دوایین راپرسی: پارتە دژە کۆچبەرەکەی بەریتانیا پێش پارتی دەسەڵات کەوتووەتەوە
رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی دوایین راپرسی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی بەریتانیا، کە بڕیارە 4ی تەممووزی ئەم ساڵ بکرێت، پارتی کار بە جیاوازییەکی گەورە لەپێشە، پارتی سەربەخۆیی بەریتانیا لە پلەی دووەم و پارتی پارێزگارانی سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکەش لە پلەی سێیەمە.
بەپێی راپرسییەکە، کە لەلایەن ماڵپەڕی یوگۆڤی بەریتانییەوە کراوە، لەم هەڵبژاردنەدا پارتی کار بە سەرۆکایەتیی کیر ستارمەر 37%ی دەنگەکان بەدەستدەهێنێت. پارتی کاری بەریتانیا بە زۆری وەکو هاوپەیمانێتی نێوان دیموکراتەکان و سۆسیال دیموکراتەکان دەبیندرێت؛ بە پارتێکی میانڕۆی چەپڕۆ دادەندرێت.
هەروەها پارتی سەربەخۆیی بەریتانیا بە سەرۆکایەتیی نیگێل فاراگ پلەی دووەمی هەڵبژاردنەکە بە بردنەوەی 19%ی دەنگەکان بەدەستدەهێنێت. ئەم پارتە بە پارتێکی راستڕۆی تووندڕۆی دژە کۆچبەر ناسراوە.
ئەنجامی راپرسییەکە دەریخستووە پارتی پارێزگارانی ریشی سوناک، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا 18%ی دەنگەکان دەباتەوە و پلەی سێیەم بەدەستدەهێنێت. ئەم پارتە بە راستڕۆی میانڕۆ دادەندرێت. بەم ئەنجامەش بێت، بە ئەگەرێکی زۆرەوە دوای 14 ساڵ، پارتی پارێزگاران ناچار دەبێت گۆڕەپانەکە بۆ پارتی کار چۆڵ بکات.
رۆژی 22ی ئایاری ئەم ساڵ، ریشی سوناک رایگەیاند، رۆژی 04-07-2024 هەڵبژاردنی گشتیی بەریتانیا دەکرێت.
پەرلەمانی بەریتانیا لە 650 کورسی پێکدێت و هەر پارتێک بۆ ئەوەی ببێتە زۆرینە و حکومەت پێکبهێنێت پێویستی بە 326 کورسییە.