رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئەمریکا هێرشێکی مووشەکی بۆسەر ئۆکراینا بە "زۆر خراپ" ناودەبات، بەڵام ئامادە نییە رووسیا تۆمەتبار بکات. سەرۆکی ئۆکرایناش داوای لێ دەکات، سەردانی وڵاتەکەی بکات، بچێتە شوێنی هێرشەکە و وێرانکارییەکە ببینێت.
لە ئەنجامی هێرشە مووشەکییەکەی رۆژی یەکشەممەی رووسیا بۆسەر شاری سوومی لە باکووری رۆژهەڵاتی ئۆکراینا، بە گوتەی بەرپرسانی ئۆکراینا، لانیکەم 34 کەس کوژران.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەکاتی گەڕانەوەی بۆ واشنتن، لەنێو فڕۆکەی سەرۆکایەتیدا گوتی، هێرشەکە "شتێکی زۆر خراپە. پێیان راگەیاندم هێرشەکە بە هەڵە کراوە، بەڵام پێموایە شتێکی زۆر خراپە. جەنگەکە هەمووی شتێکی زۆر خراپە."
پرسیار لە ترەمپ کرا "مەبەستی چییە لەوەی هێرشەکە بە هەڵە کراوە؟" لە وەڵامدا گوتی، "ئەوان هەڵەیەکیان کرد. پێویستە بڕۆن پرسیار لەوان بکەن،" بێ ئەوەی روونی بکاتەوە مەبەستی چی یان کێیە.
رۆژی یەکشەممە، ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا رایگەیاند، هێرشەکە "وەبیرهێنەرەوەیەکی روون و زەقە کە بۆچی هەوڵەکانی سەرۆک دۆناڵد ترەمپ بۆ کۆتاییهێنان بەم جەنگە لە کاتێکی گرنگدا دێن."
نە ترەمپ و نە کۆشکی سپی ئامادەنەبوون راستەوخۆ رووسیا بە ئەنجامدەری هێرشەکە دابنێن، بەڵام رۆژی یەکشەممە مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، ناوی رووسیای وەکو ئەنجامدەری هێرشەکە هێنا و گوتی، سەرەخۆشی دەردەبڕێت بۆ کەسوکاری "قوربانیانی هێرشە مووشەکییە تۆقێنەرەکەی ئەمڕۆی رووسیا بۆسەر سوومی."
هێرشەکەی سوومی دوو رۆژ دوای ئەوە دێت کە ستیڤ ویتکۆف، نێردەی ئەمریکا سەردانی رووسیای کرد و لەگەڵ ڤیلادیمیر پووتین، سەرۆکی ئەو وڵاتەدا کۆبووەوە.
رۆژی یەکشەممە، ڤۆلۆدمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا داوای لە ترەمپ کرد، سەردانی وڵاتەکەی بکات بۆ ئەوەی بە گوتەی خۆی، باشتر لە "وێرانکارییەکە" تێبگات.
زیلینسکی لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ میدیای ئەمریکی گوتی: "تکایە، پێش هەر بڕیارێک، هەر جۆرە دانوستاندنێک، وەرە ئەو خەڵک، سڤیل، جەنگاوەر، نەخۆشخانە و کەنیسانە ببینە کە وێرانکراون یان کوژراون."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ