لە ئەفغانستان 33 کەس بەهۆی شەستە باران و لافاوەوە گیانیان لەدەستدا

14-04-2024
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

وەزارەتی کارەساتە سرووشتییەکانی ئەفغانستان دەڵێت، "لانیکەم 33 کەس لە سێ رۆژدا بەهۆی شەستە باران و لافاوەوە گیانیان لەدەستداوە."
 
رۆژی یەکشەممە، 14-04-2024، جەنان سایەق، گوتەبێژی وەزارەتی کارەساتە سرووشتییەکانی ئەفغانستان رایگەیاند، "لە رۆژی هەینییەوە، بەهۆی بارینی بارانێکی زۆر و دروستبوونی لافاو زیانێکی زۆری گیانی و داراییمان هەبووە."
 
سایەق زیاتر روونیکردەوە و گوتی، "زانیارییە سەرەتاییەکان ئەوە پیشان دەدەن کە بەداخەوە، بەهۆی لافاوەوە 33 کەس شەهیدبوونە و 27ـی دیکەش برینداربوون."
 
ئەو گوتەبێژە لەبارەی زیانەکان دەڵێت، "زۆربەی هۆکاری گیانلەدەستدانەکان بەهۆی رووخانی بنمیچی خانووەکان بووە. 600 خانووش بە تەواوی یان بەشێکی رووخاون، 600 کیلۆمەتر رێگە بەتەواوی تێکچووە و دوو هەزار هێکتار زەوی کشتوکاڵیش بێکەڵک بوونە."
 
لە کۆی 34 پارێزگا، لافاو زیانی بە 20 پارێزگەی ئەو وڵاتە گەیاندووە. لەوەتەی گەڕانەوەی تاڵیبان بۆ سەر دەسەڵات لە 2021ـەوە، ئاستی هاوکارییە نێودەوڵەتییەکان بۆ ئەفغانستان بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە.
 
کارەساتە سرووشتییەکان لە ئەفغانستان زۆرن، رۆژی 13-03-2024، وەزارەتی کارەساتە سرووشتییەکانی ئەفغانستان رایگەیاند، "لە سێ هەفتەی بەفر و بارانی چڕدا 60 کەس گیانیان لەدەستداوە."
 
ئەفغانستان بەوە ناسراوە کە زستانەکانی وشکن، بەڵام گۆڕانی کەشوهەوای ئەم ماوەیە و بەفر و بارانی زۆر، لافاوی گەورە و مەترسیداری دروستکردووە.
 
نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداریداوە، "ئەفغانستان بە گۆڕانێکی سامناکی کەشوهەوادا تێدەپەڕێت."
 
مانگی ئۆکتۆبەری ساڵی رابردوو سێ بوومەلەرزەی بەهێز پارێزگای هیراتیان هەژاند و بەگوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکان، بوومەلەرزەکان بوونە هۆی گیانلەدەستدانی هەزار و 500 کەس و رووخانی 30 هەزار خانوو.
 
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە