ڤیدیۆ.. لە ئەمریکا پۆلیس گەنجێکی رەشپێست دەکوژێت و ناڕەزایەتیی لێدەکەوێتەوە


رووداو دیجیتاڵ 

لە شاری گراند راپیدز لە ویلایەتی مشیگنی ئەمریکا، پۆلیسێکی سپیپێست گومانی لە ژمارەی تابلۆی ئۆتۆمبێلی گەنجێکی رەشپێستە و داوای لێدەکات مۆڵەتەکەی پێشان بدات، لەوکاتەدا مشتومڕ دروست دەبێت و پۆلیسەکە بە گولـلە گەنجەکە دەکوژێت. ئەو رووداوەش کاردانەوەی زۆری لێکەوتووەتەوە. 
 
لە وەڵامی داواکاریی پۆلیسەکەدا، گەنجەکە کە ناوی پاتریکە و تەمەنی 26 ساڵانە دەڵێت، مۆڵەتەکەی لە چەکمەچەی لای سەرنشینەکەدایە و دەیەوێت بسوڕێتەوە بۆ ئەوەی بۆی بێنێت، بەڵام پۆلیسەکە ئەوە رەتدەکاتەوە و داوای لێدەکات لە شوێنی خۆی بوەستێت و دەستەکانی بەرزبکاتەوە، بۆیە گەنجەکە رادەکات. 
 
پۆلیسەکە دەیگرێتەوە. دوای ئەوەی کە گەنجە رەشپێستەکە رەتیدەکاتەوە دەمانچەی کارەبایی پۆلیسەکە بداتەوە، پۆلیسەکە دەمانچەکەی دیکەی دەردەهێنێت و گوللـەیەک لە سەری دەدات.
 
کوژرانی پاتریک بەو شێوەیە، خۆپێشاندان و ناڕەزایی دژی پۆلیس لێکەوتەوە. پۆلیس دەڵێت، لێکۆڵینەوەیان لە رووداوەکە دەستپێکردووە.
 
ئێریک وینسترۆم، بەڕێوەبەری پۆلیسی گراند راپیدز لە مشیگن دەڵێت، "ئەمە رۆژێکی سەختە. هاوخەمی خۆم بۆ خێزانی پاتریک لیۆیا دەردەبڕم."
 
رووداوەکە لە 4ـی ئەم مانگە روویداوە.ناوی پۆلیسە بکوژە سپیپێستەکە ئاشکرا نەکراوە. خۆپێشاندەران داوادەکەن بەسزا بگەیێنرێت. 
 
سەرۆکی شارەوانیی شارەکە، کە خۆیشی بە رەچەڵەک ئەفریقییە، هاوخەمی خۆی بۆ هاوڕێیان و کەسوکاری کوژراوەکە دەردەبڕێت. 
 
مارک واشنتن، سەرۆکی شارەوانیی گراند راپیدز لە میشیگنە و دەڵێت، "ئەمە رۆژێکی زۆر خەمگینە بۆ کۆمەڵگەکەمان و ئێمە گوێمان لە دەربڕینی کۆمەڵێک هەست و هەڵوێست بووە. ئێمە ئەمە تێدەپەڕێنین."
 
یاسای ویلایەتی مشیگن رێگە بە پۆلیس دەدات هێزی کوشندە لە دژی تۆمەتبار بەکاربهێنێت ئەگەر پێیوابوو تۆمەتبارەکە دەیەوێت چەکێکی کوشندە بەکاربێنێت.
 
بەگوێرەی بەڕێوەبەری پۆلیسی شاری گراند راپیدز، دەمانچەی کارەبایی بە چەکی کوشندە دانانرێت، بۆیە چاوەڕێ دەکرێت پۆلیسە سپیپێستەکە، وەکو تۆمەتباری کوشتنی ناڕەوا، لێپێچینەوەی لەگەڵدا بکرێت.