رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی ئیتاڵیا وڵاتینامەی شانازیی بە عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە بەخشی و وڵاتینامەکە لەلایەن عومەر ئۆجەلان، پەرلەمانتاری دەم پارتی و برازای ئۆجەلان وەرگیرا.
لە رێوڕەسمێکدا کە ئەمڕۆ دووشەممە، 14-4-2025، لە شاری بۆڵۆنیای ئیتاڵیا بەڕێوەچوو، حکومەتی ئیتاڵیا وڵاتینامەی شانازیی تایبەت بە عەبدوڵڵا ئۆجەلانی بەخشییە عومەر ئۆجەلان.
عومەر ئۆجەلان لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکسدا گرتەی ڤیدیۆیی ساتی وەرگرتنی وڵاتینامەکەی بڵاوکردەوە و نووسیویەتی:"ئەمڕۆ لە شاری بۆڵۆنیای ئیتاڵیا شەرەفی وەرگرتنی وڵاتینامەی شانازی بە بەڕێز عەبدوڵڵا ئۆجەلانمان پێ بەخشرا، کە جێی شانازییە".
عومەر ئۆجەلان هەروەها بەناوی عەبدوڵڵا ئۆجەلان و گەلی کوردەوە سوپاسی ئیتاڵیا دەکات و دەڵێت: "هیوادارین ئەم خەڵاتە ببێتە هۆکار بۆ ئاشتی، دیموکراسی و ئازادی".
دوای ئەوەی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە رۆژی 1-10-2024 لە پەرلەمانی تورکیادا چووە لای فراکسیۆنی دەم پارتی و تەوقەی لەگەڵدا کردن، پرۆسەیەکی نوێی ئاشتی دەستیپێکرا.
دواتر باخچەلی بانگەوازی کرد ئۆجەلان لە پەرلەمانی تورکیا و لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی دەم پارتیدا گوتارێک پێشکێش بکات و داوا لە پەکەکە بکات، چەک دابنێن.
دەم پارتی بە هاوئاهەنگی لەگەڵ حکومەت شاندێکی پێکهێنا کە تاوەکو ئێستا سێ جار سەردانی ئیمراڵییان کردووە و لەگەڵ زۆربەی پارتەکانی نێو پەرلەمانی تورکیادا کۆبوونەتەوە. ئەمە جگە لەوەی سەردانی هەرێمی کوردستانیان کرد و لەگەڵ بەرپرسانی باڵا کۆبوونەوە.
رۆژی 27-2-2025 شاندەکەی دەم پارتی کە بە شاندی ئیمراڵیش دەناسرێن، بانگەوازی ئۆجەلانیان خوێندەوە. ئۆجەلان لە بانگەوازەکەدا داوای لە پەکەکە کرد کۆنگرە ببەستێت و خۆی هەڵبوەشێنێتەوە و چەک دابنێت.
پەکەکە بەو کۆنگرەیە رازییە بە مەرجێک ئۆجەلان خۆی سەرۆکایەتیی بکات.
عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) رۆژی 15ی شوباتی 1999 لە ئۆپەراسیۆنێکی دەزگای هەواڵگریی نیشتمانیی تورکیا (MIT) لە کینیا دەستگیرکرا و گەڕێندرایەوە تورکیا.
دوای دادگاییکردن، رۆژی 29ی حوزەیرانی 1999 فەرمانی لەسێدارەدانی بۆ دەرچوو، بەڵام بەهۆی نەهێشتنی سزای لە سێدارەدان لە تورکیا، حوکمەکەی گۆڕدرا بۆ زیندانی تاهەتایی، لەوکاتەوە ئۆجەلان لە گرتووخانەی دوورگەی ئیمراڵییە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ