رووداو دیجیتاڵ
وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا لە گفتوگۆدان بۆ تووندکردنی زیاتری رێکارەکانی پێدانی ڤیزا بە هاووڵاتییانی عێراقی، ئەمەش وەکو خاڵێکی دیکەی گوشار بۆ سەر دەسەڵاتدارانی عێراقی تاوەکو هاوئاهەنگییان زیاتر بێت لەبارەی پرۆسەی دیپۆرتکردنەوەی پەناخوازان لە ئەوروپاوە بۆ عێراق.
وڵاتانی ئەندام لە یەکێتیی ئەوروپا پلانیان هەیە لە ئایندەدا رێکارەکانی پێدانی ڤیزا بۆ هاووڵاتییانی عێراق و گامبیا تووندتر بکەن، ئەمەش بەهۆی ئەوەی بەرپرسانی ئەوروپا پێیانوایە هیچ کام لەو دوو وڵاتە هاوئاهەنگ نەبوون لە پرۆسەی دیپۆرتکردنەوەی کۆچبەرانی نایاسایی لە وڵاتانی ئەوروپاوە بۆ عێراق و گامبیا لە ئەفریقا.
لە ساڵی 2019، عێراق و گامبیا بەشێک بوون لەو وڵاتانەی رێکاری تووندی پێدانی ڤێزای ئەوروپایان بەسەردا سەپێندرا، ئەمەش بەهۆی ئەوەی لەگەڵ وڵاتانی ئەوروپا هاوکار نەبوون بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی کۆچبەران، کە چەندین ساڵە رووبەڕووی وڵاتانی ئەوروپا بووەتەوە.
بەگوێرەی ئاماری ساڵی رابردووی یەکێتیی ئەوروپا، خەرجیی دیپۆرتکردنەوەی تەنیا یەک پەناخواز، 15 هەزار یۆرۆیە.
بەگوێرەی ئاژانسی چاودێریی سنوورەکانی وڵاتانی ئەوروپا (فرۆنتێکس)، لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی 2023دا وڵاتانی ئەوروپا زیاتر لە 18 هەزار پەناخوازیان دیپۆرتکردووەتەوە کە مافی پەنابەرێتییان لە ئەوروپا رەتکراوەتەوە. ئەمەش بەراورد بە ساڵی پێشتر، 60٪ زیادی کردووە. ساڵی 2022، یەکێتیی ئەوروپا نزیکەی 9 هەزار پەناخوازی دیپۆرتکردبووەوە. لەوانە چوار هەزاریان لەلایەن ئەڵمانیاوە دیپۆرتکراونەتەوە.
ئامارەکانی یەکێتیی ئەوروپا ئاماژە بەوە دەکەن لە ساڵی 2006وە تاوەکو ساڵی 2021، وڵاتانی ئەوروپا 352 پەناخوازی نایاساییان دیپۆرتی عێراق کردووەتەوە.
ساڵی رابردوو، ئاژانسی فرۆنتێکس ئاماژەی بەوەکرد بۆ چوار ساڵی داهاتوو، 40 ملیار یۆرۆ تەرخاندەکات بۆ دابینکردنی فڕۆکە و خەرجییەکانی دیکەی دیپۆرتکردنەوەی پەناخوازان لە ئەوروپاوە بۆ وڵاتانی خۆیان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ