دوو بەربژێری سەرکەوتووی هەڵبژاردنەکانی فینلاند: رووداو لە سەرکەوتنی بەربژێرانی کورد کاریگەریی هەبووە

14-04-2025
پەیمان محەممەد
موهیس عەزیزی و شەیدا سۆهرابی
موهیس عەزیزی و شەیدا سۆهرابی
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

دوو بەربژێری سەرکەوتووی هەڵبژاردنە نێوخۆییەکانی فینلاند باس لە کاریگەریی رووماڵی تۆڕی میدیایی رووداو لە سەرکەوتنی بەربژێرانی کورد دەکەن. یەکێکیان دەڵێت، "ئێستا کاتی ئەوەیە لەم وڵاتەدا گوێ لە کورد بگیرێت."
 
بۆ هەڵبژاردنە نێوخۆییەکانی فینلاند کە رۆژی یەکشەممە 13-04-2025 بەڕێوەچوون و ستافێکی رووداو رووماڵێکی تایبەتی کرد، 37 بەربژێری کورد هەبوون. بەگوێرەی ئەنجامە بەراییەکان، 9 بەربژێری کورد وەکو ئەندامی ئەنجوومەنی شارەوانییەکان و ئەندامی ئەنجوومەنی خۆشبژێوی هەڵبژێردران.
 
هەریەکە لە موهیس عەزیزی و شەیدا سۆهرابی، بەربژێرانی سەرکەوتوو لەکاتی بەشداریکردن لە بووڵتەنی کاژێر 11:00ی تۆڕی میدیایی رووداو کە سیما ئابخێزر پێشکێشی کرد، رایانگەیاند، "رووماڵی تۆڕی میدیایی رووداو بۆ هەڵبژاردنەکان کاریگەرییەکی زۆری لەسەر هۆشیارکردنەوەی هاونیشتمانییان بۆ دەنگدان و سەرکەوتنی بەربژێرانی کورد هەبوو."
 
شەیدا سۆهرابی، بەربژێری پارتی هاوپەیمانیی نیشتمانی گوتی، "ئەو بەربژێرە کوردانەی سەرکەوتنیان بەدەستهێنا، توانیان دەنگ لە شوێنە جیاوازەکانیش بەدەستبهێنن، واتە جگە لە کورد، کەسانی دیکەش دەنگیان پێداوین."
 
زیاتر لە 18 هەزار کورد لە فینلاند دەژین.
 
"کاتی ئەوە هاتووە گوێ لە کورد بگرن"
 
وەک موهیس عەزیزی گوتی، ژمارەی بیانییەکان لە فینلاند بەتایبەتی کورد، پێچەوانەی ژمارەی فینلاندییەکان روو لە زیادبوونە و نموونەی ئەوەی هێنایەوە کە "ساڵی رابردوو چوار هەزار و 200 کەس لە دەرەوە و نێو فینلاندەوە هاتوونەتە شاری تورکۆ کە 73%یان بیانی بوون."
 
ئەو بەربژێرە سەرکەوتووەی هاوپەیمانیی نیشتمانی دەڵێت، کورد لە فینلاند زۆرە و "گرنگە ئەو گەنجانەی ئێمە کە بڕوانامەیان هەیە و خوێندنیان تەواو کردووە، بتوانن خۆیان لە ئاستێکی بەرزدا بۆ بنیاتنانی شارەکان ببیننەوە."
 
موهیس عەزیزی باسی لەوەش کرد، بە سەرۆکوەزیرانی فینلاندی گوتووە، "ئێستا جێی پەنجەی کورد لە وڵاتەکە زۆر دیارە و هەربۆیە کاتی ئەوە هاتووە گوێ لە کورد بگیرێت."
 
لە هەڵبژاردنەکەدا لە کۆی 37 بەربژێری کورد 22یان پیاو بوون و 15یان ژن.
 
لەڕووی پارچەکانی کوردستانیشەوە، 15 کەس لە رۆژهەڵاتی کوردستان، 14 کەس لە باکوور، 6 کەس لە باشوور و 2 کەس لە رۆژئاوای کوردستانەوە چووبوون. تەنیا لە شاری تورکو 9 کورد بەربژێر بوون.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

  عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران قسەی بۆ میدیای فەرمیی وڵاتەکەی کرد.

چوارشەممە شاندی تەکنیکی ئێران و ئەمریکا لە عومان کۆدەبنەوە

وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێت، بە هۆشیارییەوە دانوستاندن لەگەڵ لایەنی ئەمریکیدا دەکەن؛ ئاماژە بەوەش دەکات، هەفتەی داهاتوو زیاتر بەرچاویان لەبارەی ئەنجامی دانوستاندنەکە روون دەبێت.