هێڵێکی ئاسمانیی ئەڵمانی گەشتەکانی بۆ هەولێر و چەند شارێکی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست راگرت

 
رووداو دیجیتاڵ 

کۆمپانیای فڕۆکەوانیی لوفتهانزای ئەڵمانی رایدەگەیێنێت کە سەرجەم گەشتەکانی چوون و هاتن بۆ هەولێر، عەممان، بەیروت و تەلئەڤیڤ تاوەکو دوو رۆژی دیکە رادەگرێت و دەڵێت، "بەهۆی گرژییەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستە."
 
رۆژی یەکشەممە، 14-04-2024، گرووپی کۆمپانیاکانی لوفتهانزای ئەڵمانی کە چەند کۆمپانیایەکی فڕۆکەوانیی سویسری و نەمساییش لەخۆ دەگرێت رایگەیاند، "بەهۆی گرژییەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، سەرجەم گەشتەکانی چوون و هاتن بۆ هەولێر لە کوردستانی عێراق، عەممان لە ئوردن، بەیرووت لە لوبنان و تەلئەڤیڤ لە ئیسرائیل رادەگرین."
 
بەگوێرەی راگەیێندراوی ئەو کۆمپانیایە، "گەشتەکان، جگە لە بەیرووت، تاوەکو رۆژی سێشەممە، 16-04-2024 رادەگیرێن. گەشتەکانی بەیرووت تاوەکو 18ـی مانگ دەوەستن."
 
کۆمپانیاکە ئەوەشی خستووەتەڕوو، "بە بەردەوامی دۆخی ئاسایشی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست هەڵدەسەنگێنین و لەگەڵ بەرپرسان لە پەیوەندیی نزیکدا دەبین."
 
رۆژی هەینی، 12-04-2024 لوفتهانزا رایگەیاند، "تاوەکو رۆژی 18-04-2024، سەرجەم گەشتەکانی چوون و هاتن بۆ شاری تاران رادەگرین و ئاسمانی ئێران بەکارناهێنین."
 
رۆژی دووشەممە، 1ـی نیسانی 2024، کۆنسوڵخانەی ئێران لە دیمەشقی پایتەختی سووریا کرایە ئامانج و بە تەواوی خاپوور بوو، لەو کاتەوە چاوەڕێ دەکرێت ئێران کاردانەوەی هەبێت و وەڵامی هێرشەکە بداتەوە.
 
دوێنێ (شەممە) ئێران بە سەتان مووشەک و درۆنی ئاراستەی ئیسرائیل کرد و ئیسرائیلیش رایگەیاند، "٪99ـی درۆن و مووشەکەکان خراونەتە خوارەوە و تەنیا یەک کەس بریندار بووە."
 
جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا بەڵێنی پشتیوانیی "پۆڵایین"ـی بۆ ئیسرائیل دەربڕی و دوێنێ شەو بە زوویی لەگەڵ بەرپرسانی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا کۆبووەوە.
 
بایدن لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسی، "لەگەڵ تیمی ئاسایشی نیشتمانی کۆبوومەوە بۆ ئەوەی دوایین هەواڵی هێرشی ئێران لە دژی ئیسرائیل تاوتوێ بکەین. پابەندیی ئێمە بە ئاسایشی ئیسرائیل لە دژی هەڕەشەکانی ئێران و پاشکۆکانی پۆڵایینە."
 
ریشی سووناک، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا سەرکۆنەی هێرشەکەی کرد و بە "بێباکانە" وەسفیکرد. سووناک گوتیشی، "ئەم هێرشە دەبێتە مەترسییەک بۆ قڵیشانەوەی تەنگژەکان و ناسەقامگیرکردنی ناوچەکە. جارێکی دیکە ئێران پیشانیدا کە ئامانجی چاندنی تۆوی دووبەرەکییە لە باخچەی پشتەوەی خۆی."
 
ئەمڕۆ (یەکشەممە) میدیای ئیسرائیل رایگەیاند، "بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل داوای لە وەزیرانی کابینەکەی کردووە هیچ لێدوانێک لەسەر ئێران نەدەن."
 
بێنی گانتس، ئەندامی باڵای کابینەی جەنگیی ئیسرائیل گوتی، "بەگوێرەی کات و رێوشوێنی گونجاوی ئیسرائیل، ئێران باجی ئەو هێرشە دەدات."