رووداو دیجیتاڵ
رووداوێکی تەقەکردن لە زانکۆی ویلایەتی میشیگنی ئەمریکا روویداو و لانیکەم سێ کەس کوژران و پێنج کەسی دیکەش برینداربوون. پۆلیس دەڵێت تەقەکەرەکە خۆیشی کوشتووە.
رۆژی سێشەممە، 14ـی شوباتی 2023، کریس رۆزمان، جێگری فەرماندەی پۆلیس لە زانکۆی ویلایەتی میشیگن رایگەیاند، گومانلێکراوەکە کاژێر 8:00ـی ئێوارەی رۆژی دووشەممە بەکاتی نێوخۆ [4:00ـی بەرەبەیانی رۆژی سێشەممە بەکاتی هەولێر] تەقەی لەنێو کامپەسی زانکۆکەدا کردووە.
دوای ئەوە، بەگوێرەی پۆلیس تەقەکارەکە بەپێ چووەتە بەردەم باڵەخانەیەکی دیکە و لەوێش دەنگی تەقە بیستراوە. دواتر، لە کۆنفڕانسێکی دیکەی رۆژنامەڤانیدا وەک رۆزمان رایگەیاند: "تەقەکەرەکە دوای ئەوەی خۆی بریندارکردووە، بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە گیانی لەدەستداوە".
دوای ئەوە، پۆلیسی زانکۆی ویلایەتی میشیگن لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "پشتڕاستکراوەتەوە کە سێ کەس گیانیان لەدەستداوە. ئەوەش جگە لە پێنج کەسی دیکە، کە بریندارن و گوازراونەتەوە بۆ نەخۆشخانە".
رۆزمان بە رۆژنامەڤانانی گوت، بەشێکی ئەوانەی برینداربوون، برینەکانیان سەختە.
پۆلیس وێنەی گومانلێکراوێکی بڵاوکردەوە، کەسێکی رەشپێستی باڵاکورتە، پێڵاوێکی سووری لەپێ بووە لەگەڵ چاکەتێکی کابۆیی و کڵاوێکی یاریی باسکە، بەڵام گوتی جارێ ناسنامەی دیار نییە.
رۆزمان لەو بارەیەوە گوتی سەدان پۆلیسیان راسپاردووە بۆ ئەوەی ئاسایشی زانکۆکە بپارێزن. گوتیشی تائێستا پاڵنەری پشت رووداوەکە دیار نییە.
بەرپرسانی میشیگن رایانگەیاندووە لەدوای رووداوەکە بۆ ماوەی 48 کاژێر هەموو چالاکییەکی زانکۆی ویلایەتی میشیگن رادەگرن.
بەگوێرەی پێگەی وێبۆمێتریکسی پۆڵێنبەندیی زانکۆکانی جیهان، زانکۆی ویلایەتی میشیگن پلەی 47ـی لەسەر ئاستی جیهاندا هەیە و لەسەر ئاستی ئەمریکاش لە کۆی نزیکەی 5 هەزار و 300 زانکۆ و کۆلێژ، پلەی 34ـەمی هەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ