سوێد لە دژی سزای لە سێدارەدان بۆ سوێدییەک نامەی ناڕەزایی دەداتە عێراق
رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی سوێد، بانگهێشتی بەڕێوەبەری کاروباری سیاسی لە باڵیۆزخانەی عێراقی لەو وڵاتە بۆ وەزارەتی دەرەوە کردووە، بەمەبەستی دەربڕینی ناڕەزایەتی لە دژی سەپاندنی سزای لەسێدارەدان بەسەر هاووڵاتییەکی سوێدی لەلایەن دادگایەکی عێراقەوە.
رۆژی پێنجشەممە، 13-03-2024، وەزیری دەرەوەی سوێد رایگەیاند، ئەو بەرپرسەی باڵیۆزخانەی عێراق لە سوێد، ئەو راپۆرتە میدیاییانەی پشتڕاست کردوونەتەوە بەوەی هاووڵاتییەکی سوێدی سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندراوە و زانیاریی زیاتریشیان بەدەستگەیشتووە کە دەسەڵاتدارانی عێراقی هەمان سزایان بەسەر دوو هاووڵاتی دیکەی سوێدیدا سەپاندووە.
تۆبیاس بیلسترۆم، وەزیری دەرەوەی سوێد رایگەیاند، رۆژی پێنجشەممە، بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی وڵاتەکەی بەرامبەر بەو بڕیارەی عێراق، بەرپرسی کاروباری سیاسی لە باڵیۆزخانە بانگهێشت کراوە.
وەزیری دەرەوەی سوێد دەڵێت: "لە کۆبوونەوەکەماندا، ناڕەزایەتیی خۆمان گەیاندە عێراق سەبارەت بە بڕیاری لەسێدارەدان و داواشمان کرد ئەو سزایە جێبەجێ نەکات."
بەگوێرەی زانیارییەکانی میدیای سوێد، ئەو هاووڵاتییە سوێدیەی بڕیاری لەسێدارەدانی بۆ دراوە، دەستی هەبووە لە تەقەکردن لە هاووڵاتییەکی سوێدی دیکە لە عێراق لە کانوونی دووەمی ئەم ساڵدا.