لە ویلایەتێکی ئەمریکا ڤاکسین لە خۆت بدە و جگەرەیەکی ماریوانا وەربگرە

رووداو دیجیتاڵ
 
لە ویلایەتی واشنتنی ئەمریکا، هەر کەسێك ڤاکسینی کۆرۆنا وەربگرێت، جگەرەیەکی ماریوانای بەبێ بەرامبەر دەدرێتێ.
 
ئەوە نوێترین دەستپێشخەری ئەنجوومەنی بەڕێوەبردنی ویلایەتەکەیە، کە دەکەوێتە ئەوپەڕی رۆژئاوای ئەمریکا و تێیدا هەوڵدەدرێت هانی خەڵکی بدەن ڤاکسینی کۆرۆنا وەرگرن.
 
ژمارەی دانیشتووانی ویلایەتی واشنتن نزیکەی 8 ملیۆن کەسە و تاوەکو ئێستا نزیکەی 4.5 ملیۆن کەس لانیکەم قورچکی یەکەمی ڤاکسینیان وەرگرتووە و نزیکەی 3.9 ملیۆن کەسیش هەردوو قورچکیان وەرگرتووە.
 
ئەنجوومەنی بەڕێوەبردنی ویلایەتی واشنتن دەستپێشخەری پێدانی یەک جگەرەی ماریوانای کردووە بۆ هەرکەسێک بیەوێت بیکێشێت لە بەرامبەر وەرگرتنی ڤاکسینی کۆرۆنا.
 
لە کۆی 50 ویلایەتی ئەمریکا، کێشانی جگەرەی ماریوانا لە 13 ویلایەت بە یاسایی رێگەی پێدراوە.
 
پێدانی جگەرەی ماریوانا بەشێکە لە کۆمەڵێک خەڵاتی دیکەی ویلایەتی واشنتن، کە دەیداتە وەرگرانی ڤاکسین وەک پێدانی بلیتی تەماشاکردنی سێ یاری وەرزشی، پێدانی بلیتی یانەسیبی یەک ملیۆن دۆلاری و دوایینیان رێککەوتن لەگەڵ ژمارەیەک باڕ  و رێستورانت بۆ پێدانی خواردنەوە کحولییەکان بەبێ بەرامبەر بۆ ئەوانەی، کە ڤاکسینیان وەرگرتووە.