دوایین راپرسی: پارتە دژە کۆچبەرەکەی بەریتانیا پێش پارتی دەسەڵات کەوتووەتەوە
رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی دوایین راپرسی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی بەریتانیا، کە بڕیارە 4ی تەممووزی ئەم ساڵ بکرێت، پارتی کار بە جیاوازییەکی گەورە لەپێشە، پارتی سەربەخۆیی بەریتانیا لە پلەی دووەم و پارتی پارێزگارانی سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکەش لە پلەی سێیەم دایە.
بەپێی راپرسییەکە، کە لەلایەن ماڵپەڕی یوگۆڤی بەرییانی کراوە، لەم هەڵبژاردنەدا پارتی کار بە سەرۆکایەتیی کیر ستارمەر 37٪ی دەنگەکان بەدەستدەهێنێت. پارتی کاری بەریتانیا بە زۆری وەکو هاوپەیمانیەتی نێوان دیموکراتەکان و سۆسیال دیموکراتەکان دەبیندرێت؛ بە پارتێکی میانڕۆی چەپڕۆ دادەندرێت.
هەروەها پارتی سەربەخۆیی بەریتانیا بە سەرۆکایەتی نیگێل فاراگ پلەی دووەمی هەڵبژاردنەکە بە بردنەوەی 19٪ی دەنگەکان بەدەستدەهێنێت. ئەم پارتە بە پارتێکی راسترۆی تووندڕۆی دژەکۆچبەر ناسراوە.
ئەنجامی راپرسییەکە دەریخستووە پارتی پارێزگارانی ریشی سوونناک، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا 18٪ی دەنگەکان دەباتەوە و پلەی سێیەم بەدەستدەهێنێت. ئەم پارتە بە راسترۆی میانڕۆ دادەندرێت. بەم ئەنجامەش بێت بە ئەگەرێکی زۆرەوە دوای 14 ساڵ، پارتی پارێزگاران ناچار دەبێت گۆڕەپانەکە بۆ پارتی کار چۆڵ بکات.
رۆژی 22ی ئایاری ئەم ساڵ، ریشی سووناک رایگەیاند، رۆژی 04-07-2024، هەڵبژاردنی گشتیی بەریتانیا دەکرێت.
پەرلەمانی بەریتانیا لە 650 کورسی پێکدێت و هەر پارتێک بۆ ئەوەی ببێتە زۆرینە و حکومەت پێکبهێنێت پێویستی بە 326 کورسییە.