لە ئەڵمانیا سەرکردەیەکی داعش داوا دەکات نەنێردرێتەوە عێراق و داواکەی رەتدەکرێتەوە

14-05-2024
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

دادگەی کارگێڕیی ناوچەی دۆسڵدۆرفی ئەڵمانیا داواکاریی سەرکردەیەکی پێشووی داعش رەتکردەوە، کە داوای کردبوو نەیگەڕێننەوە بۆ عێراق.
 
ئەبو وەلا عێراقی، ناسناوی ئەو سەرکردیەی پێشووی داعشە دادگە لەسەر داوای ئاسایشی نیشتمانی ئەو وڵاتە بڕیاری دابوو بگەڕێندرێتەوە عێراق.
 
پێشتر دادگەی باڵای شاری سێڵی ئەڵمانیا بڕیاری 10 ساڵ و نیو زیندانیکردنی بۆ ئەبو وەلا دەرکردبوو،، دادگەی کارگێڕیی دۆسڵدۆرفیش لە وردەکاریی بڕیارەکەی ئاماژەی بۆ ئەوەکردبوو دەرکردنی ئەو داعشە عێراقییە یاساییە. 
 
دادگەکەی ئەڵمانیا باسی لەوەش کردبوو، هیچ دژایەتییەکیان لەگەڵ ئەو بڕیارە نییە، کە تێیدا بەکارهێنانی مۆبایل و هۆکارەکانی دیکەی پەیوەندیی ئەلیکترۆنی لە ئەبو وەلا عێراقی قەدەخە کردووە.
 
دادگەکە دەڵێت: "سەرباری بڕیاری رەوانەکردنەوەی ئەبو وەلا بۆ عێراق و قەدەخەکردنی تاهەتایی هاتنی بۆ ئەڵمانیا، هێشتا ژمارەیەک رێگریی دێنە پێش، لەوانەش حەوت منداڵەکەی، کە رێگرن لە بەردەم رەوانەکردنەوەی بۆ عێراق."
 
هێشتا داواکاری گشتیی ئەو وڵاتەش رەزامەندیی لەسەر راگرتنی سزای زیندانیکردنی ئەو سەرکردەیەی پێشووی داعش نیشاننەداوە. لە دۆخی ئاساییدا پێویست دەکات ئەو عێراقییە تاوەکو ساڵی 2027 لە زیندان بمێنێتەوە.
 
ئەبو وەلا یەکێکە لە سەرکردەکانی پێشووی داعش، داوای مافی پەنابەرێتی لە ئەڵمانیا کردبوو، گوایە مەترسیی لەسەر ژیانی هەیە، ئەگەر بیگەڕێننەوە عێراق لەسێدارە دەدرێت، بۆیە پێویستە دڵنیاییەکی بۆ وەربگیرێت لە لەسێدارەدان بەدەر بکرێت.
 
لەنێو داواکارییەکانی ئەو داعشە عێراقییە دادگە تەنیا رەزامەندی لەسەر دواخستنی ناردنەوەی بۆ عێراق داوە و لەسەر خواستی خۆی، تاوەکو ئەو کاتەی تاوتوێی بابەتە سەرەکییەکە دەکرێت کە ئەبو وەلا و سێ کەسی دیکە تێیدا تۆمەتبارن و سێ ساڵ و نیوە بەردەوامە.
 
دادگە دەڵێت ئەو چوار کەسە لە ویلایەتی سەکسۆنیا گەنجانیان بۆ بیری تووندئاژۆیی هانداوە و گەنجانیان بۆ سووریا و عێراق بۆ شەڕکردن لە ریزەکانی رێکخراوی داعش ناردووە.
 
ئەبو وەلا عێراقی لە مزگەوتی کۆمەڵەی بازنەی ئیسلامیی لە شاری هیلدسهایم کە ئێستا قەدەخەکراوە، پێشنوێژیی کردووە.
 
جگە لەو عێراقییە، کەسێکی دیکەی ئەڵمانی بە رەچەڵەک سڕبی تۆمەتبارە لەو کەیسەدا کە ماڵەکەی وەکو سەنەتەرێکی نوێژکردن بەکارهێناوە و بۆ ماوەیەک ئەنیس عومەریی تونسی ئەو کەسەی لە مانگی کانوونی یەکەمی ساڵی 2016 بە بارهەڵگرێکدا خۆی بە کۆمەڵێک کەسدا لەنێو بازاڕێکی جەژنی کرێسمسدا کرد و 12 کەسی کوشت و دەیانی دیکەی بریندارکرد.
 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

پلاسخارت و جێگرەوەکەی.

جێگرەوەی پلاسخارت دیاریکرا

رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، محەممەد ئەلحەسان، نوێنەری عومان لە نەتەوە یەکگرتووەکان، بە نوێنەری نوێی یونامی لە عێراق دەستنیشان کرا و شوێنی جێنین هێنیس پلاسخارت، دەگرێتەوە.