رووداو دیجیتاڵ
پاپا فرانسیس، پاپای ڤاتیکان لە کۆشکەکەی خۆی لە ڤاتیکان بە گەرمی پێشوازی لە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانی کرد. نێچیرڤان بارزانی دوو دیاریی بە پاپا فرانسیس دا کە یەکێکیان پەیوەندیی بە فرە ئایینی و دووەمیان بە بەها پیرۆزەکانی کریستیانەکانەوە هەیە.
پاپا فرانسیس، یەکەم پاپایە لە مێژوودا سەردانی هەولێر و هەرێمی کوردستانی کردبێت کە لە مانگی ئاداری ساڵی 2021دا بوو.
پاپا فرانسیس، کوردستان بە ناوچەیەکی نزیک لە دڵی دەزانێت و پەیامێكی تایبەتی دایە سەرۆکی هەرێمی کوردستان.
پاپا فرانسیس، پاپای ڤاتیکان بە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانی گوت، "خودا بتپارێزێت، نزام بۆ بکە، منیش نزا بۆ تۆ دەکەم، بەرەو پێش بچیت".
سەرۆکی هەرێمی کوردستانیش لە تویتێکدا نووسی، "شانازی بەوە دەکەم چاوم بە پاپا فڕانسیس کەوت و باشیی تەندروستییان منیان خۆشحاڵ کرد. پاپا فڕانسیس جەختی لە گرنگی پاراستنی ئاسایش و برایەتی لە نێوان پێکهاتەکانی عێراقی کردەوە. جەختم لە پابەندبوونم کردەوە بە بەردەوامبوون لە پەرەدان بە ئاشتی و پێکەوەژیان لە کوردستان، عێراق و دەرەوەش".
سەیوان بارزانی، باڵیۆزی عێراق لە ئیتاڵیا باسی لە گرنگیی چاوپێکەوتنەکە کرد و رایگەیاند، "لە هەمان کات کە حکومەتی عێراق دروستبوو، حکومەتی ئیتاڵیاش دەستبەکار بوو، وایلێهات سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا راستەوخۆ بچێت بۆ عێراق کە ئەوە یەکەمین سەردانی فەرمی بوو وڵاتێک [دوای دەستبەکاربوونی وەک سەرۆکوەزیران]، چووە بەغدا و دواتر هەولێر، لەگەڵ بەرپرسانی بەغدا و هەولێر کۆبووەوە. ئیتاڵیا پەیوەندیی نزیکی لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان هەیە. هەرێمی کوردستان تەنیا شوێنە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست کە ساڵ بۆ ساڵ رێژەی کریستیانەکان تێیدا زیاد دەبێت."
سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی لەسەر بانگهێشتی سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا بوو؛ بە پرۆتۆکۆلی فەرمی پێشوازی لە سەرۆکی هەرێمی کوردستان کرا. نێچیرڤان بارزانی لە سەردانەکەی بۆ رۆما، لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیاش کۆبووەوە. وەزیرە ئیتاڵیاکە پێیڕاگەیاند، کە ئاستی کۆنسوڵخانەیان لە هەرێمی کوردستان بۆ کۆنسوڵخانەی گشتی بەرز دەکەنەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ