چۆن ژنە شەمشەمەکوێرەکەی چین لە ڤایرۆسی سارسەوە بە کۆرۆنای نوێ گەیشت؟

 
 
 
رووداو - هەولێر

پزیشکێکی ڤایرۆسناسی چینی کە پێیدەگوترێت "ژنە شەمشەمەکوێرەکە" و بۆ یەکەمجار ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێی دۆزییەوە، ئاماژە بەوە دەکات، زۆربەی ڤایرۆسەکانی جۆری کۆرۆنا زیانیان بۆ مرۆڤ نییە و هەموویان کوشندە نین.
 
کاژێر 07:00ی ئێوارە بە کاتی ووهان، 30ی کانوونی یەکەمی 2019 نموونەکانی نەخۆشییەکی گوماناوی گەیشتنە پەیمانگەی ڤایرۆسناسیی ووهان. چەند خولەکێک دواتر زەنگی تەلەفۆنی "شی ژێنگلی" لێدرا و داوای لێکرا لە تاقیگەی خۆی پشکنین بۆ ڤایرۆسێک بکات کە لە دوو نەخۆشخانەی ئەو شارە دۆزراوەتەوە. 
 
شی ڤایرۆسناسێکی چینییە و لەلایەن هاوڕێکانییەوە بە ژنە شەمشەمەکوێرەکە ناسراوە، لەبەر ئەوەی لێکۆڵینەوەی زۆری لەسەر ئەو ڤایرۆسانە کردووە کە لەو زیندەوەرەوە بۆ مرۆڤ دەگوازرێنەوە.
 
لەدوای پشکنین بۆ سامپڵی نەخۆشیەکەی ووهان، شی بۆی دەرکەوت کە ڤایرۆسەکە لە خێزانی ڤایرۆسی کۆرۆنایە و هەمان شێوەی سارسە کە  لە ساڵانی 2002 و 2003 بڵاوبووەوە و بووە هۆی گیانلەدەستدانی نزیکەی 800 کەس کە گومان دەکرا ڤایرۆسەکە لە شەمشەمەکوێرەوە بۆ مرۆڤ گوازرابێتەوە. 
 
شی و هاوکارەکانی لە ساڵی 2004 بۆ ماوەی هەشت مانگ لەنێو شاخەکانی گوانگشی لە چین ئەشکەوت بە ئەشکەوت بەدوای شەمشەمەکوێرەدا دەگەڕان بۆ ئەوەی نموونەیان لەسەر کۆبکەنەوە و لە ڤایرۆسەکە بکۆڵنەوە. بەڵام دوای هەشت مانگ لە گەڕان، هیچ ڤایرۆسێکیان لەو شەمشەمەکوێرانە نەدۆزیەوە کە لە خێزانی ڤایرۆسەکانی کۆرۆنا بێت. 
 
شی ئاماژە بەوە دەدات، هەر ئەو کاتە دەستەیەکی دیکە پەیوەندییان پێوە کرد بۆ ئەوەی ئامڕزای پزیشکیی تایبەت بە پشکنین بە گرووپەکەی شی بدەن. 
 
تیمەکە پێشتر ئامڕازەکانی بەکارهێنابوو بۆ پشکنین لەسەر ئەو دژەتەنانەی کە سیستەمی بەرگریی تووشبووانی ڤایرۆسی سارس لە دژی ڤایرۆسەکە دروستی کردبوون.
 
بە بەکارهێنانی ئەو ئامڕازانە، شی و هاوکارەکانی بۆیان دەرکەوت کە شەمشەکوێرەکانی ئەشکەوتەکانی گوانگشی هاوشێوەی تووشبووانی سارس دژەتەنی دژی ڤایرۆسی سارسیان هەیە، ئەوەش ئاماژەیەک بوو بۆ ئەوەی کە پێشتر هەڵگری ڤایرۆسەکە بوون. لەبەر ئەوەش گومانیان لا دروستبوو کە رەنگە ڤایرۆسەکە وەرزی بێت و چەند مانگێک جارێک دەربکەوێت. بۆیە بڕیاریان دا پشکنین لەسەر شەمشەمەکوێرەکانی ناوچەیەکی دیکە بکەن.
 
بۆ ئەو مەبەستەش، پشکنینیان بۆ شەمشەمەکوێرەکانی ئەشکەوتێکی پارێزگەی یونانی چینی کرد. لە ئەنجامدا بۆیان دەرکەوت، بە سەدان ڤایرۆس لە شەمشەمەکوێرەکاندا هەن کە هەر هەموویان سەر بە خێزانی کۆرۆنان. 
 
شی دەڵێت، "زۆربەیان زیانیان بۆ مرۆڤ نییە، جگە لە نزیکەی 12یان کە هاوشێوەی سارسن و کوشندەن".
 
شی باسی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ دەکات کە ئێستا بە کۆڤید-19 ناسراوە و دەڵێت، ڤایرۆسەکە هاوشێوەی سارسە و بۆیە لە سەرەتادا ناویان لێنابوو ڤایرۆسی سارسی دووەم.
 
بە گوتەی شی، ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێیش لە شەمشەمەکوێرەوە بۆ مرۆڤ گوازراوەتەوە، بەڵام مەرج نییە راستەوخۆ بێت، چونکە ئەو شوێنەی ڤایرۆسەکەی لێ بڵاوبووەوە، بازاڕێکی گیانەوەرە کێویەکانی وەکو شەمشەمەکوێرە، مار، تیمساح و پەنگۆلین و جرج بوو. شی دەڵێت، دەکرێت ڤایرۆسەکە بۆ یەکێک لەو گیانەوەرانە گوازرابێتەوە و دواتریش بۆ مرۆڤ. 
 
هەروەها ژنە شەمشەمەکوێرەکە دەڵێت، راستە شەمشەمەکوێرەکان سەرچاوەی ڤایرۆسەکەن، بەڵام ئەوان کێشەکە نین؛ کێشەکە ئێمەین کە دەستیان لێدەدەین و بەریاندەکەوین. تەنها بە دوورکەوتنەوە لێیان پارێزراو دەبین. 
 
یەکەم تووشبووی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە 30ی کانوونی دووەمی 2019 لە شاری ووهانی چین راگەیێندرا و ئێستا بووەتە پەتایێکی جیهانی و لە 149 وڵات و هەرێم بڵاوبووەتەوە و ژمارەی تووشبووانیشی 150هەزار کەسی تێپەڕاندووە و زیاتر لە پێنج هەزار و 600 کەسیش بەهۆیەوە گیانیان لەدەستداوە.