بەربژێری بایدن بۆ باڵیۆزی عێراق: دەبێت رووبەڕووی هۆکارەکانی بەهێزبوونەوەی داعش ببینەوە

14-06-2024
هاوار عەبدولڕەزاق @HawarAAli
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

بەربژێری سەرۆکی ئەمریکا بۆ  بوونی بە باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق، جەخت لە رووبەڕووبوونەوەی چالاکبوونەوەی چەکدارانی داعش لە عێراق دەکاتەوە لە رێگەی هاوکاریکردنی ئەو وڵاتە لە پەرەپێدانی ئابوورییەکەی و حکومڕانییەکی تەندروست.
 
ترەیسی جەیکەبسن، دیپلۆماتکاری بە ئەزموونی ئەمریکا لەلایەن جۆ بایدنی سەرۆکی ئەمریکا وەکو باڵیۆزی نوێی ئەمریکا لە عێراق دەستنیشانکراوە. جەیکەبسن بانگهێشتی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا کرا بۆ وەڵامدانەوەی چەند پرسیارێک و پەسندکردنی بەربژێربوونی بۆ ئەو پۆستە. جەیکەبسن رایگەیاند ئەگەر ببێتە باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق، هەر گۆڕانکارییەک لە رۆڵی ئەمریکا لەوڵاتە لە داهاتوودا، هەڕەشەی زیندووبوونەوەی چەکدارانی داعش لە عێراق لەبەرچاو دەگیرێت. 
 
جەیکەبسنی تەمەن 58 ساڵ، لەبەردەم سیناتی ئەمریکا رایگەیاند: "هەر پرۆسەیەکی راگواستن لە رۆڵی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ رێککەوتنێکی دوو قۆڵی رێککەوتن، دەبێت پەیوەست بێت بە شکستپێهێنانی یەکجارەکی داعش و پاراستنی ئاسایشی عێراق." 
 
جەیکەبسن لە رابردوودا، باڵیۆزی ئەمریکا بووە لە وڵاتانی تاجیکستان، تورکمەنستان و کۆسۆڤۆ. دواترین پۆستی دیپلۆماسیشی باڵیۆزی واشنتن بووە بە وەکالەت لە ئەسیوپیا. 
 
لەبارەی عێراق، ئەو خانمە دیپلۆماتکارە ئەمریکییە دەڵێت: "کاتێک بیر لە عێراق دەکەینەوە، دەبێت سەرەتا بیر لەوە بکەینەوە، چ هۆکارێک هەن خەڵک بۆ لای ئەو رێکخراوە تیرۆرستیانە رادەکێشێت. بۆیە پێویستی پەرەپێدانی بواری ئابووری و پتەوکردنی تواناکانی حکومەت بۆ دابینکردنی خزمەتگوزارییەکان بۆ خەڵکەکەی، وادەکات کەمتر خەڵک لەو گرووپانە نزیک بکاتەوە و هەژموونی تیرۆرستانیش کەمتر دەکاتەوە، بۆ نموونە ئەو گرووپە چەکدارانەی نزیکن لە ئێران، کە لەبوارەکانی سیاسیی و ئابووریدا تێکەڵبوون، لە هەمان کاتیشدا ئێمە دەکەنە ئامانج." 
 
هەروەها جەیکەبسن ئاماژە بەوە دەکات کامپی هۆل لە رۆژئاوای کوردستان، کە کەسوکاری چەکدارانی پێشووی داعشی تێدا دەستبەسەرن، "بووەتە ناوەندی راکێشانی داعش." 
 
ئەو بەڵێنیدا ئەگەر بکرێتە باڵیۆز، هەوڵدەدات کار لەگەڵ بەرپرسانی کامپەکە بکات تاوەکو بەشێوەیەکی خێراتر ئەو ئافرەت و منداڵانە بگەڕێننەوە بۆ عێراق تاوەکو بەزووترین کات بیانخەنە بەرنامەی تایبەت بە "چاکسازیی و تێکەڵابوونەوە بۆ نێو کۆمەڵگەیان." 
 
جەیکەبسن، لە 25ی کانوونی دووەمی ئەم ساڵ لەلایەن بایدنەوە بۆ ئەو پۆستە بەربژێر کرا بەمەبەستی شوێنگرتنەوەی ئەلینا رۆمانۆوسکی کە لە حوزەیرانی 2022یەوە باڵیۆزی ئەمریکایە لە بەغدا. 
 
لەبارەی هێرشەکانی ئەمدوایەی گرووپە میلیشیاکانی نزیک لە ئێران بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و سووریا، جەیکەبسن رایگەیاند دەبێت ئەمریکا ئامادە بێت هەر کاتێک پێویست بکات هێرش بکات "تاوەکو زیان بە ژێرخانی ئەو گرووپانە بگەیێنێت."  
 
ئەو دیپلۆماتکارە ئەمریکییە لەوبڕوایەدایە ئێران گەورەترین هەڕەشەیە بۆ سەر عێراق و دەبێت ئەمریکا هاوکاری بەغدا بکات لەڕووی وزەوە سەربەخۆ بێت. گوتیشی: "عێراق زۆر پێویستی بە وزە هەیە ئەمەش لەبەرئەوەی ئابووری و ژمارەی دانیشتووانیان بەردەوام لە زیادبوونە."
 
لەساڵی 2021، بایدن، جەیکەبسنی کردە راوێژکاری تایبەتی ئیدارەکەی بۆ سەرپەرشتیکردنی پرۆسەی گواستنەوەی ئەو ئەفغانیانەی کە پێشتر لەگەڵ ئەمریکا کاریان کردووە لەدوای کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لەو وڵاتە.
 
سەبارەت بە چانسی جەیکەبسن بۆ بوونە باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق و پەسندکردنی داواکەی بایدن لەلایەن سیناتەوە، تێد کروزی سیناتۆری کۆمارییەکان، لەمانگی شوباتی رابردوودا رایگەیاند، جەیکبسن، رۆڵێکی خراپی لەو پرۆسەیەدا گێڕا و پشتی لەو ئەفغانیانە کرد کە ژیانی خۆیان خستە مەترسییەوە بۆ دابینکردنی ئاسایش بۆ هاووڵاتیانی ئەمریکا، کە ئەمەش رەنگە زیان بە بەربژێربوونی بگەیێنێت.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وێنەی دوو هاونیشتمانییەکە کە ئاژانسی تاوانی نیشتمانیی بەریتانی بڵاویکردووەتەوە

دوو هاونیشتمانی بە بردنی کۆچبەران بۆ بەریتانیا بە تاوانبار ناسێندران

دوو کوردی دانیشتووی بەریتانیا لە دادگەیەکی ئەو وڵاتە دانیان بەوەدا نا کە خەڵکیان بە قاچاخ بردووەتە ئەو وڵاتە. ئاژانسی تاوانی نیشتیمانیی بەریتانیا دەڵێت، قاچاخچییەکان چەندین ئۆفەری جیاوازیان پێشکێش بە کۆچبەران کردووە و زۆربەی کۆچبەرەکانیش گەیشتوونەتە بەریتانیا