رووداو دیجیتاڵ
کیەر ستامەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا ئەمڕۆ سێشەممە پێشوازی لە هاوتا عێراقییەکەی، محەممەد شیاع سوودانی دەکات بۆ گفتوگۆکردن لەسەر بازرگانی، ئاسایش و کۆچبەران. بەغدا سەردانەکە بە "سەردەمێکی نوێ" ی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات ناودەبات.
سەردانی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ لەندەن، کە تێیدا چاوی بە شا چارڵزی سێیەمیش دەکەوێت، زیاتر لە 20 ساڵ دوای بەشداریکردنی بەریتانیا لە داگیرکردنی عێراق بە سەرکردایەتی ئەمریکا دێت.
سوودانی لە کاتی گەشتەکەیدا بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند: "هاوبەشییەکی ستراتیژی" لە ماوەی گەشتەکەدا واژۆ دەکرێت، کە دەبێتە هۆی بەهێزکردنی هاوئاهەنگی و "یەکێک لە گرنگترین هەنگاوەکان لە پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و شانشینی یەکگرتوو".
هاوکات نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا رایگەیاند، سەردانەکە دەبێتە دەستپێکێک بۆ گفتوگۆکردن لەسەر رێککەوتنی گەڕاندنەوەی کۆچبەرە نایاساییەکانی عێراق لە بەریتانیا، نووسینگەی داونینگ ستریتی ستارمەر ڕایگەیاند.
نووسینگەکە هەروەها ئاماژەی بەوە کردووە، لە سەردانەکەدا ستامەر و سوودانی باس لە زیادکردنی قەبارەی هەناردەی بەریتانی بۆ عێراق دەکەن بۆ ئەوەی بگاتە 15 ملیار دۆلار کە یەکسانە بە نزیکەی 10 هێندەی کۆی گشتی ئاڵۆگۆڕی بازرگانیی پاری نێوان هەردوو وڵات.
کۆچی نایاسایی و یاسایی بابەتێکی سەرەکی بوو لە هەڵبژاردنی گشتیی مانگی تەممووزی بەریتانیا، کە پارتی کاری سەرۆکوەزیرانی هێنایە سەر دەسەڵات. لە هەمان هەڵبژاردندا پارتی ریفۆرمی راستڕەوی تووندڕۆی دژە کۆچبەری نایجڵ فاراج سەرکەوتنی بەرچاوی تۆمارکرد.
ستامەر لە راگەیێندراوەکەدا دەڵێت: "سنووری پارێزراو بنەمایەکی گرنگە بۆ پلانی گۆڕانکاریمان، بۆیە زۆر دڵخۆشم بە دەستپێکردنی گفتوگۆ لەسەر رێککەوتنێکی تایبەتی گەڕاندنەوە[ی کۆچبەران] لە نێوان وڵاتەکانمان."
سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا دەشڵێت: "رێککەوتنەکە یارمەتیدەردەبێت لە هەڵوەشاندنەوەی بازرگانیی قاچاخچیییەکان و پەیامێکی روون دەبێت بەوەی ئەگەر بە شێوەیەکی نایاسایی بێیتە ئێرە، ناتوانیت چاوەڕێی مانەوە بکەیت."
وەزیری ناوخۆ ئیڤێت کوپەر، دوای سەردانێک بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان لە مانگی تشرینی دووەم، گوتی هەردوو وڵات رێککەوتنێکی ئەمنی و چەند رێککەوتنێکی دیکەی پێکەوەکارکردنیان واژۆ کردووە بۆ بە ئامانجگرتنی تۆڕی قاچاخییەکانی کۆچبەران و بەهێزکردنی ئاسایشی سنوور.
وەزیرەکە ئەوکات گوتی: "رێککەوتنی ئەمنیمان لەگەڵ عێراق کە یەکەمی جیهانە لە شێوەی خۆی، لە ئێستاوە کاریگەرییەکەی دەردەکەوێت،" گوتیشی: "بە بەهێزکردنی ئاسایشی سنوور لەگەڵ فەرماندەیی ئاسایشی سنوورمان، باشترکردنی هاوبەشکردنی زانیاری و دابینکردنی بودجەی زیاتر بۆ پشتگیریی لە تواناکانی چەسپاندنی یاسا لە عێراق، ئێمە تۆڕەکانی قاچاخچێتی بە ئامانج دەگرین."
ئاسایش
گفتوگۆکانی ئەمڕۆ سێشەممە لە کاتێکدان کە سوودانی دەڵێت، عێراق خۆی بۆ کۆتاییهاتنی مانەوەی سەربازانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش لە عێراق ئامادە دەکات.
ئەمریکا نزیکەی دوو هەزار و 500 سەربازی لە عێراق نزیکەی 2000ی دیکەی لە سووریا جێگیرکردووە بۆ ئەوەی بە گوتەی خۆی، رێگری لە سەرهەڵدانەوەی داعش بکات.
ئیدارەی جۆ بایدن لەگەڵ بەغدا رێککەوتووە کە ئەرکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە مانگی ئەیلوولەوە لە عێراق کۆتایی پێ بێت، بەڵام رێكکەوتنەکە نابێتە هۆی کشانەوەی تەواوی هێزەکانی ئەمریکا، کە گرووپە چەکدارەکانی لایەنگری ئێران دژایەتیی مانەوەیان دەکەن.
لەسەر بازرگانی، ستامەر گوتی زیادکردنی هەناردە "دەرفەتی گەورە بە کۆمپانیاکانی بەریتانیا" دەدات، گوتیشی ئەمە "گۆڕانکارییە لە پەیوەندی بازرگانی و وەبەرهێنان لە نێوان هەردوو وڵاتمان".
ستامەر هەروەها دەڵێت، بەریتانیا دەتوانێت "شارەزایی کەرتی تایبەتی بەریتانیا لە بواری ئاو، وزە، پەیوەندییەکان و ژێرخانی بەرگری بەکاربهێنێت بۆ دەستەبەرکردنی پڕۆژەی وەبەرهێنان و دەرفەتی گەورە بۆ بازرگانیی بەریتانیا لە داهاتوودا" لە عێراق.
ستارمەر کە مانگی تەممووزی پار بە سەرکەوتنێکی گەورە لە هەڵبژاردنەکان گەیشتە دەسەڵات، شەش مانگی یەکەمی ناجێگیری لە دەسەڵاتدا بەسەر بردووە و لەژێر گوشاردایە بۆ دەستپێکردنی گەشەی ئابووری و کەمکردنەوەی کۆچی نایاسایی.
پەسندکردنی بودجەیەکی نەخوازراو، کەمکردنەوەی پارەی خۆگەرمکردنەوە بۆ بەساڵاچووان و تۆمەتی دووڕوویی لەسەر وەرگرتنی دیاری لەلایەن ستامەر و هەندێک لە وەزیرەکانییەوە، وای کردووە پارتەکەی لە راپرسییەکاندا دەنگەکانی لەدەستبدات.
لە هەمان کاتدا، ژمارەی ئەو کۆچبەرە نایاساییانەی بە بەلەمی بچووک خۆیان دەگەیێننە بەریتانیا، لە ساڵی 2024 گەیشتە زیاتر لە 36 هەزار و 800 کەس.
پار لە نزیکەی 20 رووداودا، گیانلەدەستدانی 76 کۆچبەر لە نۆکەندی ئینگلیز تۆمارکرا. بەوەش بووە کوشندەترین ساڵ بۆ ئەو کۆچبەرانەی رێگەی پڕ لە ریسک دەگرنەبەر بۆ دزەکردنە نێو بەریتانیا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ