کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن بە بەشداریی 500 سەرۆک و بەرپرسانی باڵای جیهان بەڕێوەدەچێت

14-02-2020
بژار زوبێر @BBashqaly
هۆتێل بایریشێر هۆف کە کۆنفرانسی ئاسایشی میونشنی تێدا بەڕێوەدەچێت. وێنە: AFP
هۆتێل بایریشێر هۆف کە کۆنفرانسی ئاسایشی میونشنی تێدا بەڕێوەدەچێت. وێنە: AFP
نیشانەکردن میونشن 2020
A+ A-

رووداو - هەولێر

نزیکەی 500 سەرۆک، سەرۆکوەزیر، وەزیرانی دەرەوە و بەرگریی وڵاتان و کەسایەتیی دیکەی جیهانی لە 56ـەمین کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن بەشداردەبن لەنێویاندا مەسروور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان؛ لە کۆنفرانسەکەدا باس لەو بابەتانە دەکرێت کە کاریگەرییان لەسەر ئاسایشی نێودەوڵەتی هەیە و جێی بایەخی جیهانن.
 
بەمەبەستی بەشداریکردن لە کۆنفرانسەکەدا، ئەمڕۆ هەینی 14-2-2020 مایک پۆمپەیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، مارک ئێسپەر، وەزیری بەرگریی ئەمریکا و جەیمس جێفری، نوێنەری ئەمریکا بۆ سووریا گەیشتنە ئەڵمانیا.
 
سەرنجی بەرپرسانی ئەمریکا لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن لەسەر رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر، دۆخی سووریا، پرسی ئاشتیی نێوان فەلەستین و ئیسرائیل، پرسی ئاشتیی ئەفغانستان و گوشارەکانە بۆسەر ئێران.
 
هاوکات رۆژی پێنجشەممە شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش بە سەرۆکایەتیی مەسروور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان گەیشتنە ئەڵمانیا بۆ بەشداریکردن لە کۆنفرانسەکەدا و چاویان بە گەورە بەرپرسان و بڕیاربەدەستانی جیهانی دەکەوێت.
 
گرنگترین تەوەرەکانی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن بریتی دەبن لە:
 
- مەترسی نەمانی کاریگەریی رۆژئاوا لە سیاسەتی نێودەوڵەتی، بەهۆی نەبوونی لێکتێگەیشتن و بەرژەوەندیی هاوبەش لەنێوان وڵاتە رۆژئاواییەکان و بەجێهێشتنی گۆڕەپانەکە بۆ وڵاتانی دیکە لە سەردەمێکی پڕ لە رکابەرایەتی.
 
- سیاسەتی بەرگری و ئاسایشی وڵاتانی ئەتڵەنتیک و ئەوروپی لە جیهانێکی فرەجەمسەر و خاوەن زلهێزی وەک رووسیا و چین، هەروەها زیادبوونی گرووپە چەکدارەکان و مەترسییان لەسەر ئاسایشی نێودەوڵەتی.
 
- ئاسایشی ئەلیکترۆنی و تەکنەلۆجی لە سەدەی 21دا کە خۆی لە تاوتوێکردنی مەترسییەکانی بەکارهێنانی ئینتەرنێت بۆ سیخوڕیکردن و تێکدانی ژێرخانی وڵاتان دەبینێتەوە.
 
- ئاسایشی مرۆڤایەتی: مەترسییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا، نەخۆشییە گواستراوەکان و پێشێلکردنی مافی مرۆڤ.
 
- ئاسایشی ئابووری و سەرچاوەکانی داهات: کەمبوونەوەی سەرچاوەکان و زیادبوونی کێشەی جیۆسیاسی و ئابووری، لەکاتێکدا ژمارەی دانیشتووانی جیهان لە زیادبووندایە و پێداویستییەکانی زیاتر دەبن.
 
- ئاسایشی نێونەتەوەیی: مەترسییەکانی بەقاچاخبردنی ماددەی هۆشبەر و چەک، بازرگانیکردن بە مرۆڤ، بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆمی، تیرۆر.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە