ئەمریکا و ئۆکراینا رێککەوتنێکی ئەمنی بۆ 10 ساڵ واژۆ دەکەن
رووداو دیجیتاڵ
هەردوو سەرۆکی ئەمریکا و ئۆکراینا لە پەراوێزی لووتکەی وڵاتانی گرووپی حەوت لە ئیتاڵیا کۆبوونەوە و رێککەوتنێکی درێژخایەنیان واژۆ کرد. بەگوێرەی ئەو رێککەوتنە، بۆ 10 ساڵی داهاتوو واشنتن هاوکاریی جۆراوجۆری سەربازی بۆ ئۆکراینا دابین دەکات. لە بەرامبەریشدا زیلینسکی رایگەیاند، ئەو رێککەوتنە دەبێتە پردێک بۆ بەدەستهێنانی ئەندامێتیی وڵاتەکەی لە هاوپەیمانێتیی ناتۆ.
شەوی پێنجشەممە جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا و هاوتا ئۆکراینییەکەی ڤۆلۆدیمێیر زیلینسکی، لە پەراوێزی لووتکەی جی حەوت کۆبوونەوە؛ دواتر رێککەوتنێکی ئەمنییان واژۆ کرد، کە سەۆکی ئۆکراینا ئەو رێککەوتنەی بە "مێژوویی" ناوبرد لە جەنگەکەیان دژ بە رووسیا.
بەگوێرەی ئەو رێککەوتنە، بۆ 10 ساڵی داهاتوو، واشنتن چەک و تەقەمەنیی جۆراوجۆر بۆ سوپای ئۆکراینا دابین دەکات، مەشقیش بە سەربازانی ئۆکراینا دەکات. ئەمەش لە کاتێکدایە زیلینسکی رایدەگەیێنێت رێککەوتنەکە پرۆسەی بەئەندامبوونی کیێڤ لە رێکخراوی ناتۆ خێراتر دەکات.
ئەو رێککەوتنە 10 ساڵییە لەپێش رێککەوتنەکەی وڵاتانی گرووپی حەوت هات، کە بڕیاریاندا 50 ملیار دۆلار لە پارە و سامانە سڕکراوەکانی رووسیا لە سەرانسەری جیهان بە قەرز بدەنە ئۆکراینا.
بایدن لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیی هاوبەشدا لەگەڵ سەرۆکی ئۆکراینا، لەبارەی رێککەوتنەکە رایگەیاند، "ئەو رێککەوتنە دەرئەنجامی هەوڵە هاوبەشەکانی وڵاتانی جی حەوتە و ئاماژەشە بەوەی پووتین ناتوانێت دابەشمان بکات."
لەگەڵ ئەوەشدا بەگوێرەی ئەو رێککەوتنە، پێویستە لەسەر ئەمریکا و ئۆکراینا لە ماوەی 24 کاژێردا لەدوای هەر هێرشێکی رووسیا بۆ سەر خاکی ئۆکراینا، لە بەرزترین ئاستدا راوێژ بکەن.
هەروەها بایدن بەرگریی لە بڕیاری ئیدارەکەی کرد بەوەی رێگەی بە ئۆکراینا داوە بە چەکی ئەمریکی هێرش بکاتە سەر خاکی رووسیا، بەڵام ئاماژەی بەوەش کرد، کیێڤ بۆی نییە بە چەکی قورسی ئەمریکی هێرش بکاتە سەر رووسیا.
لە هەمان کۆنفرانسی رۆژنامەڤانیدا، زیلینسکی داوای لە بایدن کرد، وڵاتەکەی سیستمی بەرگریی پێشکەوتووی پاتریۆتی بداتێ بۆ پاراستنی وڵاتەکەی لە هێرشە مووشەکییەکەی مۆسکۆ، لە بەرامبەریشدا بایدن رایگەیاند، پێنج وڵات رازی بوون ئەو سیستمە بۆ ئۆکراینا دابین بکەن، بەڵام ئەمریکا یەکێک نییە لەو پێنج وڵاتە.
لە 12 مانگی رابردوودا، ئۆکراینا 15 رێککەوتنی گەورەی ئەمنیی لەگەڵ وڵاتانی رۆژئاوا واژۆ کردووە، ئەمەش وەکو بەشێک لە هەوڵەکانی رۆژئاوا بۆ پتەوکردنی تواناکانی ئۆکراینا لە بەرامبەر رووسیا.