رووداو دیجیتاڵ
دوای سێ مانگ خۆپیشاندان دژی پڕۆژەبڕیارێکی ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا بۆ زیادکردنی تەمەنی خانەنشینی لە 62 ساڵەوە بۆ 64 ساڵ، دادگەی دەستووریی فەرەنسا پلانەکەی پەسند کرد.
رۆژی هەینی 14ـی نیسانی 2023، دادگەی دەستووریی فەرەنسا، کە بەرزترین دەسەڵاتی بڕیاردانە لەو وڵاتە، پڕۆژەکەی ماكرۆنی بۆ بەرزکردنەوەی تەمەنی خانەنشینی پەسند کرد؛ دوای ئەو بڕیارەش، چاوەڕوان دەکرێت سەرۆکی فەرەنسا واژۆ لەسەر پڕۆژەکە بکات و پێش کۆتایی ئەمساڵ وەک بڕیار بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
ماکرۆن دوای بڕیارەکەی دادگەی دەستووریی فەرەنسا، لە سەردانێکیدا لەکاتی بەسەرکردنەوەی کەنیسەی نۆتردام لە پاریس گوتی، "بەردەوام بە لە هەوڵدان تا ئەو شتەی دەتەوێت بەدەستی دەهێنیت، ئەوە دروشمی منە."
لەکاردانەوەی پەسندکردنی بڕیارەکە، سەندیکای کرێکارانی فەرەنسا رایگەیاند، رۆژی یەکی مانگی ئایار کە رۆژی جیهانی کرێکارانە، گەورەترین خۆپێشاندان رێکدەخەن.
ژان میلانشۆ، سەرۆکی پارتی فەرەنسای خۆنەچەمێن، کە بە پارتێکی ئەوپەڕی چەپڕۆ دادەندرێت، لە تویتێکدا رایگەیاند، "شەڕی دژی بڕیارەکە بەردەوام دەبێت و پێوستە بە هێزی زیاتر دژی بووەستینەوە."
ماری لۆ پێن، سەرۆکی بەرەی راستڕۆی فەرەنسا لە تویتەر گوتی، "چارەنووسی چاکسازیی خانەنشینی کۆتایی نەهاتووە."
رۆژی پێنجشەممە، 13ـی نیسانی 2023 و رۆژێک پێش بڕیارەکەی دادگەی دەستووریی فەرەنسا، زیاتر لە 35 هەزار کەس دژی زیادکردنی تەمەنی خانەنشینی لە فەرەنسا خۆپێشاندانیان ئەنجامدا، ئەوە وەک وەزارەتی ناوخۆی فەرەنسا باسی کردووە.
نزیکەی 3 مانگە لەو وڵاتە دژی زیادکردنی تەمەنی خانەنشینی خۆپێشاندان دەکرێت.
زۆرترین ژمارەی فەرەنسییەکان کە لە یەک کاتدا بەشداری خۆپێشاندانەکانیان کردبێت 1 ملیۆن و 300 هەزار کەس بووە. بەگوێرەی هەندێک راپرسی، نزیکەی 68٪ـی فەرەنسییەکان دژی جێبەجێکردنی بڕیارەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ