هێزێکی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی لیبیا بۆ پاڵپشتی لە حکومەتی نیشتمانی گەیشتە تەرابلوس

 
رووداو دیجیتاڵ

هێزێکی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی لیبیا لە میسراتە و چەند شارێکی دیکەوە گەیشتە تەرابلوسی پایتەخت بۆ دەربڕینی پاڵپشتی بۆ حکومەتی نیشتمانیی لیبیا بە سەرۆکایەتیی عەبدولحەمید دبیبە.
 
ئەو هەنگاوەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان دوای راسپاردنی سەرۆکوەزیرانێکی نوێ هات لەلایەن پەرلەمانی لیبیاوە بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی کاتی، جیا لەو حکومەتەی کە لە تەرابلوس هەیە، بۆیە مەترسیی هەیە دیسان دوو ئیدارەیی لە لیبیا قووڵ ببێتەوە.
 
عەقید ئیبراهیم محەممەد، فەرماندەی هێزی ئۆپەراسیۆنەکان لە تەرابلوس رایدەگەیێنێت، "بێگومان هۆکاری سەرەکیی بوونمان لێرە، پاراستنی رێڕەوی دیموکراسییە لە لیبیا، بێگومان لە ساڵی 2011 شۆڕشمان دژی دەسەڵاتی سەربازی کرد و دەسەڵاتی سەربازی قبووڵ ناکەین، بۆیە هاتووین لێرە بەرگری لە شەرعیەتی نێودەوڵەتی بکەین".
 
مەترسی هەیە ئەم پێشهاتانە لە لیبیا ببنە هۆی هەڵگیرسانەوەی شەڕی نێوخۆ لەو وڵاتە کە لە رووخانی دەسەڵاتی موعەمەر قەزافی لە ساڵی 2011وە گیرۆدەی شەڕی نێوخۆ و دوو ئیدارەیی و بڵاوبوونەوەی چەک و دروستبوونی چەندین گرووپی چەکدار بووەتەوە، کە تەنانەت هەڕەشە لە حکومەتیش دەکەن.
 
دوای بڕیارەکەی پەرلەمان خۆپێشاندەران لە شارەکانی میسراتە و تەرابلوس هەینیی رابردوو رژانە سەر شەقامەکان بۆ رەتکردنەوەی بڕیارەکەی پەرلەمانی لیبیا.
 
جەمال محەممەد، خۆپێشاندەر دەڵێت، "بەشێکی چالاکڤانەکان لە شاری تەرابلوس و چەند شارێکی نزیکی دیکە رێککەوتن ئەمڕۆ خۆپێشاندان بکەن بەهۆی چەند هۆکارێک، بەهۆی زێدەڕۆیی نایاسایی پەرلەمانی توبرق و ئەنجوومەنی باڵا، ئەم ناڕەزایەتییەش بەهۆی ناڕەوایی ئەو یاسایانەیە لەگەڵ نایاساییبوونی ئەو دامەزراوانەیە لە ژیانی سیاسیی لیبیا".
 
بڕیاری پێکهێنانی حکومەتێکی کاتی لە شاری توبرقی لیبیا، یەکێکە لە لێکەوتەکانی بەڕێوەنەچوونی هەڵبژاردنی گشتی لەو وڵاتە، کە بڕیاربوو لە کۆتایی ساڵی 2021دا بکرێت، هەر خۆی لە بنەڕەتدا بەڵێنی بەڕێوەچوونی ئەو هەڵبژاردنە وایکرد لایەنە ناکۆکەکان حکومەتی پێشووی توبرق هەڵبوەشێننەوە و حکومەتی یەکێتیی نیشتمانیی لیبیا پێکبهێنن.