وەزیرانی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا بۆ تاوتوێکردنی هێرشەکەی ئێران کۆدەبنەوە

رووداو دیجیتاڵ 

بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا دەڵێت، دوو رۆژی دیکە وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا بۆ تاوتوێکردنی هێرشەکەی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل کۆدەبنەوە.
 
رۆژی یەکشەممە، 14-04-2024، جۆزێپ بۆرێل، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسی، "دوای هێرشەکانی ئێران لە دژی ئیسرائیل، داوای کۆبوونەوەیەکی نائاساییم کرد بۆ وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا لە رۆژی سێشەممە، 16-04-2024."
 
بۆرێل هەروەها دەڵێت، "ئامانجی ئێمە بەشداریکردنە لە کەمکردنەوەی گرژییەکانی ناوچەکە."
 
رۆژی شەممە، 13ـی نیسانی 2024، دەورووبەری کاژێر 11:00ـی شەو بەکاتی هەولێر، ئێران بە سەتان مووشەک و درۆنی ئاراستەی ئیسرائیل کرد. 
 
هێرشەکەی ئێران بۆ تۆڵەکردنەوە بوو لە کوژرانی حەوت کەس کە دووانیان فەرماندەی پاسداران بوون لە هێرشێکی سەر کۆنسوڵخانەی ئێران لە دیمەشقی پایتەختی سووریا لە 01-04-2024 کە ئێران تۆمەتەکەی خستەپاڵ ئیسرائیل بەڵام ئیسرائیل هیچ لێدوانێکی لەسەر ئەو هێرشە نەبوو.
 
ئەمڕۆ (یەکشەممە) میدیای ئیسرائیل رایگەیاند، "بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل داوای لە وەزیرانی کابینەکەی کردووە هیچ لێدوانێک لەسەر ئێران نەدەن."
 
بێنی گانتس، ئەندامی باڵای کابینەی جەنگیی ئیسرائیل گوتی، "بەگوێرەی کات و رێوشوێنی گونجاوی ئیسرائیل، ئێران باجی ئەو هێرشە دەدات."
 
هێرشەکەی سەر ئیسرائیل، هەرچەندە "99٪ـی بەرپەرچدرایەوە" و تەنیا یەک کەس بەهۆیەوە برینداربوو، کاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا. 
 
جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا بەڵێنی پشتیوانیی "پۆڵایین"ـی بۆ ئیسرائیل دەربڕی و دوێنێ شەو (شەممە) بە زوویی لەگەڵ بەرپرسانی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا کۆبووەوە.
 
بایدن لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسی، "لەگەڵ تیمی ئاسایشی نیشتمانی کۆبوومەوە بۆ ئەوەی دوایین هەواڵی هێرشی ئێران لە دژی ئیسرائیل تاوتوێ بکەین. پابەندیی ئێمە بە ئاسایشی ئیسرائیل لە دژی هەڕەشەکانی ئێران و پاشکۆکانی پۆڵایینە."
 
ریشی سووناک، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا سەرکۆنەی هێرشەکەی کرد و بە "بێباکانە" وەسفیکرد. سووناک گوتیشی، "ئەم هێرشە دەبێتە مەترسییەک بۆ قڵیشانەوەی تەنگژەکان و ناسەقامگیرکردنی ناوچەکە. جارێکی دیکە ئێران پیشانیدا کە ئامانجی چاندنی تۆوی دووبەرەکییە لە باخچەی پشتەوەی خۆی."
 
ئورسولا ڤۆن دێرلاین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەورووپی داوای لە ئێران کرد، "هەر ئێستا هێرشەکان رابگرە." 
ئەو کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسی، "دەبێت هەموو لایەنەکان خۆیان لە زیادبوونی گرژی دیکە بەدوور بگرن و کار بکەن بۆ گەڕاندنەوەی سەقامگیری بۆ ناوچەکە."
 
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا سەرکۆنەی هێرشەکەی کرد و داوای دانبەخۆداگرتنی کرد.
 
ماکرۆن لە ئێکس بڵاویکردەوە، "بە تووندترین شێوە سەرکۆنەی ئەو هێرشە بێوێنەیە دەکەم کە لە لایەن ئێرانەوە بۆ سەر ئیسرائیل کراوە و هەڕەشەی تێکدانی سەقامگیریی ناوچەکە دەکات."
 
سەرۆکە فەرەنسییەکە هەروەها گوتی، "هاوسۆزی خۆم لەگەڵ گەلی ئیسرائیل و پابەندبوونی فەرەنسا بە ئاسایشی ئیسرائیل و هاوبەشەکانمان و سەقامگیری ناوچەکە دەردەبڕم. فەرەنسا لەگەڵ هاوبەشەکانی کار لەسەر کەمکردنەوەی ئاستی گرژییەکان دەکات و داوای دانبەخۆداگرتن دەکات."
 
ئەنالینا بێربۆک، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا گوتی، "بە تووندترین شێوە سەرکۆنەی هێرشەکەی ئێران دەکەین کە هەموو ناوچەکە دەخاتە گێژاوەوە. پێویستە ئێران و هێزە بە وەکالەتەکانی دەستبەجێ بووەستن و پاڵپشتی ئیسرائیلین."