سەربازە نیڤشکانەکانی ئۆکرانیا خۆیان پەلی دەستکرد دروست دەکەن

رووداو دیجیتاڵ
ئۆلێکساندەر، سەربازێکی ئۆکراینییە و لە شەڕی وڵاتەکەی لەگەڵ رووسیا دەستێکی لەدەستداوە، بەڵام هێشتا لە پێکانی ئامانجەکانی هەڵە ناکات. ئەو کۆڵی نەداوە و لە سەنتەرێکی تایبەت بە راهێنان و دروستکردنی پەلی دەستکرد کار دەکات و یارمەتی ئەو کەسانە دەدات کە بەهۆی شەڕ بەشێکی جەستەیان لەدەستداوە.
ئۆلێکساندەر زۆزولیاک، لەبارەی کاتی کارکردنی باس لەوە دەکات، "ماوەیەکی زۆر وەک خاوەنکارێکی تایبەت کارم کردووە و دواتر دوای برینداربوون لەگەڵ پۆلیسدا کارم دەکرد، لە ساڵی رابردووشەوە وەک ئەندازیار دەستم بەکار کردووە. من خەریکی باشترکردنی پەلە دەستکردەکانم، هەوڵدەدەم لکاندنی دەستکردەکان، دانانی هەستەوەرەکان، بەستنەوەی ئەم هەستەوەرانە باشتر بکەم. من چەن پەلی دەستکردم دروستکردووە و زۆر باش کار دەکەن."
بەردەوامی شەڕی رووسیا و ئۆکراینا وایکرد تاوەکو خۆبەخشان و کۆمپانیا ناوخۆییەکانی ئۆکراینا دەست بە دروستکردنی پەلی دەستکرد بکەن تاوەکو ئەو تێچووە زۆرەی کەم بکەنەوە کە لە لایەن وڵاتانی دیکە کە دەگاتە 5 بۆ 50 هەزار دۆلار.
ساو رۆمان کیپکالۆ، دیزاینەری تەکنیکی سێ رەهەندییە و لەبارەی ئاڵنگارییەکانی بەردەم چارەسەرکردنی نەخۆشەکان باس لەوە دەکات، "ئێمە ناتوانین هەموو شتێک بکەین. هەندێ بەشی ستانداردی هەیە، وەکوو بەشی میکانیک و بەشی ئێلکترۆنیک بۆ دەست و بەشەکای دیکە کە گەورەترین چالێنج بۆ ئێمە دروستکردنی پەیوەندییە لە نێوان جەستەی نەخۆش و بەشە ستانداردەکان، چونکە ئەم پەیوەندییە هیچ کات ستاندارد نییە. هەموو نەخۆشێک دەستێکی تایبەتی هەیە بۆیە زۆربەی کاری ئێمە خۆی لە دروستکردنی پەیوەندییە."
لە سەنتەرەکەدا 80 کەس چارەسەری وەردەگرن کە لەماوەی دوو ساڵی رابردوو لە رووداوی جیاواز دا برینداربوون. جگە لە دانانی پەلی دەستکرد، رۆژانە وەرزش دەکەن و پڕن لە وزە و هیوا بۆ داهاتووی ئۆکراینا .
ئیڤان لوبشکردەی، یەکێکی دیکەیە لە سەربازە بریندارەکان و لە سەنتەرەکە راهێنان دەکات، ئەو دەڵێت، "گرنگ نییە رێککەوتنەکان چۆن بن، من پێم وایە ئۆکراینا ئەم شەڕە دەباتەوە و داهاتوویەکی باش بۆ ئۆکراینا هەیە، چونکە ئێمە شایەنی ئەوەین، ئێمە شایەنی شتی گەورەین، چونکە ئێمە ژیانی خۆمان بەخت کرد، زۆربەی سەربازەکانمان دەست و قاچیان لەدەست دا."
لە ماوەی سێ ساڵی شەڕی رووسیا و ئۆکراینا تاوەکو ئێستا نزیکەی 400 هەزار سەرباز بریندار بوون. لە بەشێک لە شوێنە گشتییەکان سندووقی پارە بۆ دروستکردنی پەلی دەستکرد داندراوە.