FBI کەسێک بە تۆمەتی دزەپێکردنی بەڵگەنامەکانی پێنتاگۆن دەستبەسەر دەکات

14-04-2023
دڵزار زوبێر @DilzarZubair
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

نووسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵیی ئەمریکا – FBI پیاوێکی تەمەن 21 ساڵ بە تۆمەتی دزەپێکردنی زانیاریی هەستیار و نهێنیی هەواڵگریی ئەمریکا دەستبەسەردەکات، کە بەشێکیان پەیوەندییان بە جەنگی ئۆکراینا و ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکاوە هەیە. 
 
رۆژی پێنجشەممە، 13ـی نیسانی 2023،  لەدوای هەفتەیەک لە لێکۆڵینەوە، تۆمەتبارەکە دەستبەسەرکرا و دیمەنی دەستبەسەرکردنی بەشێوەیەکی راستەوخۆ لە میدیای ئەمریکیدا گوێزرایەوە. ئەوەش لەکاتێکدایە کە گومانلێکراوەکە بە بڵاوکردنەوەی هەستیارترین زانیاریی حکومەتی ئەمریکا لەدوای ساڵی 2013دا تۆمەتبار دەکرێت.
 
مێریک گارلاند، وەزیری دادی ئەمریکا لە کۆنفڕانسێکی رۆژنەمەڤانیدا رایگەیاند کە ناوی تۆمەتبارەکە جاک تەیشێرایە و کارمەندی گاردی نیشتمانیی هێزی ئاسمانیی ئەمریکایە و بەڕێوەبەری ئەو گرووپ چاتەیەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانە کە گوایە سەرەتا زانیارییەکان لەوێوە بڵاوکراونەتەوە. 
 
گارلاند گوتی، تەیشێرا بە پرسی پەیوەست بە "لێکۆڵینەوەیەک لەبارەی لابردنی دەسەڵاتپێنەدراو، هێشتنەوە و گواستنەوەی زانیاریی نهێنیی بەرگریی نیشتمانی" لەلایەن FBIیەوە دەستبەسەرکراوە. 
 
چەند دیمەنێک لە میدیای ئەمریکی بڵاوکرانەوە کە تێیدا دەردەکەوێت لە شارۆچکەی نۆرس دایتنی ویلایەتی ماساچوسێتس گومانلێکراوەکە بە شۆرتێکی سوور و تیشێرتێکەوە لە ماڵەکەی دێتە دەرەوە و خۆی بەدەستەوە دەدات و دواتر لەلایەن دوو سەربازی FBIیەوە کەلەپچە دەکرێت.
 
پۆلیس لەو شارۆچکەیەی ویلایەتەکەی رۆژهەڵاتی ئەمریکا دڵنیایی دایە دانیشتووان کە بوونی هێزێکی زۆر لەو ناوچەیە بەهۆی "هەڕەشە لەسەر سەلامەتیی گشتی نییە". 
 
هاوکات، نووسینگەی گاردی نیشتمانیی ئەمریکا رایگەیاند کە تەیشێرا لە ئەیلوولی 2019 دا دامەزراوە و شارەزای بواری تەکنەلۆژیای زانیاری و پەیوەندییەکانە، کە پلەی کلاسی یەکەمی هێزی ئاسمانی پێدراوە. 
 
چاوەڕواندەکرێت رۆژی هەینی لە دادگەی فیدڕاڵیی ماساچوسێتس لە یەکەم دانیشتنی دادگەدا ئامادەبێت.
 
لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگریی ئەمریکا لە راگەیێنداوێکدا ستایشی رۆڵی وەزارەتی داد و FBIی کرد بەهۆی دەستبەسەرکردنی  "خێرای" گومانلێکراوەکە.
 
 ئۆستن گوتی کە فەرمان بە "پێداچوونەوە بە دەستگەیشتن بە زانیاریی هەواڵگری، بەرپرسیارێتی و رێکارەکانی کۆنتڕۆڵکردنی لەنێو وەزارەتی بەرگری دەکات بۆ ئەوەی رێگری لە دووبارەبوونەوەی ئەم جۆرە رووداوانە بکەین." 
 
دەستبەسەرکردنی تەیشێرا رۆژێک لەدوای ئەوە هات کە رۆژنامەی واشنتن پۆست رایگەیاند، سەدان پەڕاوی بەڵگەنامەی نهێنی و هەستیار لەلایەن پیاوێک کە لە بنکەیەکی سەربازیی ئەمریکادا کاریکردووە، لە تۆڕێکی کۆمەڵایەتی بە ناوی دیسکۆرد بڵاوکراونەتەوە. 
 
بەگوێرەی رۆژنامەی نیویۆرک تایمز، "بەڵگەیەکی دیجیتاڵی" دەریدەخات کە تەیشێرا سەرۆکی ئەو گرووپە تایبەتەی دیسکۆرد بووە کە دۆکیومێنتەکانی تێدا بڵاوکراونەتەوە. 
 
ئەم دزەکردنە ئەمنییە "ئابڕووبەرانە"یە کە زانیاریی "زۆر نهێنی" لەخۆدەگرێت؛ لەوانە، سیخوڕیکردن بەسەر ئیسرائیل و کۆریای باشوور و پرسی جەنگی ئۆکراینا. بەگوێرەی زانیارییەکان، لەنێو بەڵگەنامە نهێنییەکان، وردەکاریی هاوکارییە سەربازییەکانی ئەمریکا بۆ ئۆکراینا و پێشڕەوییەکانی رووسیا بڵاوکراوەتەوە. لەگەڵ سیخوڕیکردن بەسەر هەندێک سەرکردەی جیهان، لەوانەش ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا.
 
بەگوێرەی میدیای ئەمریکی، گومانلێکراوەکە بە ناوی خوازراوی OG لەنێو گرووپەکەدا بووە و بۆ ماوەی چەند مانگێک ناو بە ناو دۆکیومێنتی لە گرووپ چاتەکەدا داناوە. گرووپە 24 کەسییەکە "ژمارەیەک هاووڵاتیی ئۆکراینی و رووسیشی تێدا بووە." 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

باڵەخانەی فایسێرڤ لە شاری میلواوکی ویلایەتی ویسکۆنسن

کۆنگرەی کۆمارییەکان دەکرێت و ترەمپ بەربژێری سەرۆکایەتیی ئەمریکایە

ئەمڕۆ کۆنگرەی کۆمارییەکان بۆ دیاریکردنی بەربژێرەکەیان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا دەستپێدەکات. لە دوا رۆژی کۆنگرەکە کە دەکاتە پێنجشەممە ترەمپ وەکو بەربژێری ئەو پارتە دەستنیشان دەکرێت. دوای رووداوی تەقەکردن لە ترەمپ، زۆرترین چاوەکان لەسەر لایەنی ئەمنیی کۆنگرەکەن.