تکتی نۆ کۆچبەری کورد لە بەریتانیاوە بۆ رواندا هەڵدەوەشێندرێتەوە

14-06-2022
کاوار ساڵح
نیشانەکردن کۆچبەرانی کورد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

کاردانەوە و گۆشارەکانی سەر حکومەتی بەریتانیا لەسەر ئاستی ناوخۆی ئەو وڵاتە و نێودەوڵەتییش زیاتر دەبن بۆ هەڵوەشاندنەوەی یەکەم گەشتی دوورخستنەوەی ژمارەیەک کۆچبەری نایاسایی بۆ دووری 6,500 کیلۆمەتر و جێگیرکردنیان لە رواندا کە بڕیارە رۆژی سێشەممە 2022/06/14 بکرێت. هاوکات لەو هەوڵانەدا تکتی نۆ کۆچبەری کورد کە بڕیار بوو بنێردرێنە رواندا، هەڵوەشاوەتەوە.
 
سەرۆکی فیدارسیۆنی سەرانسەریی پەنابەرانی عێراقی-کوردستان دەڵێت: "نزیکەی 60 کۆچبەری کورد لە بەریتانیا دەستبەسەرن و تکتی بردنی نۆ کورد بۆ رواندا هەڵوەشاوەتەوە". کۆچبەرێکی کوردی دەستبەسەرکراویش لە بەریتانیا دەڵێت: "کراونەتە ژووری تاکەکەسی و بەشێکیان مانیان لە خواردن گرتووە."
 
حەسەن کەریم، یەکێکە لەو کۆچبەرانەی کە رۆژی 2022/05/17ـەوە لە ناوەندێکی دیپۆرتکردنەوەی پەنابەران نزیک فڕۆکەخانەی لەندەن دەستبەسەرە، بەشداریی بەرنامەی رێیاسۆری رادیۆی رووداوی کرد کە کاوار ساڵح پێشکێشی دەکات. ئەو پەنابەرە کە نزیکەی 22 ساڵە لە بەریتانیایە دەڵێت: "هەموویان بردراون بۆ ژووری تاکەکەسی، ئێمەیش سەرەتا بردرابووین و بەشێوەیەکی زۆر نامرۆڤانە مامەڵەیان لەگەڵ کردین."
 
ئەو کۆچبەرە کوردە گوتی: "سێ شەو و سێ رۆژ لەوێ ماینەوە و دەرگەیان لەسەر داخستین و تەنیا سەیری بانەکەمان دەکرد. ئێستا ئەوانەی بڕیارە ببرێن بۆ رواندا لەو ژوورە تاکەکسییانەن و هەیانە حەوت رۆژە لەوێ ماوەتەوە و بەشێکیان مانیان لە خواردن گرتووە."
 
لەبارەی دۆخی ئەو کۆچبەرانەی مانیان لە خواردن گرتووە حەسەن کەریم دەڵێت: "تاوەکو بڵێی دۆخیان خراپە، چەند برادەر بردراون تەنانەت شۆرتەکانیشیان پێداکەندوون و وێنەیان گیراوە بە شێوەیەک لە پشتەوە قۆڵبەست کراون و دەستیان خوێنی لێ هاتووە. تەلەفۆنیشیان نادرێتێ هەندێک جار نەبێت کە تەنیا بۆ 10 خولەکێک پێیان دەدرێت تاوەکو ئەوەی روودەدات نەچێتە دەرەوە."
 
حکومەتی بەریتانیا بڕیاری دابوو ژمارەیەک کۆچبەری کورد لە رۆژی 2022/05/31 دیپۆرتی کوردستان بکاتەوە.
 
حەسەن کەریم یەکێک لەو پەنابەرانەیە و لەبارەی بڕیاری گەڕاندنەوەیان کە راگیراوە دەڵێت: "هۆم ئۆفیس بڕیاری داوە کە ئازادم بکات، بەڵام بەڵێنی خۆی نابەتە سەر، چونکە سەرەتا گوتیان سێ رۆژی دیکە ئازاد دەکرێن، بەڵام هەر دەستبەسەرین و ئێستا پارێزەر نووسراوەکی ناردووە  دەڵێت، '5 رۆژ تاوەکو 10 رۆژی دیکە وەڵاممان دەدەنەوە'. وا دانراوە کە تاک تاک ئازادمان بکەن ئەوەیش دوای پێداچوونەوەی کەیسەکان."
 
حەسەن دەیشڵێت: "لەم هۆڵەی ئێمەدا 13 کورد بووین. کاک خالیدێک لەگەڵماندا بوو بەریاندا. لە هۆڵێکی دیکەیش کاک کاروان لەگەڵ ئەوانە بوو کە دەبردرێن بۆ رواندا، ئەویش ئازاد کراوە و خاوەنی 7 منداڵە و هاوژینی بەریتانییە."
 
ئەو کۆچبەرە ئاماژەی بەوە دا، ئەوانەی ئازاد دەکرێن ئامێری شوێنهەڵگر دەکرێتە قاچیان کە ئەوەیش بۆ ئەوان زۆر بێزارکەرە و هەموو ئازادییەکیان تێکدەدات، بەوەش هەر کاتێک ویستیان دەتوانن بیاندۆزنەوە و دەستبەسەریان بکەنەوە.
 
ژمارەیەک چالاکڤان و پارێزەری بواری مافەکانی مرۆڤ و پەنابەران روویان لە دادگەی باڵای لەندەن کردووە، دەیانەوێت لە رێگەی دادگەی تێهەڵچوونەوەوە رێ لە بڕیارەکە بگرن.
 
دەشتی جەمال، سەرۆکی فیدارسیۆنی سەرانسەریی پەنابەرانی عێراقی-کوردستان یەکێک لەو کەسانەی لەسەر ئەگەری هەڵوەشاندنەوەی یەکەم گەشتی بردنی پەنابەران بۆ رواندا دەڵێت: "هەڵوەشاندنەوەی گەشتەکەی رواندا بەستراوەتەوە بە هەنگاوەکانی داهاتووەوە. ئێستا دەرفەتێکی دیکە هەیە بۆ چاوپێخشاندنەوە بە بڕیارەی دادگەی شاهانەدا کە رۆژی هەینی لەو بارەوە داوە."
 
دەشتی جەمال باسی لەوە کرد، ئەوان لە دژی ئەو بڕیارە گەورەترین خۆپێشاندانیان کردووە و خۆپێشاندانی دیکەیش دەکەن. لە رووی یاساییشەوە لە رێگەی پارێزەری ئەو کەسانەی کە ئێستا لە گرتووخانەکانی بەریتانیا دەستبەسەرن، جارێکی دیکە کەیسەکانیان بە جیاجیا دەبەنەوە دادگە تاوەکو بتوانن تکتی ئەو کەسانە هەڵبوەشێننەوە و ببێتە دەروازەیەک بۆ هەڵوەشاندنەوەی تەواوی ئەو گەشتەی کە بڕیارە بکرێت.
 
ماوەیەکە حکومەتی بەریتانیا گۆشاری زیاتر دەخاتە سەر پەنابەرانی نایاسایی و دەستی بە هەڵمەتێکی فراونی دەستگیرکرنیان کردووە بە مەبەستی پێداچوونەوە بە کەیسەکانیان و گەڕاندنەوەیان بۆ وڵاتی خۆیان یان رواندا.
 
لەبارەی ژمارەی دەستگیرکراوی کورد دوای دەستپێکردنی ئەو هەڵمەتە، دەشتی جەمال دەڵێت: "ئێستا نزیکی 50 بۆ 60 پەنابەری کورد لە گرتووخانەکانی بەریتانیا راگیراون. ئەمانەیش دوو بەشن، بەشێکیان ئەوانەن کە لە کاتی واژۆی مانگانەی پۆلیسدا دەستبەسەر کراون دوای زیاتر لە 20 ساڵ مانەوە لە بەریتانیا ژیانیان دامەزراندووە. ئەمانە لە چوارچێوەی رێککەوتنێکی بەریتانیا و حکومەتی هەرێمی کوردستاندا بڕیار بوو رۆژی 31 مانگی ئایار دیپۆرتی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێرەوە بکرێنەوە، بەڵام خۆشبەختانە لە هەوڵێکی گەورەدا لە رێی فیدراسیۆن و هەموو ئەوانەی داکۆکییان لە کەمپینی فیدراسیۆن کرد ئەو گەشتە هەڵوەشایەوە، بەڵام ئەو کەسانە تاوەکو ئێستا هەر لە گرتووخانەدان. دووانیان ئازادکراون و دووی دیکەیش سێشەممە ئازاد دەکرێن."
 
سەرۆکی فیدارسیۆنی سەرانسەریی پەنابەرانی عێراقی-کوردستان باسی لەوە کرد، ئەوانەی دیکەیش پارێزەریان بۆ گیراوە و هیوادارن ئەوانیش ئازاد بکرێن.
 
دەشتی جەمال ئەەوی خستەڕوو کە بەشی دووەمی کۆچبەران ئەو کەسانەن کە دوای ئەوەی بە چووپ لە کەناڵی ئینگلیز پەڕیونەتەوە بۆ بەریتانیا، بەشێکیان گیراون و کراونەتەوە گرتووخانەکان و بەشێکیشیان بردراون بۆ هۆتێلەکان. لەو ژمارەیە ئێستا زیاتر لە 36 پەنابەری کوردی هەرێمی کوردستان لەوێ دەستبەسەرن و مەترسیی ناردنیان بۆ رواندا لەسەرە.
 
سەرۆکی ئەو فیدراسیۆنە گوتی: "پارێزەرمان بۆ ئەوانە گرتووە و تاوەکو ئێستا تکتی نۆ کەس لەوانە بۆ رواندا هەڵوەشاوەتەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا لە گرتووخانەیەکی نزیک فڕۆکەخانەی لەندەن دەستبەسەرن. بێگۆمان دەبێت ئازاد بکرێن و جێگەیشیان پێ بدرێت، چونکە دادگە بڕیاری ئازادکرنیانی داوە و هیوادارین لە رێی بردنی کەیسی ئەوانی دیکەیش بۆ دادگە بتوانین تکتی ئەوانیش هەڵبوەشێنینەوە."
   
لەبارەی ئەوەی کە ئەگەر یەکێک لەو کۆچبەرانەی بڕیاری بردنیان بۆ رواندا لەسەر دراوە، بیەوێت لە جیاتی ئەفریقیا بگەڕێتە وڵاتی خۆی، سەرۆکی فیدارسیۆنی سەرانسەری پەنابەرانی عێراقی-کوردستان دەڵێت: "لەو نامانەی کە بۆیان چووە دوو بژارە خراونەتە بەردەمیان: یان رازیبن بە شێوەی خۆبەخش بگەڕێنەوە وڵاتی خۆیان یان ئەوەتا بچن بۆ رواندا، چونکە بەپێی یاسا نوێیەکە هیچ شتێک وەک پەنابەر نایانگرێتەوە."
 
دەشتی جەمال گوتی: "بەداخەوە هیچ بژارەیەکی دیکە لەلایەن حکومەتی بەریتانیا نەخراوەتەوە بەردەم ئەو پەنابەرانە کە مافیان هەیە پارێزەریان هەبێت. مافی خۆیانە هەموو شتێکیان بۆ وەربگیردرێت بۆ هەر بەڵگەیەک کە پێیاندەدرێت، چونکە ئەمانە کە هاتوون داوای پەنابەریان کردووە کە لە چوارچێوەی پێوانە نێودەوڵەتییەکان و بڕیار و یاساکانی مافی مرۆڤ و پەنابەران مافی خۆیان بووە، بەڵام هیچ لەمانە لە بەرچاو نەگیراون و راستەوخۆ بردراون بۆ نێو گرتووخانەکان و زۆر لەوانە نازانن کە مافەکانیان چییە و وەرگێڕیشیان نییە، بۆیە ئێمە بەردەوام لەگەڵیاندا قسە دەکەین و یاساکانیان دەخەینە روو و پارێزەر و رێکخراوی پەیوەندیداریشمان خستووەتە بەردەمیان تاوەکو هاوکاری بکرێت لەوەی کە تێبگەن ئەوان چ مافێکیان هەیە."
 
چالاکڤانانی مافی مرۆڤ و پەنابەران رێککەوتنی بەریتانیا و رواندا بە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ دەبینن و ئاماژە بەوە دەکەن کە گەرەنتیی ئەوەش ناکرێت رواندا وڵاتێکی سەلامەت بێت بۆ پەنابەران.
 
سەرۆکی فیدارسیۆنی سەرانسەری پەنابەرانی عێراقی-کوردستان لەو بارەوە گوتی: "ئێستا و لە چەند رۆژی رابردوودا ژمارەیەکی زۆری رێکخراوەکانی داکوکیکار لە مافی پەنابەران، یەکێتییە کرێکارییە خۆبەخشەکان، هەڵسووڕاوانی داکۆکی لە مافی مرۆڤ و رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانیش هاتوونەتە سەر هێڵ و هەینیی رابردوو لەبەردەم دادگا راپۆرتێکی باشی خستووەتەڕوو بەوەی کە پێشتر لەلایەن وەزارەتی ناوخۆوە داوایان لێکراوە چرای سەوزیان بۆ هەڵبکرێت بۆ ئەم بڕیارەی کە داویانە، بەڵام ئەوان دەڵێن نا و ئەمە پێچەوانەی رێکەوتنە نێودەوڵەتییەکانی مافی پەنابەرانە."
 
ئەو رێکخراوانە و نەتەوە یەکگرتووەکانیش رەخنەی تووندیان گرتووە لەوەی کە رواندا لە ماوەکانی رابردوو ناوەندێک بووە بۆ جینۆساید و جێگەیەکە کە مافی مرۆڤ تێیدا پێشێل دەکرێت، جێگەیەکە تاوەکە ئێستا لەسەر ئازادییەکان خەڵکی ئەشکەنجە دەدرێن، دەکوژرێن و بازرگانی بە مرۆڤەوە تێدا دەکرێت کە بە هیچ جۆرێک ئامادەییەکی تێدا نییە تاوەکو خەڵک بنێردرێ بۆ ئەوێ و بگرە ئەگەر دەرگای کۆمەڵگەی رواندا بکەیتەوە خودی خەڵکەکەی خۆی تێیدا نامێنێت.
 
ئەو رێکخراونە باسیان لەوەیش کردووە، چۆن ئێستا خەڵکێک کە خۆیان قوربانیی شەڕ و نائارامین دەنێردرێنە نێو کۆمەڵگەیەک کە خودی خەڵکەکەی خۆی بە دەست نائارامی، ئەشکەنجە و سەرکوتکردنی ئازادییەوە دەناڵێنن؟ 
 
ئەم راپۆرتەی نەتەوەیەکگرتووەکانیش هاوکارە لەگەڵ ئەو هەموو هەوڵانەی رێکخراوەکانی دیکە تاوەکو بگەنە سەرکەوتن و دەشتی جەمال دەڵێت: "کاژێرەکانی داهاتوویش سەنگی مەحکن بۆ شکستپێهێنانی ئەو سیاسەتە نەژادپەرستییە."
 
رۆژی هەینی دادوەرێک لە بەریتانیا رێگەی بۆ بڕیارێکی حکومەتی ئەو وڵاتە خۆش کرد بۆ ئەوەی ئەو پەنابەرانەی لە دوای 1ـی کانوونی دووەمی ئەمساڵەوە گەیشتوونەتە بەریتانیا بۆ رواندا بنێردرێن.
 
هۆتێلێک لە کیگالی پایتەختی رواندا کە لە 2014دا بۆ ئەو کەسانە دروستکراوە کە دایک و باوکیان لە جینۆسایدی 1994دا کوژران، بۆ پەنابەرەکانی بەریتانیا رازێندراوەتەوە.
  
رێكخستنی ئەو کەمپە بەپێی رێککەوتنی نێوان حکومەتی بەریتانیا و رواندایە؛ مانگی نیسانی ئەمساڵ واژۆ کراوە.
 
لەندەن سەرووی 150 ملیۆن دۆلار دەداتە رواندا تاوەکو پێشوازی لەو پەنابەرانە بکات کە بەریتانیا بە "نایاسایی و نەخوازراو" ناویان دەبات و لە خاکەکەی دووریان دەخاتەوە.
  
خەرجیی مانەوە و خواردنی یەک پەنابەر لە 24 کاژێردا نزیکەی حەوت دۆلارە؛ پەنابەر مافی خوێندنیشی هەیە.
 
وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا رایگەیاندووە، لە سێشەممە 2022/06/14 یەکەم کاروانی پەنابەرەکان رەوانەی رواندا دەکرێن، پرۆسەکەیش بەردەوام دەبێت و ساڵانە 300 پەناخواز دەنێرن. 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ساڵانە لە 10ی موحەڕەم زیارەتکارێکی زۆری شیعەمەزهەب لە سەرتاسەری جیهان سەردانی عێراق دەکەن و لە نەجەف و کەربەلا کۆدەبنەوە، ژمارەی زیارەتکارانی ئێرانی و پاکستانی پشکی شێریان بەردەکەوێت.

دەرفەتی کار لە عێراق بۆ پاکستانییەکان زیاتر دەبێت

بەغدا و ئیسلام ئاباد بەنیازن یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتن واژۆ بکەن و رێکبکەون لەمەودوا دەرفەتی کاری زیاتر بۆ پاکستانییەکان لە عێراق بڕەخسێندرێت، ئەمەش وادەکات هاووڵاتییانی پاکستانی بە نایاسایی لە وڵاتەکە نەمێننەوە.