رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی راپۆرتێکی پێگەی بلوومبێرگ نیوزی ئەمریکی، بەرپرسانی چین بیر لەوە دەکەنەوە تیکتۆکی ئەمریکا بە ئیلۆن مەسک بفرۆشن، لە کاتێکدا پلاتفۆرمە بەناوبانگەکەی بڵاوکردنەوەی کورتە ڤیدیۆ، لە ئەمریکا لە بەردەم قەدەخەکردنێکی مسۆگەردایە.
راپۆرتەکە، بە ئاماژەکردن بە کەسانی ناونەهێنراو کە ئاگاداری بابەتەکەن، باس لەوە دەکات، پەکین دەیەوێت کۆمپانیای ئێکس کە مەسک خاوەنیەتی، تیکتۆک لە کۆمپانیای چینیی ByteDance بکڕێتەوە و بیکاتە بەشێک لە تۆڕی ئێکس کە پێشتر بە تویتەر دەناسرا.
راپۆرتەکە بەهای تیکتۆکی ئەمریکا بە 40 تاوەکو 50 ملیار دۆلار مەزەندە دەکات.
هەرچەندە مەسک ئێستا لە پلەی یەکەمی دەوڵەمەندترین کەسەکانی جیهاندایە، بلومبێرگ دەڵێت، روون نییە چۆن مەسک دەتوانێت مامەڵەکە بکات، یان ئایا پێویستی بەوە دەبێت شتی زیاتر بفرۆشێت تاوەکو تیکتکۆک بکڕێت یان نا.
حکومەتی ئەمریکا ساڵی رابردوو یاسایەکی دەرکرد کە داوا لە کۆمپانیای ByteDanceدەکات یان تیکتۆک بفرۆشێت یان دایبخات. رۆژی یەکشەممە، رۆژێک پێش دەستبەکاربوونی سەرۆکی دۆناڵد ترەمپ، یاساکە دەچێتە واری جێبەجێکردنەوە.
حکومەتی ئەمریکا پێیوایە تیکتۆک رێگە بە پەکین دەدات داتای بەکارهێنەران کۆبکاتەوە و سیخوڕییان لەسەر بکات و بووەتە ئامرازێک بڵاوکردنەوەی پڕوپاگەندە. چین و ByteDance بە تووندی تۆمەتەکان رەتدەکەنەوە.
تیکتۆک بەرهەڵستی یاساکە دەبێتەوە، لە دادگەی باڵای ئەمریکا تانەی لە یاساکە داوە. رۆژی هەینی دادگەکە گوێی لە بەڵگە زارەکییەکان گرت.
لە کۆی 9 دادوەری ئەندامی دەستەی دادوەریی دادگەکە، لە دانیشتنەکەدا، زۆربەی دادوەرە نەریختواز و لیبراڵەکان دڵنیا نەبوون لە بەڵگەکانی پارێزەری تیکتۆک کە دەیگوت، پێفرۆشتنی زۆرەملێ مافی ئازادی رادەربڕین پێشێلدەکات، کە لە هەمواری یەکەمی دەستووری ئەمریکادا هاتووە.
بلومبێرگ دەڵێت، بیرکردنەوەی چین لە فرۆشتنی تیکتۆک بە مەسک "هێشتا سەرەتایی" ـە، ئاماژەی بەوەش کردووە بەرپرسانی چین هێشتا نەگەیشتوونەتە کۆدەنگییەک لەسەر چۆنیەتی بەردەوامبوون.
بەگوێرەی پێگە ئەمریکییە، روون نییە ByteDance چەند لە پلانی حکومەتی چین ئاگادارە.
تیکتۆک هیچ شتێکی لە بارەی دەنگۆکەوە نەگوتووە. بەڵام بەرپرسێکی تیکتۆک بە پێگەی Varietyی ئەمریکی راگەیاندووە: "ناکرێت چاوەڕوان بکرێت لێدوان لەسەر شتێکی ئەندێشەیی بدەین."
مەسک هاوپەیمانێکی نزیکی ترەمپە و چاوەڕوان دەکرێت لە چوار ساڵی داهاتوودا رۆڵێکی کاریگەری لە ئەمریکا هەبێت.
مەسک لە هەمان کاتدا خاوەنی کۆمپانیای ئۆتۆمبێلی کارەبایی تێسلایە، کە کارگەیەکی گەورەی لە چین هەیە و وەک یەکێک لە گەورەترین بازاڕەکانی ئۆتۆمبێل، پشت بە وڵاتەکە دەبەستێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ