە دووریی نزیکەی 137 مەتر، دەگوترێت تەقەکەرەکە بە چەکی جۆری ئەی ئاڕی ئۆتۆماتیکی لەسەر بینایەکی یەک نهۆمی، وەستاوە.
 
لەملاشەوە لەسەر بینایەکی دیکە، نیشانەشکێنێکی سەر بە هێزی پاسەوانەکانی ترەمپ هەبوو.
 
تەقەکەرەکە 6 تاوەکو 8 گوللەی تەقاند.
 
لە رووداوەکەدا دوو خاڵ جێی تێبینین؛ نەبوونی هێزی ئەمنی بە چواردەوری ناوچەکە؛ هەروەها بێ ئاگایی یان کەمتەرخەمی پاسەوانانی ترەمپ.
 
گرێگ سمیت، شایەدحاڵ دەڵێ "بەدرێژایی رۆژەکە ئاهەنگمان دەگێڕا. کاتێک بیستمان ترەمپ هەڵمەتی هەڵبژاردنی هەیە گوتمان زۆر باشە دەچین و گوێی بۆ دەگرین، کاتێك نزیکبووینەوە لە شوێنەکە، کەسێکمان بینی بە چەکەوە بەسەر بینایەکی یەک نهۆمی سەردەکەوێت، 2، 3 خولەک هاوارمان کرد و بە پاسەوانەکانمان گوت شتێكی ئاوها هەیە، هیچ کاردانەوەیان پیشان نەدا و دوای نزیکەی 5 خولەک، تەقە لە ترەمپ کرا."
 
کەسێك کوژرا و دووان بریندار بوون، تەقەکەرەکە بە دەستی هێزە ئەمنییەکان کوژرا.
 
ترەمپ بە سەلامەتی لێی دەرچوو؛ لە ترووس سۆشیال سوپاسی هێزە ئەمنییەکانی کرد، سەرەخۆشی لە کەسوکاری قوربانییان کرد، باسی  رووداوەکەی کرد و لە کۆتاییدا نووسی "خودا ئەمریکا بپارێزێت." 
 
هێشتا پێشینەی هێرشبەرەکە، هۆکاری هێرشەکەی بە تەواوەتی نەزانراوە و ئێف بی ئای دەڵێت چەند هەفتەیەکی پێویستە.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

باڵەخانەی فایسێرڤ لە شاری میلواوکی ویلایەتی ویسکۆنسن

کۆنگرەی کۆمارییەکان دەکرێت و ترەمپ بەربژێری سەرۆکایەتیی ئەمریکایە

ئەمڕۆ کۆنگرەی کۆمارییەکان بۆ دیاریکردنی بەربژێرەکەیان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا دەستپێدەکات. لە دوا رۆژی کۆنگرەکە کە دەکاتە پێنجشەممە ترەمپ وەکو بەربژێری ئەو پارتە دەستنیشان دەکرێت. دوای رووداوی تەقەکردن لە ترەمپ، زۆرترین چاوەکان لەسەر لایەنی ئەمنیی کۆنگرەکەن.