ئەمریکا چاودێریی بڕیارەکانی حکومەتی کاتیی سووریا دەکات؛ داهاتووی کورد بەرەو کوێ؟

 
رووداو - واشنتن

ئەمریکا ئامانجیەتی چیدیکە سووریا یەکێک نەبێت لەو مەلەفانەی ئەنجوومەنی ئاسایشی ئەمریکا و سەرۆک پێیەوە سارقاڵ بکرێت، هەربۆیە پێشوازیی لە رێککەوتنی ئەم دواییەی نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات و دەسەڵاتدارێتیی کاتیی سووریا کرد، ئامانجیانە کورد تێکەڵ بە حکومەتی نوێی سووریا ببن و رۆڵێکی گرنگیان هەبێت لە بنیادنانەوەی سووریا و دیموکراسی لەو وڵاتە.
 
هەرچەندە ئەمریکا ئەمە ئامانجیەتی، بەڵام هێشتا متمانەی تەواوی بە دەسەڵاتدارێتیی کاتیی سووریا نییە، بەتایبەت رووداوەکانی ئەم دواییەی رۆژئاوای سووریا و کوشتنی خەڵکی مەدەنیی عەلەوییەکان، نیگەرانییەکانیان سەبارەت بە دەسەڵاتدارێتیی دیمەشق زیاتر کردووە، بە جۆرێک کە مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت، بە وردی چاودێریی بڕیارەکانی داهاتووی دیمەشق دەکەن.
 
پاوڵ داڤیس، پڕۆفیسۆر لە پەیمانگەی جیهانی سیاسەت دەڵێت، "ئەمریکا لەگەڵ رێککەوتنەکەدایە، دەیەوێت سووریا لە هاوکێشەی ناوچەکەدا نەمێنێت، رێککەوتنێکی بەهێز لەنێوان هێزە کوردییەکان و دیمەشقدا هەبێت؛ بەڵام کێشەکە پەیوەندیی بە متمانەوە هەیە، چونکە ئەوەی لە کۆمەڵکوژیی عەلەوییەکان بینیمان، ئاماژەیەکی باش نییە بۆ کورد."
 
لە کۆنگرێسی ئەمریکاش، بۆچوونی جیاواز سەبارەت بە سووریا و دەسەڵاتدارێتیی کاتیی سووریا هەیە و بەشێک لە ئەندامانی کۆنگرێس، لە نێویاندا ئەندامانی کۆمارییەکان (پارتەکەی دۆناڵد ترەمپ)، بۆچوونیان وایە بەرپرسانی حکومەتی کاتیی سووریا پەڕگیرن و دەبێت بە هۆشیارییەوە مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت.
 
ئەندامانی دیموکراتیش لە کۆنگرێس، هەمان بۆچوونی کۆمارییەکانیان هەیە، ئەوان دەیانەوێت کورد بەشدارییەکی بەهێزی لە دیمەشق هەبێت و حکومەتی وڵاتەکەشیان پشتیوانی لەو بەشدارییە بەهێزەی کورد بکات، چونکە بۆچوونیان وایە کە نابێت رێگە بدرێت گرووپە پەڕگیرەکان کۆنترۆڵی تەواوی سووریا بکەن، ئەو دەرفەتەی ئێستا هەیە لەبارببرێت و پێکهاتەکانی سووریا، لەنێویاندا کورد و درووز، هەست بە داهاتووی ئاسایشی خۆیان لەو وڵاتەدا نەکەن.
 
کیم شرایەر، ئەندامی کۆنگرێسی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کرد، "هەمیشە نیگەرانم سەبارەت بە بۆشایی دەسەڵات، پێشتر ئەوەمان لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بینی کە گرووپە تیرۆریستییەکان قۆستیانەوە، دەشمانەوێت هەموو پێکهاتەکانی سووریا پارێزراو بن، نامانەوێت گرووپە پەڕگیرەکان دەست بەسەر وڵاتێکدا بگرن کە دەرفەتی بەرەوپێشبردن و بەدیموکراسی بوونی هەیە."
 
پرسێکی دیکە کە تاوەکو ئێستا جێگەی نیگەرانیی ئەمریکایە، پرسی شەڕی داعش و هەڕەشەی ئەو گرووپانەن بۆسەر بەرژەوەندییەکانی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا، بە جۆرێک کە سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا دەڵێت، نابێت حکومەتی ئەمریکا بە هیچ شێوەیەک ئەو مەلەفە فەرامۆش بکات، دەبێت بەردەوام چاوی لەسەری بێت.
 
شەش سەرچاوەی دیپلۆماسیی ئەمریکا ئاشکرایان کردووە، ئەمریکا هانی کوردی رۆژئاڤایان داوە تاوەکو لەگەڵ دیمەشق رێکبکەون، بۆئەوەی رێگە لە شەڕ و هێرشی زیاتر بۆسەر ئیدارەی خۆسەر بگیردرێت و گوشارەکانی تورکیاش بۆسەر هەسەدە کەم ببنەوە، هەروەها جۆرێک لە دڵنیاییشیان هەبێت بۆ پرسی شەڕی داعش و مانەوەی سەرنجی هێزەکانی سووریای دیموکرات لەسەر شەڕی داعش، ئەوەش لە ئەگەری کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە رۆژئاڤای کوردستان.