پۆلیسی کەناراوەکانی یۆنان بۆ رووداو: 78 کۆچبەر بەهۆی نقومبوونی بەلەمێک گیانیان لەدەستدا

14-06-2023
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

پۆلیسی کەناراوەکانی یۆنان رایگەیاند، نقومبوونی بەلەمێک لە دوورگەی پیەپۆنیس لەنزیک کەناراوەکانی یۆنان بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی 78 کۆچبەر و 100 کۆچبەریش رزگار کراون.
 
رۆژی چوارشەممە 14ی حوزەیرانی 2023 پۆلیسی کەناراوەکانی یۆنان لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ژمارەی ئەو کۆچبەرانەی لە ئەنجامی نقومبوونی بەلەمەکە گیانیان لەدەستداوە 78 کۆچبەر بوون، بەڵام تائێستا ناسنامەی هەموو کۆچبەرەکان نەزانراوە." گوتیشی، هێزەکانیان توانیویانە 100 کۆچبەر لە خنکان رزگار بکەن.
 
بەلەمەکە لەنێو سنوورە ئاوییە نێودەوڵەتییەکان، بە دووریی 47 کیلۆمەتر لە باشووری رۆژهەڵاتی دوورگەی پیەپۆنیس، بەهۆی نالەباریی کەشوهەواوە، نقومبووە.
 
وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی یۆنان بە میدیای وڵاتەی راگەیاندووە، سەتان کۆچبەر لەنێو بەلەمەکەدا بوون و "ترسمان هەیە لەوەی ژمارەیەکی زۆری کۆچبەرەکان لەنێو دەریادا بێسەروشوێن بووبن."
 
رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی (IOM)، لە تویتێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، ژمارەیەکی زۆری کۆچبەر لەنێو بەلەمەکەدا بێسەروشوێن بوون و "راپۆرتە سەرەتاییەکان ئەوە دەردەخەن کە زیاتر لە 400 کەس لەنێو بەلەمەکەدا بوون؛ ترسمان هەیە کە کۆچبەرێکی زیاتر گیانیان لەدەستدابێت."
 
لە گەڕان بەدوای کۆچبەرەکاندا، بە گوتەی پۆلیسی کەناراوەکانی یۆنان، "شەش کەشتیی پاسەوانی کەناراوەکانی یۆنان، کەشتییەکی هێزی دەریایی یۆنان و هێلیکۆپتەرێکی هێزی ئاسمانیی یۆنان" بەشداربوون.
 
بەگوێرەی میدیای یۆنان، بەلەمەکە لە کەناراوەکانی شارۆچکەی تۆبروک لە لیبیاوە بە ئامانجی گەیشتن بە کەناراوەکانی ئیتاڵیا بەڕێکەتووە. کۆچبەرەکانیش خەڵکی وڵاتانی میسر، سووریا و پاکستان بوون.
 
فیلیپۆ گراندی، کۆمیسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پرسی ئاوارەکان، لە تویتێکدا رایگەیاند، "هەست بە دڵتەنگی و تووڕەیی دەکەین دوای ئەوەی زانیمان ژمارەیەک کۆچبەر لەنێو دەریادا گیانیان لەدەستداوە."
 
بەگوێرەی ئامارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە پێنج مانگی سەرەتای ساڵی 2023دا زیاتر لە 72 هەزار کۆچبەر لە رێگەی دەریای نێوەڕاستەوە خۆیان گەیاندووەتەوە کەناراوەکانی وڵاتانی ئەوروپا، لەو ژمارەیەش، 6500 کۆچبەر گەیشتوونەتە یۆنان.
 
نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژە بەوەش دەکات، لە پێنج مانگی سەرەتای 2023دا نزیکەی هەزار کۆچبەر لە دەریای نێوەڕاستەوە خنکاون یان بێسەروشوێن بوون.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە