رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، پێش گەڕانەوەی بۆ کۆشکی سپی و دەستبەکاربوونی وەک سەرۆکی ئەمریکا، بە پلانی مشتومڕهێن و قسەی نا دیپلۆماسی، سیاسەتی جیهان دەهەژێنێت.
ترەمپ، دووەم کەسە لە دوو خولی لەیەکدابڕاودا بووبێتە سەرۆکی ئەمریکا. سەرکردەکانی جیهان باش دەزانن سەنگ و قورسایی چەندە. ئەوەی لێی چاوەڕوان دەکرێت و لێی دەزانرێت، ئەوەیە کە بەردەوام دەبێت لەسەر بڕیار و کارە چاوەڕواننەکراوەکانی.
ترەمپ بۆ هەمووانی سەلماند کە هێشتا دەتوانێت بە بڕیارەکانی جیهان تووشی حەپەسان بکات. ئەمە هاوپەیمانەکانی شڵەژاندووە، بەڵام لایەنگر و دەنگدەرانی پێی دڵخۆشن، چونکە وای دەبینن بەم شێوەیە نەبێت، گۆڕانکاری ناکرێت و ترەمپ هیچ بە هیچ ناکات.
وەک سەرۆکی هەڵبژێردراو، ترەمپ بەدووری نەزانیوە بە بەکارهێنانی هێزی سەربازی، گرینلاند لە دانیمارکی هاوپەیمانی ناتۆ زەوت بکات و کەناڵی پەنەما لە دەستی پەنەما دەربێنێت. کەناڵەکە رێڕەوێکی ئاویی گرنگە کە 25 ساڵ لەمەوبەر ئەمریکا رادەستی پەنەمای کرد.
ترەمپ تەنگی بە کەنەداش هەڵچنیوە، کە هاوپەیمانی ناتۆ و دراوسێ و دۆستی لەمێژینەی ئەمریکایە. ترەمپ پێی باشە وڵاتەکە ببێتە 51ـەمین ویلایەتی ئەمریکا، یانیش خۆی بۆ باج و پێناسەی گومرکیی گەورە ئامادە بکات، کە ئامرازی هەرە دڵخوازی ترەمپن بۆ چڕنووکگرتن لە یار و نەیار.
لە هەڤپەیڤینێکی کەناڵی ئەی بی سی نیووزی ئەمریکی، پرسیار لە مایک وۆڵتز، جێگری ترەمپ کرا کە سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا تا چەند لەم هەڕەشانەی جیدییە، وەڵامەکەی ئەوە بوو کە "ئەو شتەی ترەمپ لە بارەیەوە زۆر جیدییە، ئەو هەڕەشانەن کە بەرەو رووی ئێمەوە دێن."
وۆڵتز باسی لە کاریگەریی رۆڵی کۆمپانیا چینییەکان لە کەناڵی پەنەما و زیادبوونی هەژموون و هێزی رووسیا لە بازنەی جەمسەری باکوور کرد و گوتی، ترەمپ "هەمیشە هەموو بژاردەیەک بە کراوەیی لەسەر مێزەکە دەهێڵێتەوە،" بە شێوەیەک کە پێچەوانەی شێوازی کارکردنی جۆ بایدن بێت.
دوای "گەڕانەوەی ئەمریکا"
بایدن کە 20ی ئەم مانگە کۆشکی سپی بۆ ترەمپ چۆڵ دەکات، ساڵی 2020 کاتێک هەڵبژاردنەکەی لە ترەمپ بردەوە، رایگەیاندبوو "ئەمریکا گەڕایەوە،" وەک ئەوەی بڵێی لە سەردەمی ترەمپ دا نەما بوو. رۆژی دووشەممە، بایدن لە کاتی قسەکردنی لە وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکەی، هیچ پەشیمانییەکی لەسەر ئەو قسەیەی پێشان نەدا، بەڵکو جەختیکردەوە کە ئێستا ئەمریکا لە بەرامبەر رکابەرەکانی بەهێزترە.
ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوە گوتی، بایدن ئەوی راسپاردبوو بۆ ئەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و وڵاتان چاک بکاتەوە و هاوپەیمانە تۆراوەکان ئاشتبکاتەوە.
بلینکن بە بایدنی گوت: "لەبیرمە چیت پێ گوتم. گوتت نازانین کەی ئەمە جیاوازییەک دروست دەکات، " بەڵام پەیوەندییە باشەکان لە کۆتاییدا "زۆر گرنگ دەبن."
رۆبەرت بێنسن، لێکۆڵینڤانی باڵای پەیمانگەی لێکۆڵینەوەی Center for American Progress دەڵێت، ترەمپ بە "تیشکخستنەسەر هەرەشەی رووسیایەکی کینلەدڵ و چینێکی پاوانخواز،" کارێکی راست دەکات.
بێنسن دەشڵێت: "بەڵام [ترەمپ] کارێکی زۆر خراپ دەکات کە بەم شێوەیە هاوبەش و هاوپەیمانەکانمان دەتۆرێنێت و بە دیاریکراوی گوشاری گەورە دەخاتە سەر هاوبەشە ئەورووپییەکانمان و وایان لێ دەکات لە ئەمریکا دوور بکەونەوە."
ترەمپ لە نەریتەکانی دەستاودەستکردنی دەسەڵاتیش لایداوە. لە ئەمریکا وا باوە، سەرۆکی هەڵبژێردراو تاوەکو دەستبەکاربوونی لە 20ی کانوونی دووەم، چاوەڕێدەکات و هیچ جووڵەیەکی سیاسی ناکات.
بەڵام ترەمپ گوێی بەوە نەدا و شتێکی کرد کە لە مێژووی هاوچەرخی ئەمریکادا نەکراوە؛ ئەمیری قەتەر، ئەو وڵاتەی کە وەک نێوەندگیری کار بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی 15 مانگەی غەززە دەکات، رۆژی دووشەممە لەگەڵ نێردراوەکانی ترەمپ و بایدنیش بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست کۆبووەوە.
بەڵام وێڕای شێوازە بێوێنە و گۆمشلەقێنەکەی ترەمپ، هەندێ ئاماژە هەن کە رەنگە ئەمجارە لە هەندێ بواردا شوێن نەریت و شێوازی باوی سیاسەتی ئەمریکا بکەوێت.
وۆڵتز، ئەندامی کۆنگرێس لەگەڵ سیناتۆر مارکۆ رووبیۆ کە بۆ پۆستی وەزیری دەرەوە دیارکراوە، هەردووکیان سەر بە رەوتێکی پارتی کۆمارین کە سیاسەتی چاوەڕوانکراو و باو پەیڕەو دەکات.
هەردووکیان پێیان باشترە ئەمریکا لە هەڵسوکەوتەکانیدا قورسایی بخاتە سەر ئاسایش. چاوەڕواندەکرێت رووبیۆ زیاتر گرنگی بە بەرەنگاربوونەوەی چەپڕۆکانی ئەمریکای لاتینی بدات.
ترەمپ لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا خۆی بەوە هەڵدەکێشا کە دەتوانێت بە یەک رۆژ کۆتایی بە جەنگی ئۆکراینا بێنێت. رێگەیەکی چاوەڕوانکراو بۆ بەجێگەیاندنی ئەو قسەیە ئەوەیە کە ئەمریکا ئەو هاوکارییەی پێشكێش بە ئۆکراینای دەکات بیکاتە کارتی گوشار لەسەری تاوەکو دەستبەرداری بەشێکی خاکەکەی بێت بۆ رووسیا و بەو شێوەیە کۆتایی بە جەنگ بهێنرێت.
بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، ترەمپ کیس کێلۆگ، جەنەڕالی رێزلێگیراوی وەک نێردەی ئەمریکا بۆ ئۆکراینا دەستنیشانکرد. هەروەها وۆڵتزیش ئەوەی درکاندووە کە ئۆکراینا بەهێزدەکەن بۆ ئەوەی لە لەسەر مێزی دانوستاندنەکان، دەنگی دلێرتر بێت.
وۆڵتز گوتی، ترەمپ لە ساتی هەڵبژاردنییەوە سەرکەوتوو بووە لە زیندووکردنەوەی دەرفەت بۆ دێپلۆماسی تاوەکو ململانێی ئۆکراینا بوەستێنێت کە "وەک مەکینەی قیمەی جەنگی یەکەمی جیهانیی هاڕینی گوشتی خەڵک و سەرچاوەکانی لێهاتووە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ