رووداو دیجیتاڵ
سوپای رووسیا شارۆچکەیەکی دیکەی لە هەرێمی کورسک کۆنتڕۆڵ کردەوە. ئەویش شارۆچکەی سوداژیایە. سەرۆکی رووسیا فەرمانی بە سوپاکەی کردووە؛ پێشڕەوییەکانیان خێرا بکەن، پێش گەیشتن بە ئاگربەست.
ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا دەڵێت: "دەمانەوێت وردەکاریی بزانین، ئاگربەست چۆن دێتە ئاراوە و گەرەنتیی بەردەوام چۆن دەبێت و کێ کۆنترۆڵی کوێ دەکات؟ هیوادارم هەمووان بە ژیری بیر بکەنەوە و ئەمانە هەمووی پرسیاری جیدین و دەبێت وەڵامیان هەبێت."
سوپای رووسیا رایگەیاندووە، 86٪ی ئەو ناوچانەی هەرێمی کورسکیان کۆنترۆڵ کردووەتەوە، کە لە ئابی پارەوە کەوتە دەست ئۆکراینییەکان، کە دەکاتە هەزار و 100 کیلۆمەتر چوارگۆشە.
ئەمەش لە کاتێکدایە؛ هەفتەی رابردوو، هەریەک لە ئەمریکا و ئۆکراینا لەسەر ئاگربەستێکی کاتی 30 رۆژیی رێککەوتن؛ بەم بڕیارەش تۆپەکەیان هەڵدایە گۆڕەپانی رووسیاوە.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت: "وردەکاری زۆر لەبارەی رێککەوتنی کۆتایی باس کراون و ئێستا چاوەڕێین بزانین رووسیا ئامادەیە بێتە پێش یان نا، ئەگەری نەیەن، ئەوا ساتێکی نائومێدکار دەبێت بۆ هەموو جیهان."
هاوکات، ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا دەڵێت: "ئەوەی لە پووتین بیستمان، هەست دەکەین ئەو ئامادەکاریی دەکات بۆ رەتکردنەوەی ئاگربەستەکە. بێگومان پووتین ترسی هەیە راستەوخۆ بە سەرۆک ترەمپ بڵێت ئەو دەیەوێت شەڕ بەردەوام بێت و سەرجەم ئۆکراینییەکان لەناوبەرێت."
لەگەڵ دەستپێکردنی دانوستانەکاندنەکان بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی سێ ساڵەی ئۆکراینا؛ رووسیا پێشڕەوییەکانی خێراتر کردووە و تەنیا لەماوەی هەفتەی رابردوودا، سووپای رووسیا 24 کۆمەڵگە و 259 کیلۆمەتر چوارگۆشەی کۆنترۆڵ کردووەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ