رووداو دیجیتاڵ
ژمارەی پەنابەر و کۆچبەر و ئاوارەکان لە جیهاندا ریکۆردێکی نوێ تۆمار دەکات و گەیشتووەتە 110 ملیۆن کەس لە ساڵی 2022ـدا، زۆربەشیان بەرەو وڵاتانی دەوڵەمەند نەچوون.
رۆژانە سەتان کەس لە شەڕ و پێکدادنی سوودان رادەکەن و دەگەنە کەمپێکی کەم خزمەتگوزاریی سوودانی باشوور. بەشێک لەوانەی رادەکەن خەڵکی ئێرەن و دەگەڕێنەوە سەر هەژاری و نەدارییەکەی جاران، بەشەکەی دیکەیان خەڵكی خەرتووم و دەوروبەری سوودانن.
سارە ماکوی، کۆچبەرە لە کەمپەکە، دەڵێ "خێزانەکەم لە خەرتووم لە دۆخێکی سەختدایە؛ ئێمە لەوێ رامانکرد چونکە دۆخەکە زۆر خراپ بوو. نە ئاو هەبوو نە کارەبا؛ هەتاوەکو خۆراکیش نەبوو".
لەوەتەی شەڕ لەنێوان سوپای سوودان و هێزی بەرپەرچدانەوەی خێرا لە 15ـی نیسانی ئەمساڵەوە لە نێوخۆی وڵات دەستی پێکردووە، زیاتر لە 250 هەزار کەس لە وڵاتەکە رایانکردووە.
شەڕی سوودان لەگەڵ هەریەک لە شەڕی ئۆکراینا و ئەفغانستان و دەرهاویشتەکانی گۆڕانی کەشوهەوا، کە دەمێکە نەتەوەیەکگرتووەکان هۆشداریی لەبارەوە دەدات و دەڵێت "ژمارەی ئاوارە و کۆچبەران دەفڕێنێت"، هۆکاری زۆربوونی ژمارەی کۆچبەر و ئاوارەکانن.
فیلیپۆ گراندی، کۆمیسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران دەڵێ "دۆخەکە بەم جۆرەیە؛ 110 ملیۆن کەس لە جیهاندا ئاوارەی ململانێ، سەرکوتکاری، رەگەزپەرستی، تووندوتیژی و کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوان. باش لە بیرتانە، ساڵی رابردوو گوتمان ژمارەی ئاوارەکان بۆ یەکەمجار لە 100 ملیۆن کەس تێپەڕیوە، بە یەک ساڵ ئەو ژمارەیە 10٪ زیادی کرد".
بەگوێرەی راپۆرتی نوێی کۆمیسیۆنی باڵای کۆچبەرانی تایبەت بە نەتەوە یەکگرتووەکان (UNHCR) "زۆربەی ئەوانەی هەڵاتوون بەرەو وڵاتانی دەوڵەمەند نەچوون، بەڵکو لە 76٪ـیان روویان کردووەتە وڵاتە هەژار و مامناوەندەکان، 35 ملیۆنیان داوای پەنابەرییان کردووە و بە پەناخواز پۆڵێنکراون".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ