رووداو دیجیتاڵ
عێراق بە فەرمى سەرۆکایەتیى کۆمەڵەى 77 و چینى لە نەتەوە یەکگرتووەکان وەرگرت. وەزیرى دەرەوەی عێراق دواى وەرگرتنى سەرۆکایەتیی کۆمەڵەکە رایگەیاند: "عێراق لە ماوەى سەرۆکایەتیکردنەکەیدا کار بۆ قەڵاچۆکردنى هەژاری و پاڵپشتیى دەستپێشخەرییەکان بۆ رووبەڕووبوونەوەى گۆڕانى کەشوهەوا دەکات."
رێوڕەسمی وەرگرتنى ئەو بەرپرسیارێتییە لە 13ى کانوونى دووەمى 2025 لە نەتەوە یەکگرتووەکان بەڕێوەچوو. فوئاد حوسێن وەزیرى دەرەوە، بەرپرسیارێتییەکەى وەرگرت.
لە گوتارێکدا فوئاد حوسێن گوتى: "عێراق لە رێگەى سەرۆکایەتیکردنى ئەو کۆمەڵە، کار دەکات بۆ هێنانەکایەى گەشەپێدانى بەردەوام لەرێگەى گرنگیدان بە قەڵاچۆکردنى هەژارى و باشکردنى تەندروستى و خوێندن و بەهێزکردنى هاریکاریى نێودەوڵەتى، لەگەڵ پاڵپشتیکردنى دەستپێشخەرییە جیهانییەکان بۆ رووبەڕووبوونەوەى گۆڕانى کەشوهەوا و دەستبەرکردنى پارەى پێویست بۆ وڵاتانى تازە گەشەسەندوو."
کۆمەڵەى 77 و چین، لە 1964 دامەزراوە، هاوپەیمانێتییەکى نێودەوڵەتى نێو نەتەوە یەکگرتووەکانە، زیاتر لە 130 وڵات تیایدا ئەندامن و ئامانجى بەرگریکردنە لە بەرژەوەندى وڵاتانى گەشەسەندوو بۆ بەرزکردنەوەى ئاستى ئابوورییان.
فوئاد حوسێن باسی لە "تێڕوانینى عێراق 2030 " کرد بەوەى ئامانج لێى هێنانەکایەى گەشەپێدانى گشتگیر و بەردەوامە بۆ ئەوەى ئابووریى عێراق بکاتە فرەچەشن و گەشەسەندوو.
وەزیری دەرەوەی عێراق گوتى: "عێراق پابەندە بە هاوکاریکردنى ئەندامانى گرووپەکە بۆ بەدیهێنانى خواستى گەلان بۆ ئاشتى و گەشەپێدان و گەشەسەندن."
لە کۆبوونەوەى 48ـەمینى کۆمەڵەى 77 و چین لە 27ى ئەیلوولى 2024، عێراق بۆ یەکەمجار بەربژێر کرا، بۆ ئەوەى سەرۆکایەتیى کۆمەڵەکە بکات لە 2025، کە ماوەکەى ساڵێکە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ