جیهان
جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا و هاوتا ئۆکراینییەکەی ڤۆلۆدیمێیر زیلینسکی، لەپەراوێزی لووتکەی گرووپی حەوت کۆبوونەوە
رووداو دیجیتاڵ
هەردوو سەرۆکی ئەمریکا و ئۆکراینا لە پەراوێزی لووتکەی وڵاتانی گرووپی حەوت لە ئیتاڵیا کۆبوونەوە و رێککەوتنێکی درێژخایەنیان واژۆ کرد. بەگوێرەی ئەو رێککەوتنە بۆ 10 ساڵی داهاتوو، واشنتن هاوکاری جۆراوجۆری سەربازی بۆ ئۆکراینا دابین دەکات.
زیلینسکی لەبارەی رێککەوتنەکەوە رایگەیاند، ئەو رێککەوتنە دەبێتە پردێک بۆ بەدەستهێنانی ئەندامێتی وڵاتەکەی لە هاوپەیمانێتی ناتۆ.
شەوی پێنجشەممە، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا و هاوتا ئۆکراینییەکەی ڤۆلۆدیمێیر زیلینسکی، لەپەراوێزی لووتکەی گرووپی حەوت کۆبوونەوە و دواتر رێککەوتنێکی ئەمنییان واژۆ کرد، کە سەرۆکی ئۆکراینا ئەو رێککەوتنەی بە "مێژوویی" ناوبرد لە جەنگەکەیان دژ بە رووسیا.
بەگوێرەی ئەو رێککەوتنە، بۆ 10 ساڵی داهاتوو، واشنتن چەک و تەقەمەنی جۆراوجۆر بۆ سوپای ئۆکراینا دابین دەکات و مەشقیش بە سەربازانی ئۆکراینا دەکات، ئەمەش لەکاتێکدایە زیلینسکی رایدەگەیێنێت، رێککەوتنەکە پرۆسەی بە ئەندامبوونی کیێڤ لە رێکخراوی ناتۆ خێراتر دەکات.
ئەو رێککەوتنە 10 ساڵییە لەپێش رێککەوتنەکەی وڵاتانی گرووپی حەوت هات کە بڕیاریاندا، 50 ملیار دۆلار لە پارە و سامانە سڕکراوەکانی رووسیا لە سەرانسەری جیهان بە قەرز بدەنە ئۆکراینا.
بایدن لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانی هاوبەشدا لەگەڵ سەرۆکی ئۆکراینا، لەبارەی رێککەوتنەکە، رایگەیاند، "ئەو رێککەوتنە دەرئەنجامی هەوڵە هاوبەشەکانی وڵاتانی جی حەوتە و ئاماژەشە بەوەی کە پووتین ناتوانێت دابەشمان بکات."
لەگەڵ ئەوەشدا بەگوێرەی ئەو رێککەوتنە، پێویستە لەسەر ئەمریکا و ئۆکراینا لەماوەی 24 کاژێردا لەدوای هەر هێرشێکی رووسیا بۆ سەر خاکی ئۆکراینا، لە بەرزترین ئاستدا راوێژ بکەن.
هەروەها بایدن بەرگری لە بڕیاری ئیدارەکەی کرد بەوەی رێگەی بە ئۆکراینا داوە بە چەکی ئەمریکی هێرش بکاتە سەر خاکی رووسیا، بەڵام ئاماژەی بەوەشکرد، کیێڤ بۆی نییە بە چەکی قورسی ئەمریکی هێرش بکاتە سەر رووسیا.
لە هەمان کۆنفرانسی رۆژنامەڤانیدا، زیلینسکی داوای لە بایدن کرد، واشنتن سیستمی بەرگری پێشکەوتووی پاتریۆتی بداتێ بۆ پاراستنی وڵاتەکەی لە هێرشە مووشەکییەکەی مۆسکۆ و لە بەرامبەریشدا بایدن رایگەیاند، پێنج وڵات رازی بوون ئەو سیستمە بۆ ئۆکراینا دابین بکەن، بەڵام ئەمریکا یەکێک نییە لەو پێنج وڵاتە.
لە 12 مانگی رابردوودا، ئۆکراینا 15 رێککەوتنی گەورەی ئەمنی لەگەڵ وڵاتانی رۆژئاوا واژۆ کردووە، ئەمەش وەکو بەشێک لە هەوڵەکانی رۆژئاوا بۆ پتەوکردنی تواناکانی ئۆکراینا لە بەرامبەر رووسیا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ