بێ کارەبایی و گەرما تەنگی بە خەڵکی لیبیا هەڵچنیوە

 
رووداو دیجیتاڵ

لە تەرابلووسی پایتەختی ئەو وڵاتە رۆژانە تەنیا شەش کاژێر کارەبا هەیە و بێ کارەبایی ژیانی خەڵکی لە لیبیا زەحمەت کردووە.
 
هەر کە کارەبا دەبڕێت، مەحموود و هاوژینەکەی دەستی دوو منداڵە بچکۆلانەکەیان دەگرن و دەچنە نێو ئۆتۆمبێلەکەیان، تاوەکو سووتەمەنی بەش دەکات بە فێنککەرەوەی ئۆتۆمبێلەکەیان خۆیان فێنک دەکەنەوە؛ بەڵام کەسانێک کە گوزەرانیان خراپە، هەوا فێنکەکەی نێو ئۆتۆمبێلەکەی مەحموودیش شکنابەن.
 
مەحموود عەگولی، کارمەندی رێکخراوێکی هەڵگرتنەوەی مین دەڵێت، "ئێمە لەگەڵ هەموو شتێکدا کێشەمان هەیە، کەرتی تەندروستی، پەروەردە و رێگەکان وێرانن. خراپترین قەیرانیش کە بەسەرماندا هاتووە کێشەی کارەبایە. بۆ زۆربەی کارەکانمان پشت بە کارەبا دەبەستین."
 
لیبیا کە ژمارەی دانیشتووانی حەوت ملیۆن کەسە، دۆخی کارەباکەی لەوپەڕی خراپیدایە. زوو زوو خۆپێشاندەران لە تەرابلووس و شارەکانی دیکە دەچنە سەر شەقامەکان و داوای چارەسەرکردنی کێشەی کارەبا دەکەن.
 
زۆربەی خەڵکی لیبیا بۆ دابینکردنی کارەبا پەنا دەبەنە بەر موەلیدەی بچووک.
 
بۆ رەوانەندەوەی تووڕەیی خەڵک، عەبدولحەمید محەممەد دبەیبە، سەرۆکوەزیرانی کاتیی حکومەتەکەی رۆژئاوا بەڵێنی داوە ئەم مانگە سێ وێستگەی کارەبا بکاتەوە، دووان لە رۆژئاوا و یەکێکیش لە رۆژهەڵاتی وڵاتەکە.
 
دایکی محەممەد، دانیشتووی تەرابلووس دەڵێت، "ئەو کێشانەی بەهۆی کارەباوە دووچاری بووینەتەوە تەنیا کێشەی من و یەک هاووڵاتی نین. تەواوی دانیشتووان بەدەست ئەم کێشەیەوە گیرۆدەن. وەکو هاووڵاتییەک، نازانم چۆن وەسفی بکەم، رۆژانە تەنیا دوو کاژێر کارەبامان هەیە."
 
لە ساڵی 2011وە و لەدوای کوژرانی موعەمەر قەزافی، سەرۆکی پێشووی لیبیا لەسەر دەستی خۆپێشاندەران، گرژی و ئاڵۆزی لە وڵاتەکە نەبڕاوە، ئەوەش کاریگەریی بەسەر زۆربەی سێکتەرەکانەوە هەبووە لەنێویاندا سێکتەری کارەبا کە لە زستاندا 1000 تاوەکو 2500 مێگاوات کورتهێنان دروستدەبێت، لە کاتێکدا بەگوێرەی کۆمپانیای جێنێراڵ ئێلێکتریسیتی، وڵاتەکە لەکاتی ئاساییدا پێویستی بە 6500 مێگاوات کارەبایە و لە هاویندا خواست دەگاتە 8000 مێگاوات.