لە یۆنان 79 کۆچبەر پێش نقوومبوونی بەلەمەکەیان رزگار کران

14-06-2023
هێمن بابان رەحیم
نیشانەکردن کۆچبەران
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بەلەمێکی کۆچبەران، کە سەرنشینەکانی عێراقی، سووری و فەلەستینی بوون، لە ئاوەکانی یۆنان کێشەی بۆ دروستبوو، دواتر سەرنشینەکان لەلایەن هێزەکانی یۆنان رزگارکران. نوێنەری دەزگای لووتکە بۆ کاروباری ئاوارە و پەنابەران رایگەیاند "هێشتا روون نەبووەتەوە رزگاربووان کوردیان تێدایە یان نا".
 
رۆژی چوارشەممە 14-06-2023، حوسێن حەمەساڵح، نوێنەری دەزگای لووتکە بۆ کاروباری ئاوارە و پەنابەران لە یۆنان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "کاژێر 02:30ـی بەرەبەیانی ئەمڕۆ بەلەمێکی کۆچبەران کە هێشتا دیارنییە لە کوێوە هاتووە، لە دوورگەی کریت تووشی کێشە بوو، سەرنشینانی بەلەمەکە داوای هاوکارییان لە پۆلیسی دەریاوانیی یۆنان کرد، بۆیە پێش نقوم بوون، پۆلیس بە هانایانەوە چووە و 79 کۆچبەر رزگارکراون".
 
سەبارەت بە سەرنشینانی بەلەمەکە، نوێنەری دەزگای لووتکە گوتی "عێراقی، سووری و فەلەستینین، بەڵام هێشتا روون نەبووەتەوە ئایا لە عێراقییەکان کوردیان تێدایە یان نا، بەڵام لەو ژمارەیە 50ـیان پیاون، 17ـیان ئافرەتن و 12 کەسیشیان منداڵن." گوتیشی، کۆچبەرەکان تەندروستییان باشە و گواستراونەتەوە شاری ئیراکلیۆ لە دوورگەی کریت.
 
رزگارکردنی ئەو کۆچبەرانە لەکاتێکدایە، کاژێر نزیک 10ـی شەوی رابردوو، بەلەمێکی دیکەی کۆچبەران کە نزیکەی 200 کۆچبەری هەڵگرتبوو، دوای ئەوەی کێشەی بۆ دروست بوو نقوم بوو، بەهۆیەوە تائێستا 79 تەرم دۆزراونەتەوە و 104 کۆچبەریش لەلایەن پۆلیسی دەریاوانیی یۆنان رزگارکراون.
 
ئەو بەلەمە، لە لیبیاوە بەمەبەستی گەیشتن بە ئیتاڵیا بەڕێکەوتبوو، بەڵام لە دوورگەی کریتی یۆنان نقوم بوو.
 
بەگوێرەی ئامارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە پێنج مانگی سەرەتای ساڵی 2023ـدا زیاتر لە 72 هەزار کۆچبەر لە رێگەی دەریای نێوەڕاستەوە خۆیان گەیاندووەتەوە کەناراوەکانی وڵاتانی ئەوروپا، لەو ژمارەیەش 6500 کۆچبەر گەیشتوونەتە یۆنان.
 
نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژە بەوەش دەکات، لە پێنج مانگی سەرەتای 2023دا نزیکەی هەزار کۆچبەر لە دەریای نێوەڕاستەوە خنکاون یان بێسەروشوێن بوون.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە