کۆشکی سپی: بایدن لەگەڵ سەرکردەکانی عێراق و سعودیە کۆدەبێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
کۆشکی سپی رایدەگەیێنێت لە ماوەی مانگی داهاتوودا، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لە سەردانەکەیدا بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لەگەڵ سەرکردەکانی هەریەکە لە سعودیە و عێراق کۆدەبێتەوە.
رۆژی دووشەممە 13ـی حوزەیرانی 2022، کارین ژان پیێر، گوتەبێژی کۆشکی سپی لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، جۆ بایدن لە چوارچێوەی سەردانەکەیدا سەردانی سعودیە و ئیسرائیل دەکات. بەبێ ئەوەی ئاماژە بە کاتی دیاریکراوی سەردانەکەی بکات. گوتیشی، هەرکاتێک جۆ بایدن ئامادە بێت بۆ راگەیاندنی سەردانەکەی، ئەوانیش لە کۆشکی سپی کات و ئەجێندای سەردانەکەی بۆ رای گشتی بڵاودەکەنەوە.
هاوکات، بەرپرسێکی کۆشکی سپی رایگەیاندووە، لە سەردانەکەیدا، بایدن لەگەڵ سەرکردەی وڵاتانی ئەنجوومەنی هاوئاهەنگیی کەنداو کۆدەبێتەوە کە لە هەریەکە بەحرەین، کوەیت، عومان، قەتەر، سعودیە و ئیمارات پێکدێت. گوتیشی کە لە کاتی سەردانەکەیدا لەگەڵ سەرکردەکانی عێراق، ئوردن و میسریش کۆدەبێتەوە.
بەگوێرەی میدیای ئەمریکی، سەردانەکەی بایدن بۆ کەنداو دوو رۆژ دەخایێنێت و بە دیاریکراوی لە 15 و 16ـی مانگی تەمووز دەبێت. هاوکات، چاوەڕوان دەکرێت ئەمڕۆ سێشەممە وادەی سەردانەکەی بەشێوەیەکی فەرمی لەلایەن کۆشکی سپییەوە رابگەیێندرێت.
بەگوێرەی میدیای ئەمریکی، لە رۆژی یەکەمی سەردانەکەیدا، بایدن لەگەڵ محەممەد بن سەلمان، جێنشینی سعودیە کۆدەبێتەوە، ئەوەش لەکاتێکدایە کە پێشتر هەواڵگریی ئەمریکا محەممەد بن سەلمانی بە کوشتنی رۆژنامەنووس جەمال خاشوقچی تۆمەتبار دەکرد کە ساڵی 2018 لە نێو کۆنسوڵخانەی سعودیە لە ئیستەنبووڵ کوژرا. هاوکات، بۆ رۆژی دووەم، چاوەڕوان دەکرێت بایدن لەگەڵ سەرکردەی وڵاتانی ئەنجوومەنی هاوئاهەنگیی کەنداو کۆبێتەوە.
چاوەڕوان دەکرێت کۆبوونەوەی نێوان بایدن و بن سەلمان پەیوەندیی نێوان هەردوو وڵات لەڕووی بازرگانیی سووتەمەنییەوە بەرەوپێشەوە ببات و یارمەتی بەکاربەرانی بەنزین لە ئەمریکا بدات کە بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی و بەنزین تەنگی پێهەڵچنیون.