رووداو دیجیتاڵ
ژمارەی کوژراوان بەهۆی هێرشە ئاسمانییەکەی سەر گوندێکی نێوەڕاستی میانمار بۆ 171 کەس بەرزبووەوە. رۆژی سێشەممە، 11ـی نیسانی 2023، سوپای میانمار هێرشێکی ئاسمانی لە نێوەڕاستی هەرێمی ساگین بۆ سەر نەیارانی حکومەت ئەنجامدا.
بەگوێرەی میدیا نێوخۆییەکانی میانمار، هێرشەکە بۆ سەر رێوڕەسمێکی گرووپە ئۆپۆزیسیۆنەکانی دەسەڵات بووە و تێیدا 171 کەس کوژراون، کە 38یان منداڵن و زیاتر لە 53 کەسی دیکەش برینداربوون.
زاو مین توون، گوتەبێژی حکومەتی میانمار بە میدیای فەرمی وڵاتەکەی راگەیاند، هیرشەکەیان بۆ سەر رێوڕەسمێکی گرووپە ئۆپۆزیسیۆنەکانی وڵاتەکە ئەنجامداوە کە "تاوانبارن بە کوشتنی خەڵکی بێتاوان".
داوی هێرشەکە، گرووپە ئۆپۆزیسیۆنەکانی میانمار لە راگەیێندراوێکدا گوتیان، "ئەم کارە قێزەونەی سوپای تیرۆریستی نموونەیەکی دیکەیە لە بەکارهێنانی هێزی تووند دژی خەڵکی مەدەنی بێتاوان."
هێرشەکە لەلایەن هەریەکە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و نەتەوە یەکگرتووەکان بە تووندی سەرکۆنە کرا و داوایان لە لایەنەکانی میانمار کرد بە زووترین کات بگەنە رێگەچارەیەک.
لە شوباتی 2021 سوپای میانمار کودەتایەکی سەربازی دژی سەرۆکی وڵاتەکە ئەنجامدا و دەسەڵاتی گرتە دەست. دەسەڵاتی سەربازیی میانمار سزای سێ ساڵ زیندانیکردنی بەسەر ئانگ سان سوکی، سەرۆکوەزیرانی لەکارلادراوی میانماردا سەپاند، ئەوەش بە تۆمەتی ئەنجامدانی ساختەکاری لە هەڵبژاردنی ساڵی 2020دا کە پارتەکەی بە جیاوازییەکی گەورە سەرکەوتنی بەدەستهێنا.
میانمار (یان بێرما) دوای دەستبەسەرداگرتنی دەسەڵات لە لایەن سوپای وڵاتەوە تووشی قەیران بووە؛ بەهۆی شەڕەوە بەشێک لە وڵاتەکە وێران بوو و ئابوورییەکەی لە داڕمانی بەردەوامدایە.
بەپێی راپۆرتی گرووپێکی چاودێریی نێوخۆیی، لە سەرکوتکردنی ناڕازییەکانی دژی سوپای ئەو وڵاتەدا زیاتر لە 30 هەزار کەس کوژراون و نزیکەی 11 هەزار کەسیش دەستگیرکراون.
بەگوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە دوای کودەتاکە ملیۆنێک و 200 هەزار کەس ئاوارە بوون. نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، زیاتر لە 17 ملیۆن هاوڵاتی میانمار پێویستییان بە هاوکاری مرۆیی هەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ