ئەمریکا: دەبێت ئەو پێکهاتانەی سووریا بپارێزرێن کە رووبەڕووی مەترسی بوونەتەوە
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە رووداوی راگەیاند، داوا لە هەموو لایەنەکانی نێو سووریا دەکەن بە شێوەیەک کار بکەن کە ببێتە هۆی بەرەوپێشچوونی پێکەوەژیانی ئاشتییانە.
رۆژی سێشەممە 14ی ئایاری 2024 ڤێدانت پاتێل، جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە واشنتن بە دیار کوردە، بەرپرسی نووسینگەی رووداوی راگەیاند، "پێمان وایە دەبێت رێز لە مافی هەموو سووریاییەکان بگیرێت. داوا دەکەین ئەو رێزگرتنە لە مافی سووریاییەکان وەکو لە یاسا نێودەوڵەتییەکان باسکراوە جێبەجێ بکرێت. داوا دەکەین بەگوێرەی یاسا بپارێزرێن و ئەو پێکهاتانەشی رووبەڕووی مەترسی بوونەتەوە بپارێزرێن."
پاتێل داوای لە هەموو لایەنەکانی سووریا کرد بەیەکەوە کار بکەن و گوتیشی، "داوا لە هەموو لایەنەکان دەکەین بە شێوەیەک کار بکەن کە ببێتە هۆی زیاتر بەرەوپێشبردنی پێکەوەژیانی ئاشتییانە و رێزگرتنی مافەکانی مرۆڤ زیاتر دەکات."
بە گوتەی پاتێل، ئەمریکا بەردەوام دەبێت لەوەی تیشک بخاتە سەر پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە سووریا و گوتی، "بەردەوام دەبین لەوەی تیشک بخەینە سەر پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ و دەستدرێژیکردنەکان لە تەواوی سووریا، دەمانەوێت ئاستی لێپرسینەوە بۆ ئەوەی کە بەرپرسیارن زیاتر بکرێت."
ئەمڕۆ سێشەممە، سەنتەری یاسا و سەنتەری ئاگربەست راپۆرتێکیان بۆ کۆمیسیۆنی لێکۆڵینەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان لەبارەی سووریا نارد.
لە راپۆرتەکەدا باس لە پێشێلکارییەکان بەرامبەر بە دانیشتووانی عەفرین کراوە و تێیدا تیشک خراوەتە سەر بڕینەوەی داری زەیتوون و سووتاندنی کێڵگەکان، دروستکردنی کۆمەڵگەی نێشتەجێبوونی نایاسایی، گۆڕانی دیمۆگرافیا و شێواندنی میراتی کولتووری و پێشێلکاری بەرامبەر خانوو و موڵکی خەڵک.
شەش ساڵ لەمەوپێش نزیکەی 97%ی دانیشتووانی هەرێمی عەفرین لە رۆژئاوای کوردستان کورد بوون، بەڵام لە شەش ساڵی رابردوودا ژمارەکە لە کەمبوونەوەی بەردەوامدا بووە.
هیومەن رایتس وۆچ لە راپۆرتێکدا کە لە شوباتی ئەم ساڵ بڵاویکردەوە، هۆشداری لەبارەی دۆخی عەفرین داوە و دەڵێت، "سەدان هەزار دانیشتووی باکووری رۆژهەڵاتی سووریا ماڵ و موڵکیان لەلایەن چەکدارانی سوپای نیشتمانییەوە دەستی بەسەردا گیراوە."
هیومەن رایتس وۆچ هۆشداریشی داوە لەوەی، دوای هەڵاتنی خەڵکی هەرێمی عەفرین بەهۆی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەی ساڵی 2018 و چوونە دەرەوەی خەڵک لەو شارە لە ساڵانی دواتردا "تورکیا بەشێوەیەکی خێرا خێزانە عەرەبەکانی لە غوتەی رۆژهەڵاتەوە گواستەوە بۆ نێو خانووی ئەو خێزانە کوردانەی عەفرینیان چۆڵکردبوو. ئەوەش نموونەیەکی روون بوو لەو هەڵمەتی گۆڕینی دیموگرافیەی ناوچەکە کە تورکیا ئەنجامی دەدات بە مەبەستی لاوازکردنی پێگەی کورد لە عەفرین."
لە سەرەتای ساڵی 2018 تورکیا و هێزە نزیکەکانی لە ئۆپەراسیۆنی ناولێنراو بە چڵە زەیتوون لەلایەن ئەنقەرەوە، دەستیان بەسەر هەرێمی عەفرین لە رۆژئاوای کوردستاندا گرت.
دەقی پرسیارەکانی رووداو و وەڵامەکانی ڤێدانت پاتێل، جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا:
رووداو: زۆر سوپاس ڤێدانت، پرسیارەکەم ئەمڕۆ کەمێک درێژ دەبێت، چونکە دەمەوێت وێنەیەکی روون لەسەر دۆخی ئەو ناوچەیە بدەم کە پرسیاری لەبارەوە دەکەم، پرسیارەکەم لەسەر رۆژئاوایە، باکووری رۆژهەڵاتی سووریا. دوای چەند ساڵ لە داگیرکاری، عەفرین لەلایەن تورکیا و گرووپە چەکدارەکانی پشتیوانلێکراو لەلایەن تورکیا، سوپای نیشتمانیی سووریا، دۆخی مرۆیی لە عەفرین زۆر خراپتربووە، راپۆرتێک کە ئەمڕۆ لەلایەن سەنتەری کوردی یاسا و سەنتەری ئاگربەست بڵاوکراوەتەوەو نێردراوە بۆ کۆمسیۆنی لێکۆڵینەوەی نەتەوەیەکگرتووەکان لەبارەی سووریا. راپۆرتەکە دەڵێت، بڕینەوەی داری زەیتوون و سووتاندنی کێڵگەکان، دروستکردنی کۆمەڵگەی نیشتەجێبوونی نایاسایی، گۆڕانی دیمۆگرافیا و شێواندنی میراتی کولتوری و هەروەها پێشێلکاری بەرامبەر بە خانوو و موڵکی خەڵک بەردەوامن، بێجگە لەمەش، هێشتا خەڵکێکی زۆری عەفرین بەتایبەتیش کوردی ئەو شارە بەهۆی هەڕەشەی تووندووتیژییەکان لە ترسێکی بەردەوامدا دەژین. پرسیارەکەم ئەوەیە، کاردانەوەی وەزارەتی دەرەوە بۆ ئەم پێشێلکاریانە و گۆڕانی دیمۆگرافیا چییە؟ وەزارەتی دەرەوە چ هەنگاوێکی ناوە بۆئەوەی ئەو گرووپانەی بەرپرسن لەو پێشێلکارییانە رووبەڕووی بەرپرسیارێتی بکاتەوە؟
جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا: ئێمە پێمان وایە کە دەبێت مافی هەموو سوورییەکان رێزی لێبگیرێت، هەروەها ئێمە داوا دەکەین ئەو رێزگرتنە لە مافی سوورییەکان وەکو لە یاسا نێودەوڵەتییەکان باسکراوە جێبەجێ بکرێت، هەروەها داوا دەکەین بەگوێرەی یاسا سوورییەکان بپارێزرێن و ئەو پێکهاتانەشی کە رووبەڕووی مەترسی بوونەتەوە بپارێزرێن. ئێمە هەروەها داوا لە هەموو لایەنەکان دەکەین بەشێوەیەک کار بکەن کە دەبێتە هۆی زیاتر بەرەوپێشبردنی پێکەوەژیانی ئاشتیانە و رێزگرتنی مافەکانی مرۆڤ زیاتر دەکات. ئێمە بەردەوام دەبین لەوەی کە تیشک بخەینە سەر پێشێلکارییەکانی مافەکانی مرۆڤ و دەستدرێژیکردنەکان لەتەواوی سووریا، ئێمە هەروەها دەمانەوێت ئاستی لێپرسینەوە بۆ ئەوەی کە بەرپرسیارن زیاتر بکرێت.
رووداو: ئێوە لەسەر ئەم پرسە قسەتان لەگەڵ هاوبەشە تورکەکان کردووە؟
جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا: هاوبەشەکانمان لە تورکیا هاوپەیمانێکی گرنگی ئەندام لە رێکخراوی ناتۆن، ئێمە بەردەوام لەسەر پرسە جیاوازەکان گفتوگۆیان لەگەڵدا دەکەین.
رووداو: لەسەر ئەم کێشەیەش قسەتان کردووە؟
جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا: من زیاتر لەوە وردەکاری باس ناکەم لەسەر ئەو پرسە.