ئەمریکا یارمەتیی ئیسرائیلی داوە بۆ تێکشکاندنی درۆن و مووشەکەکانی ئێران


رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی ئەمریکا دوای پەیوەندیی تەلەفۆنی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، بە تووندی سەرکۆنەی هێرشەکەی ئێران دەکات و رایدەگەیێنێت، بەهۆی سیستمی بەرگریی ئەوانەوە، ئیسرائیل بە نزیکەی هەموو درۆن و مووشەکەکانی ئێرانی تێکشکاندووە. 
 
جۆ بایدن بە بنیامین نەتەنیاهووی گوتووە کە ئیسرائیل توانایەکی باشی پێشانداوە لە بەرگریکردن لە خۆی و کە ئەوەش پەیامێکی روونە بۆ دووژمنەکانی بەوەی ناتوانن هەڕەشە لە ئاسایشی ئیسرائیل بکەن. 
 
لە راگەیێندراوەکەی سەرۆکی ئەمریکادا هاتووە، "ئەمڕۆ ئێران و هێزە بەکرێگیراوەکانی لە یەمەن، سووریا و عێراقەوە هێرشێکی ئاسمانیی چاوەڕواننەکراویان کردە سەر بنکە سەربازییەکانی ئیسرائیل. من بە تووندترین شێوە سەرکۆنەی ئەو هێرشە دەکەم."

جۆ بایدن باسی هاوکاریی ئەمریکا بۆ ئیسرائیل دەکات لە رووبەڕووبوونەوەی ئەو هێرشە و دەڵێت: "بە فەرمانی من و بۆ پاڵپشتیی بەرگریی ئیسرائیل، لە هەفتەی پێشوودا سوپای ئەمریکا فڕۆکە و سیستمی تێکشکێنەری مووشەکی بالیستی لە هەرێمەکە جێگیرکرد. کە بەهۆی ئەو سیستمانە و توانا و شارەزایی سەربازانمان، هاوکاریی ئیسرائیلمان کرد کە نزیکەی هەموو ئەو مووشەک و درۆنانە بەرپەرچ بداتەوە کە ئاراستەی کرابوون."

لەبارەی هێرشەکەوە سەرۆکی ئەمریکا بە تەلەفۆن لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل قسەی کرد کە نزیکەی کاژێرێکی خایاندووە، لەو پەیوەندییەدا وەکو خۆی دەڵێت، پاڵپشتیی نەگۆڕی ئەمریکای بۆ ئاسایشی ئیسرائیل دووپاتکردووەتەوە. 

بایدن دەڵێت، "بە [نەتەنیاهوو]م گوت ' ئیسرائیل توانایەکی بێوێنەی پێشانداوە بۆ بەرگریکردن لە خۆی، تەنانەت لەکاتی هێرشە چاوەڕواننەکراوەکانیشدا."

سبەی وەکو سەرۆکی ئەمریکا باسی دەکات، لەگەڵ سەرکردەی وڵاتانی G7 کۆدەبێتەوە تاوەکو وەڵامێکی دیپلۆماسیی یەکگرتووانەی ئێران بدەنەوە. 

جۆ بایدن ئەوەشی گوتووە، لەکاتێک کە هێرش نەکراوەتە سەر هێزەکانیان و بنکەکانیان، بە وریایی دەمێننەوە بۆ هەر هەڕەشەیەک کە رووبەڕوویان ببێتەوە و هیچ دوودڵ نابن لەوەی هەموو رێکارێک بۆ پاراستنی خۆیان و خەڵکەکەیان بگرنەبەر. 

راگەیێندراوەکەی بایدن دوای ئەوە دێت، سوپای پاسدارانی ئێران بە زیاتر لە 200 مووشەک و درۆن هێرشی کردە سەر ئیسرائیل ئەوەش لە تۆڵەی کوژرانی ژمارەیەک بەرپرس و ئەندامیان لە هێرشێکدا لە کۆنسوڵخانەی ئێران لە دیمەشق، بەڵام هێرشەکانی ئێران زیانێکی ئەوتۆیان نەبوو. 

هێرشەکە دەوروبەری کاژێر 11:00ـی شەوی شەممە، 13-4-2024 دەستیپێکرد. ئێران لە رێگەی مووشەکی کرووز و درۆنی بۆمبڕێژکراوەوە هێرشەکەی ئەنجامدا. 

بەشێک لە درۆن و مووشەکەکان بە ئاسمانی ناوچەکانی هەرێمی کوردستاندا تێپەڕبوون کە ژمارەیەکیان لەلایەن سیستمی بەرگریی ئاسمانیی ئەمریکاوە خرانەخوارەوە. ئیسرائیل دەڵێت، خۆیان و هاوپەیمانەکانیان زۆربەی زۆری ئەو درۆن و مووشەکانەیان بەرپەرچداوەتەوە کە ئاراستەیان کراون.