تەقەکەرەکەی نیوزلاند: تاوانبار نیم

14-06-2019
رووداو @Rudawkurdish
نیشانەکردن نیوزلاند
A+ A-

رووداو - هەولێر 

ئەنجامدەری سەرەکی هێرشەکەی مانگی ئاداری رابردووی سەر مزگەوتەکانی شاری کریسچێرچی نیوزلاند، کە بووەهۆی کوژرانی 51 کەس، لە دادگا رایگەیاند تاوانبار نییە.

ئەمڕۆ هەینی 14-6-2019 لە شاری کریسچێرچ، دادگاییکردنی برینتۆن تارانتی تەمەن 28 ساڵ کە خەڵکی ئوسترالیایە، بەڕێوەچوو. تارانت چەندین تۆمەتی رووبەڕووکراوەتەوە، لەوانە 40 هەوڵی کوشتن و یەک تۆمەتی ئەنجامدانی کاری تیرۆریستی. 

تارانت خۆی ئامادەی دادگاییکردنەکە نەبوو لە کریسچێرچ، لە رێگەی ڤیدیۆیە لە زیندانی شاری ئاوکلاندی نیوزلاندەوە بەشداریکرد.

لە دانیشتنە نیو کاژێرییەکەدا، تارانت هیچ قسەیەکی نەکرد، راستەوخۆ تەماشای ئەو کامێرایەی دەکرد کە بۆی دانرابوو، یەکجار بە سەرلەقاندن ئاماژە بەوەکرد کە گوێی لە گوتەکانی دادوەرەکەیە، هەندێکجاریش زەردەخەنەی دەکرد.

لە دادگاکەدا، پارێزەرەکەی تارانت ئامادەبوو و لەجێی ئەو قسەی کرد رایگەیاند، تارانت گوتویەتی "تاوانبار نیم"، لەو کاتەی پارێزەرەکە ئەو قسانەی دەکرد، تارانت خەندەیەکی کردووە و چاوی لە کامێراکە داگرتووە.

برینتۆن تارانت بڕوای بە باڵابوونی سپیپێست هەیە، گومانلێکراوە کە بەتەنیا لە 15ی ئاداری رابردوودا هێرشەکەی ئەنجامداوە بۆسەر هەردوو مزگەوتی ئەلنوور و لینوود لە شاری کریسچێرچ لە نیوزلاند، لە کاتی نوێژی هەینیدا. 

دوای هێرشەکە، حکومەتی نیوزلاند یاسای چەکی لە وڵاتەکە تووندترکرد، هەروەها رایگەیاند بەو یاسایانەدا دەچێتەوە کە پەیوەندییان بە گوتاری رقەوە هەیە.

پێشتر دادگا داوایکردبوو کە پشکنینی دەروونی بۆ تارانت بکرێت بۆ ئەوەی دەربکەوێت کە باری دەروونی جێگیرە یان نا، ئەنجامی پشکنینەکە دەریخست تۆمەتبارەکە لەبارێکی دەروونی شیاودایە بۆ ئەوەی دادگای بکرێ.



کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە