رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسانی باڵای وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە تۆڕی میدیایی رووداو-یان راگەیاند، ساڵی داهاتوو باڵەخانەی نوێی کۆنسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر تەواو دەبێت و بەتەواوەتی کاری تێدا دەکرێت. هەروەها ئاشکرایان کرد، ستافەکەی بەهێواشی و قۆناخ بە قۆناخ زیاد دەکەن.
داگلاس پیتکن، بەڕێوەبەری نووسینگەی بودجە و پلاندانان لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، رۆژی چوارشەممە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە واشنتن بە دیار کوردە، بەرپرسی نووسینگەی رووداو لە ئەمریکای راگەیاند، باڵەخانە نوێیەکەی کۆنسوڵخانەی ئەمریکا لە شاری هەولێر کە ئێستا کاری تێدا دەکرێت، ساڵی داهاتوو تەواو دەبێت، بەڵام بە تەواوبوونیشی نابێتە هۆی ئەوەی ستافێکی زۆری بۆ دابنرێت، ئەمەش بەهۆی رووداو و پێشهاتەکانی ئەمدواییەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و کەمکردنەوەی ژمارەی ستافی کاری ئەمریکا لەو ناوچەیە.
لەوبارەیەوە، داگلاس پیتکن، بەڕێوەبەری نووسینگەی بودجە و پلاندانان لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت: "ژمارەی کارمەندەکان زیاد دەبن، ئەمەش بەهۆی ئەوەی ئێمە پشت بە زۆر هێزی جیاواز دەبەستین بۆ پاڵپشتیکردنی پێگەکانمان. هەروەها لەم رووەشەوە ئەگەر تەماشا بکەیت لەسەر نەخشەی کۆنی هێزی پاراستنی نوێنەرایەتییەکانە و راستییەکەشی داواکارییەکەمان بۆ زیادکردن نزیکەی 4٪ بۆ 5٪ـە. ئەمەش تەنیا بۆ ئەو ژمارەیەیە کە لە هێزەکانماندا هەبووە."
دەشڵێت، "ئێمە بێگومان چاوەڕێ دەکەین کۆنسوڵخانەی هەولێر بەتەواوەتی دەستبەکار بێت. بێگومانیش هەندێ لە کارەکان دواکەوتن، بەڵام چاوەڕێ دەکرێت تاوەکو ساڵی 2025 تەواو بێت و ئەوکاتیش ئاژانسی خزمەتگوزاری حکومەت، پشکێکی زیاتر بگرێتە ئەستۆ لە دابینکردنی خەرجییەکانی هێزە تایبەتەکان لە هەولێر".
سەبارەت، بە زیادکردنی ژمارەی ستاف و کارمەندانی کۆنسوڵخانەی نوێی ئەمریکا لە هەولێر، ریچارد ڤێرما، جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری کارگێڕی و سەرچاوەکان، بە رووداوی راگەیاند: "ماوەیەک لەمەوپێش لەوێ [هەولێر] بووم. گەشتێکی هەستبزوێن بوو بۆ هەولێر نەک تەنیا بە بینینی خەڵکەکەی خۆمان بەڵکو بە بینینی بەرپرسانی باڵای حکومی و هەروەها بە ئاستی پابەندیمان لەوێ. نازانم ژمارە راستەقینەکان چەند دەبن، بەڵام ژمارەیەکی زۆر دەبێت لەو بەشەی جیهان."
باس لەوەش دەکات، ستافەکە "توانای پێشکێشکردنی خزمەتگوزاریی تەواویشیان دەبێت. هیچ زیادکردنێکی دیاریکراو نییە، بەڵام بەهۆی خاوبوونەوەی کارەکان، لە دەرئەنجامی دۆخی ناوچەکە، رەنگە ئێمە زیادکردنەوەیەکی هێواشی ستافەکە ببینین، تاوەکو بتوانین شوێن بۆ تەواوت ستافەکە دابین بکەین، نەک زیادبوونێکی لەبەرچاو".
لەساڵی 2021 لەکاتی دەستپێکردنی دروستکردنی باڵەخانەی نوێی کونسوڵخانەی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان، رایگەیاند، "ئەو کونسوڵخانەیە گەورەترین کونسوڵخانە دەبێت لە جیهاندا".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ