رووداو دیجیتاڵ
هەفتەیەکە دارستانەکانی شاری لۆس ئەنجلس دەسووتێن. بەگوێرەی دوایین ئاماری فەرمی، 164.2 کیلۆمەتر چوارگۆشە سووتاوە، ئەمەش نزیکەی دوو هێندە و نیوی رووبەری شاری هەولێرە.
ئاگرەکە لە 07-01-2025 لە دارستانەکانی شاری لۆس ئەنجلس لە ویلایەتی کالیفۆرنیای ئەمریکا کەوتەوە. وشکەساڵی و با و باهۆزی بەهێز بواری کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکەیان بۆ ئاگرکوژێنەوە و تیمەکانیان سەختتر کردووە.
بەگوێرەی حکومەتی ئەمریکا، تاوەکو ئێستا 24 کەس بەهۆی ئاگرەکە و کاریگەرییەکانی گیانیان لەدەستداوە، دەیان کەسی دیکەش بێسەروشوێنن.
زیاتر لە 92 هەزار دانیشتووی لۆس ئەنجلس فەرمانی چۆڵکردنیان پێدراوە و 89 هەزار کەسی دیکەش نامەی چۆڵکردنی ماڵەکانیان بۆ نێردراوە.
ئێستا ئاگرەکە لە سێ ناوچەی سەرەکییە؛ پالیسەیدس، ئیتن و هێرست. ئاگری ناوچەی یەکەم گەورەترینە و ناوچەی سێیەم بچووکترینە. ئەگەر رووبەری سووتاوی هەر سێ ناوچەکە کۆبکەینەوە، بە قەد رووبەری شاری پاریس دەبێت.
لە پاشماوەی جەنگ دەچێت؛ ئەمە پاشماوەی ئاگرەکەی لۆس ئەنجلسە لە ویلایەتی کالیفۆرنیا. تەڕ و وشکی پێکەوە سووتاندووە. تاوەکو ئێستا ئاگرەکە کۆنترۆڵ نەکراوە و لانیکەم 24 کەس بەهۆیەوە گیانیان لەدەستداوە. وێنە: AFP
Posted by Rudaw on Monday, January 13, 2025
تاوەکو ئێستا تیمەکانیان توانیویانە ئاگرەکەی هێرست 95٪، ئاگری ئیتن 33٪ و پالیسەیدس 14٪ کۆنتڕۆڵ بکەن.
هێزە فریاگوزارییەکان وەڵامی 20 هەزار و 967 باری لەناکاویان داوەتەوە. 124 ئاگر لە شوێنە جیاوازەکانەوە کەوتووەتەوە. هەروەها، زیاتر لە 12 هەزار و 300 باڵاخانە و خانوو زیانیان بەرکەوتووە.
ئاگرەکە ناکوژێتەوە و ئاویش نییە
لە دوای نیویۆرک، لۆس ئەنجلس دووەم گەورەترین شاری ئەمریکایە. ئاگرەکە هەفتەیەکە بەردەوامە و تیمە فریاگوزارییەکان هەموو هەوڵێک دەدەن لەوە زیاتر گەورە نەبێت.
خێزایی با 110 کیلۆمەترە لە کاژێرێکە. بەرپرسانی ئاگرکوژێنەوە دەڵێن، باهۆزەکان ئاگرەکە خۆشتر دەکەن و ناوچەی نوێش لەژێر مەترسی ئاگرکەوتنەوە دایە.
ئەنتۆنی مارۆن، بەڕێوەبەری بەشی ئاگرکوژێنەوەی لۆس ئەنجلس رایگەیاند، بەشەکەیان چەندین سەرچاوەی تازەی بەدەستگەیشتووە، لەوانەش ئۆتۆمبێل و کارمەندانی ئاگرکوژێنەوە.
دوو کێشەی سەرەکی بەهۆی ئاگرەکەوە دروستبوون، ئەوانیش بڕانی کارەبای دەیان هەزار هاوبەش لە ناوچەکان، هەروەها کێشەی شکانی بۆری و سووتانی بۆری ئاوە.
لە کاتێکدا ئاگر لە لۆس ئەنجلس بەردەوامە، کۆمپانیاکانی خزمەتگوزاریی کارەبا و ئاو بەدەم زیانە بەرفراوانەکانی بۆری، کۆگە و دامەزراوەکانی چارەسەرکردنەوە دەچن.
یەکێک لە ئەرکە گەورەکان راگرتنی لێچوونی ئاوە لە بۆرییە سووتاوەکان تاوەکو ئاگرکوژێنەوەکان گوشاری پێویستیان لە هایدرەنتەکان [ستوونی دەرچوونی ئاوی سەر شەقامەکان کە رەنگیان سوورە] هەبێت. بەڵام زۆربەیان ئاگاداریی "ئاو مەخۆنەوە"یان بۆ ماڵەکان دەرکردووە تا دەتوانن دڵنیابن لەوەی کە ئاوەکە سەلامەتە.
لە سەرەتای کەوتنەوەی ئاگرەکە، بەشێکی هایدرەنتەکانی شارەکە وشکبوون، ئەوەش ئەرکی ئاگرکوژێنەوەکانی قورستر کرد.
ستەیسی تاکێگوچی، یاریدەدەری سەرۆکی گشتی لە کۆمپانیای ئاو و وزەی پاسەدێنیا، کە بۆ یەکەمجار لە مێژووی کۆمپانیاکەدا فەرمانی "ئاو مەخۆنەوە"ی دەرکرد، دەڵێت: "دەبێت خراپترین حاڵەت لەبەرچاو بگریت."
دابینکەرانی ئاو راهاتوون لەگەڵ مامەڵەکردن لەگەڵ پیسبوونی جار جارە کە دەکرێت بە کلۆر یان کوڵاندن پاک بکرێتەوە، بەڵام ئاگرەکانی دارستان دەتوانن بۆرییەکان بۆ ماوەی چەندین مانگ پیس بکەن، جگە لەوەش لە ناوچەکاندا کێشەی کەمی ئاوی خواردنەوە دروست بووە و کۆمپانیاکان دەیانەوێت بە خێرایی ئەوە چارەسەر بکەن.
دەربەدەری و دزی
ئەوانەی لەژێر فەرمان ماڵەکانی خۆیان چۆڵکردووە، لەوە تووڕەن کە هێزە ئەمنییەکان پێیان گوتوون، تاوەکو رۆژی 17-01-2025 ناتوانن بگەڕێنەوە ماڵەکانی خۆیان. ئەوان داوا دەکەن بتوانن بچنەوە ماڵەکانی خۆیان بۆ ئەوەی جلوبەرگ و دەرمان و پێداویستییەکانیان بهێنن.
تیمێکی تایبەتمەند بە سەگی راهێنراو لەنێو داروپەردووەکاندا بەدوای تەرمەکاندا دەگەڕێن.
دزی و تاڵانکردن کێشەیەکی دیکەیە، تاوەکو ئێستا زیاتر لە 20 کەس لەسەر دزیکردن دەستگیرکراون. یەک لەو دزانە جلی ئاگرکوژێنەوەی لەبەرکردبوو بۆ ئەوەی بچێتە نێو ماڵەکان و کەلوپەلی گرانبەها بدزێت.
قەدەخەی هاتووچۆی شەوانە جێبەجێ دەکرێت، ژمارەیەکی زیاتری سوپای نیشتمانیش لە ناوچە زیان بەرکەوتووەکان و چۆڵکراوەکان بڵاوەیان پێکراوە.
هێنری لێڤنسن، یەکێکە لە دانیشتووانەکانی شارەکە کە لە گەڕەکی پالیسەیدس پاسیفیک دادەنیشێت و گوتی: "ویستم بچم خۆڵەمێشی باوکی کۆچکردووم بهێنمەوە، کە لەدوامان بەجێمابوو، خۆڵەمێشی داپیریشم لەوێ بوو."
گاری هۆڵ، مەلەوانێکی ئەمریکییە و چەند مەدالیایەکی ئۆڵۆمپی بەدەستهێناوە، لە ئاگرەکە مەدالیاکانی لەدەستدا. تۆماس باخ، سەرۆکی لیژنەی ئۆڵۆمپیاد بەڵێنی پێدا مەدالیاکانی بۆ قەرەبوو بکاتەوە.
زریانی ئاگر
ئاگرەکەی ناوچەی پالیسەیدس نۆ هەزار و 500 هێکتار زەوی سووتاندووە و تەنیا 14٪ـی کۆنتڕۆڵکراوە.
سەرەتا 180 هەزار کەس فەرمانی چۆڵکردنیان پێدرابوو، بەڵام ژمارەکە بۆ 92 هەزار دابەزی، ئەمەش دوای ئەوەی بەشێکی ئاگرەکە کۆنتڕۆڵکرا.
بەهۆی ئەوەی خەڵک ماڵەکانیان چۆڵدەکەن، ناچار دەچن شوێنێک یان هۆتێلێک بەکرێ دەگرن، ئەمە ئەگەر پەناگەیان دەستنەکەوێت. میدیای ئەمریکا دەڵێت، بەشێک لە خاوەن هۆتێلەکان دۆخەکەیان قۆستووەتەوە و نرخەکانیان گران کردووە.
رۆژی یەکشەممە 12-01-2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ترووس بڵاویکردەوە: "ئاگری لۆس ئەنجلس هێشتا بەردەوامە. سیاسەتڤانە بێتواناکان نازانن چۆن بیکوژێننەوە."
ترەمپ نووسیشی: "ئەمە یەکێکە لە خراپترین کارەساتەکانی مێژووی وڵاتەکەمان. ئەوان ناتوانن ئاگرەکە بکوژێننەوە، نازانم کێشەیان چییە؟"
لەبەر پێڕانەگەیشتنی تیمەکان، مەکسیک چەند تیمێکی فریاگوزاری ناردە ئەمریکا. ڤۆلۆدمیر زیلێنسکی، سەرۆکی ئۆکراینا رایگەیاند، وڵاتەکەی ئامادەیە 150 کارمەندی ئاگرکوژێنەوە بنێرێتە کالیفۆرنیا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ