لە هیندستان نرخی تەماتە 400٪ بەرزبووەتەوە؛ "تەماتەفرۆش پێویستی بە پاسەوانە"
رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی خراپیی کەشوهەوا و لافاوەوە نرخی تەماتە لە هیندستان 400٪ بەرزبووەتەوە، بە جۆرێك ماکدۆناڵدیش چیدیکە تەماتە بەکارناهێنێت و رووداوی دزینی تەماتەش زیادبوون.
بەپێی ئاماری فەرمانگەی کاروباری بەکاربەری هیندستان، لە سەرەتای ئەمساڵەوە نرخی تەماتە لەو وڵاتە 400٪ بەرزبووەتەوە و لە 33 سەنتەوە گەیشتووەتە 1.68 دۆلار بۆ هەر کیلۆیەک.
ئینستیتیوتی نیشتمانیی هیندستان بۆ بەڕێوەبردنی گوشارە بایۆتیکییەکان کە ئەنجوومەنێکی تایبەتە بە توێژینەوەی کشتوکاڵی دەڵێت، لافاو لە ویلایەتە سەرەکییەکانی تەماتە لە هیندستان وەکو ئاندرا پرادێش، ماهاراشتا و کارناتاکا هۆکارێکی سەرەکیی بەرزبوونەوەی نرخی تەماتەیە لەو وڵاتە.
بەوپێیەش، ئێستا بەهۆی لافاوەوە نرخی کیلۆیەک تەماتە گرانترە لە لیترێک بەنزین.
لە هەفتەکانی دواییدا بارانی زۆر و گەرمای بەتین بوونەتە هۆی دروستبوونی لافاو، بەوهۆیەوە سەدان کەس گیانیان لەدەستداوە، ئەوەش وایکردووە بەرهەمی تەماتە لەو وڵاتە بەشێوەیەکی بەرچاو کەمببێتەوە و نەخۆشیش لە نێو کێڵگەکانی کشتوکاڵ بڵاوببنەوە.
بەهۆی کەمبوونەوەی تەماتە و بەرزبوونەوەی نرخەکەیەوە، ئێستا بەشێکی زۆری ماڵباتەکانی هیندستان روویان لە بەرهەمە لەقوتووکراوەکان کردووە؛ تەنانەت لقی ماکدۆناڵدیش لەو وڵاتە رایگەیاندووە، چیدیکە تەماتە ناخاتە نێو خواردنە خێراکانی.
بەپێی هەواڵی ڤایس نیوزی ئەمریکی، بەرزبوونەوەی نرخی تەماتە بووەتە هۆی زیادبوونی دزی لە کێڵگە و بارهەڵگرەکانی تەماتە و "پێویستی بە پاسەوانی تایبەت هەیە".