لە کەنەدا پیکابێک خۆی بە نێو خەڵکدا دەکات؛ دوو کوژراو و نۆ برینداری لێکەوتەوە

رووداو  دیجیتاڵ

لە شارۆچکەی ئامکیی هەرێمی کێبێکی کەنەدا، پیکابێک خۆی بەنێو خەڵکی پیادەی سەر شۆستەیەکدا کرد، لە ئەنجامدا دوو کەس گیانیان لەدەستدا و نۆی دیکەش برینداربوون. پۆلیس دەڵێت رووداوەکە "تیرۆرستی" نییە. 
 
هێلێن سانپیێر، گوتەبێژی پۆلیسی کێبێک رایگەیاند، شوفێرەکە خۆی رادەستکردووە. هەروەها گوتی "دوو لە بریندارەکان برینەکانیان سەختن". 
 
هێلێن سانپیێر دەڵێ: شوفێرەکە تەمەنی 38 ساڵە و خەڵکی شارۆچکەکەیە. دوای خۆڕادەستکردنی، لە لایەن پۆلیسەوە بە تۆمەتی خۆلێدان لە خەڵک بە ئۆتۆمبێل و راکردن، دەستبەسەرکراوە. 
 
بەرپرسێکی باڵای حکومیی ئاگادار لە بابەتەکە ئاماژەی بەوە کردووە، رووداوەکە "تیرۆرستی"، یان پەیوەندیی بە ئاساییشی نیشتمانییەوە نەبووە. 
 
رووداوەکە رۆژی دووشەممە کاژێر 03:00ـی دوای نیوەڕۆ بەکاتی کەنەدا (کاژێر 10:00ـی شەو بەکاتی هەولێر) روویداوە. 
 
دەستەی تەندروستیی کێبێک رایگەیاند، لە نەخۆشخانەی گشتیی ئامکی ئاستی ئامادەباشیی "پرتەقاڵی" راگەیێندراوە، کە تایبەتە بەو کاتانەی ژمارەیەکی زۆری بریندار هەن.