رووداو دیجیتاڵ
کۆنفرانسی برۆکسل بۆ پشتگیریی دواڕۆژی سووریا و ناوچەکە؛ لە شوێنێکی هەرە گرنگی پەرلەمانی ئەوروپا دەستیپێکرد، بەڵام گەرموگوڕی بە پانێڵیست و بەشداربووەکانی کۆنفرانسەکەوە دیار نییە.
رۆژی یەکەمی کۆنفرانسەکە تایبەت بوو بە رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، ئەکادیمیست و رێکخراوە خێرخوازییە خۆجێییەکان و بەناوی رۆژی دیالۆگەوە بوو.
نۆ کەس لە کوردانی رۆژئاوای کوردستان بەشدارن، بەڵام هیچ کامیان پانێڵیست نەبوون. ناز حەمێ، لە چوار ساڵی رابردوودا هاوئاهەنگی لەگەڵ یەکێتیی ئەوروپادا کردووە لە هەڵبژاردنی لایەنەکاندا؛ کوردانی رۆژئاوا کە بەشداری کۆنفرانسەکەن دەیانەوێت ببنە دەنگی ئەوانەی لە رۆژئاوای کوردستانەوە دەنگیان بە لایەنەکان ناگات.
ناز حەمێ بە رووداوی راگەیاند: "دەمانەوێت جەختمان لەسەر ناوچەکانی خۆمان بێت و دەنگی ئەو کەسانە بین کە ناتوانن بێنە ئێرە، نامانەوێت ساڵانە کەسەکان لە ئەوروپاوە بێن، دەمانەوێت ئەو کەسانە بێن کە خاوەنی کێشەکانن و دەنگی خۆیان بگەیێنن."
دان ستونیسکۆ، بەرپرسی نوێنەرایەتیی یەکێتیی ئەوروپا بۆ کاروباری سووریا بە رووداوی راگەیاند، ئەوان دان بە دەسەڵاتدارانی سووریادا نانێن، بەڵام بەبێ جیاوازی دۆستی خەڵکی سووریان و ئامانجی سەرەکییان هاوکاریکردنی خەڵکی سووریایە.
یەکێتیی ئەوروپا لەو کۆنفرانسەدا مەبەستیەتی هاوکاریی خەڵکی سڤیلی سووریا بکات و لە رێگەی پڕۆژە خێرخوازییەکانەوە هاوکارییەکانیان پێ بگات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ