ترەمپ: بایدن سووکایەتی بە سعودیە کرد


رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی پێشووی ئەمریکا لە یەکەم هەڤپەیڤینیدا لە دوای چوونی بۆ بەردەم دادگە، رەخنەی تووندی لە سیاسەتەکانی دەرەوەی جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا گرت و رایگەیاند، بایدن سووکایەتی بە سعودیە کردووە. دەشڵێت، دابەزینی بەهای دۆلار وەکو ئەوە وایە "جەنگی جیهانی بدۆڕێنیت." 
 
شەوی پێنجشەممە 13ی نیسانی 2023، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا لە یەکەم هەڤپەیڤینیدا لەدوای چوونی بۆ بەردەم دادگە، لەگەڵ کەناڵی فۆکس نیوزی ئەمریکی باسی لە دۆخی ئێستای ئەمریکای کرد لەسەر ئاستی جیهان و رایگەیاند، ئێستا چین هەموو هەوڵێکی خستووەتەگەڕ بۆ کەمکردنەوەی بەهای دۆلار لەبەرامبەر یوانی چینی. 
 
ترەمپ گوتی: "ئەوەی دەگوزەرێ ئێمە لە دۆڕانداین و ئەگەریش بەهای دراوەکەمان لەدەست بدەین، وەکو ئەوە وایە جەنگی جیهانی بدۆڕێنین، ئەوە دراوەکەمانە وایکردووە ئێمە ئەوەندە بە‌هێز و پتەو بین." 
 
سەبارەت بە پەیوەندییەکانی سعودیە و ئەمریکا کە ئێستا لە دۆخێکی ئاڵۆزدایە، ترەمپ گوتی: "تەماشای سعودیە بکەن، بزانە چی روویدا، ئەوان خەڵکێکی مەزنن و ویستیان هاوکاریمان بکەن، بەڵام ئەو [بایدن] دەچێتە ئەوێ و بەمشت تەوقەی لەگەڵ کردن، دەزانیت تەوقەکردن بە مشت واتای چییە، ئەوا بەمانای ئەوە دێت تەوقەم لەگەڵ مەکە، لەبەرئەوەی تۆ دەستت پیسە، بەمەش هەستیان بە سووکایەتی کرد، لەوە تێدەگەی؟"  
 
ترەمپ باسی لە پرۆسەی دادگەییکردنەکەی هەفتەی رابردووشی کرد و رایگەیاند، ئەگەر دادگە بە تاوانباریشی بناسێت، ئەو لە بەربژێربوونی بۆ سەرۆکایەتیی ئەمریکا بۆ هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2024 ناکشێتەوە و گوتی، چاوەڕێ ناکات بایدن خۆی بەربژێر بکاتەوە وەکو بەربژێری دیموکراتەکان. ترەمپ گوتیشی: "بێگومان ئەو کەسەی ئەوان باسی دەکەن، جێگری سەرۆک کەمالا دەبێت، هەرچەندە ئەو ئاستێکی باشی پێشانەداوە، رەنگە من هەڵە بم، بەڵام کۆمەڵێک خەڵکی دیاریکراو شێت دەبن ئەگەر ئەو [بەربژێر] نەبێت، زۆر تووڕە دەبن." 
 
ترەمپی تەمەن 76 ساڵ، رەخنەی تووندی لە سەردانی ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا بۆ چین گرت و رایگەیاند، ئەگەر ئەو سەرۆکی ئەمریکا بووایە، لەسەر ئەو سەردانە، سزای فەرەنسای دەدا.
 
ترەمپ گوتی: "تۆ دەبینی ئێستا جیهان بەرەو ئاڵۆزبوونی زیاتر دەڕوات و ئەمریکا هیچ قسەیەکی لەسەر نییە. تەماشای ماکرۆن بکە کە هاوڕێمە لە چینە، ئەگەر من بوومایە بە تەلەفۆن قسەم لەگەڵ دەکرد و هەڕەشەی سزای ئابووریم دەکرد، بەتایبەتی باج خستنە سەر شەرابی فەرەنسی. تۆ دەزانی فەرەنسا وڵاتێکی زەحمەتە، هەموو وڵاتێک زەحمەتە، چونکە هەموویان فێڵمان لێدەکەن، بەڵام فەرەنسا زەحمەترینیانە."