BMW نمونەی ئۆتۆمبێلەکانی بۆ 100 ساڵی داهاتوو ئاشکرا کرد

رووداو - هەولێر

لە پێشانگای گرووپی (بی ئێم، دەبڵیو رۆڵز رۆیس و مینی) نموونەیەک لە ئوتۆمبێلە ئۆتۆماتیکەکانی داهاتوو ، یا خود وێنای بەرهەمهێنەرانی ئوتۆمبێل لە ئوتۆمبێلی 100 ساڵی داهاتوو، پێشان درا.

لەو جۆرە ئۆتۆمبێلەدا بنەما سەرەکییەکانی هەر ئوتۆمبێلێک، لەگەڵ ئایدای زۆر پێشکەوتووی تەکنیکی تێکەڵ کراون.

ئەندامێکی گرووپی (بی ئێم، دەبڵیو رۆڵز رۆیس و مینی) ، دەڵێت: ئامانجی ئێمە جگە لە وێناکردنی بەشێک لە داهاتوو ، دروستکردنی ئوتۆمبێلێکە کە هەموو رەگەزە گرنگەکانی بۆ داهاتوو تێدا رەچاو کرابێت".

لە (مینی وێژن نێکست)دا، مینی زۆربەی تایبەتمەندییە هەمیشەییەکانی بۆ هۆگرانی خۆی پاراستووە، بەڵام کۆمەڵێک تایبەتمەندی زیرەکیشی پێ زیاد کراوە.

ئەو ئوتۆمبێلە ، پلان و رۆژژمێری شۆفێرەکەی دەزانێت و رووناکی و رەنگی ناوەوەی بەپێی حەزی شۆفێر رێک دەخرێت .

رۆڵز رۆیس ، ئۆتۆمبێلێکی تازەی بە ناوی (ئوتۆمبێلی کۆتایی) ناساند کە وێنای رۆڵز رۆیسە لە ئۆتۆمبێل ، بۆ 25 ساڵی داهاتوو .

عەقڵی دەستکرد پێکهاتەیەکی سەرەکی ئەو ئوتۆمبێلە لۆکس و گرانبەهایەیە کە پێویستی بە شۆفێر نییە و بە سیستەمی دیجیتاڵ بەڕێوە دەبرێت .

بەڕێوەبەری دیزاینی رۆڵز رۆیس ، دەڵێت: "رۆڵز رۆیس بە مەزنایەتی ، هێز ، ئارامی و بەهەشتی ئامرازە بەنرخ و گرانبەهاکانی وەک ئاوریشم و داری عەبەنووسی جوان ناسراوە ، ئەو تایبەتمەندییانەیش لە ئوتۆمبێلی داهاتوودا بێ کەم وکورتی رەچاو کراون ، بەڵام ئەوەی پێی زیاد دەکرێت ، لایەنی دیجیتاڵە ، واتە بە عەقڵی دەستکردەوە دەست پێ کراوە، گرنگترین تایبەتمەندیشی ئۆتۆماتیکبوون و سەربەخۆبوونیەتی".