رووداو دیجیتاڵ
لە زۆربەی شەقامەکانی وڵاتانی پێشکەوتوو ستوونی کورتیان هەیە کە پێیان دەگوترێت هایدرانت یان ئاودەر، بۆ ئەوەی لە کاتی ئاگرکەوتنەوەدا تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە بتوانن سۆندەیان تێبخەن و ئاگرە نزیکەکان بکوژێننەوە.
بەڵام، بە گوێرەی میدیای ئەمریکی، لە کاتی ئاگرکەوتنەوەی ئەم دواییەی لۆس ئەنجلس لە ویلایەتی کالیفۆرنیا، نزیکەی 20٪ی ئەو ئاودەرانە کاریان نەکردووە، ئەوەش بووە ئاستەنگێکی گەورە بۆ کوژاندنەوەی ئاگرە وێرانکەرەکە.
هەموو ئەو ئاودەرانە بە یەک سیستمی ئاوی شارەوانییەوە بەستراون کە سەرچاوەکەیان ژمارەیەک کۆگای گەورەی ئاون.
ئەو بەرپرس و خەڵکەی قسەیان بۆ میدیاکە کردووە، ئاماژە بە کۆمەڵێک هۆکاری کارنەکردنی سیستمەکە لە شاری لۆس ئەنجلس دەکەن:
خواستی لەڕادەبەر لەسەر ئاو: لەبەر ئەوەی ئاگرەکە زۆر گەورە و فراوانە، پێویستی بە ئاوێکی زۆرە، بۆیە ئاوی کۆگاکراو زوو تەواو بوو.
بڕینی کارەبا: ژمارەیەکی زۆری ئەو ماتۆڕانەی پاڵ بە ئاوەوە دەنێن بۆ ئاودەرەکان، بەهۆی بڕینی کارەبا لە ئەنجامی ئاگرەکەوە لە کارکەوتن.
بای بەهێز: هەڵکردنی بای بەهێز نەوەک تەنیا بووە هۆی تەشەنەکردنی خێرای ئاگرەکە، بەڵکو وایکرد فڕۆکە و هێلیکۆپتەرەکانی ئاگرکوژاندنەوە نەتوانن بفڕن، بۆیە گوشاری زیاتر کەوتە سەر سیستمی ئاگرکوژێنەوەی شەقامەکان.
دابەزینی ئاستی ئاوی کۆگاکراو: یەکێک لە کۆگا هەرە گرنگەکانی سیستمەکە بەهۆی چاککردنەوە ئامادەی بەکارهێنان نەبوو؛ هەروەها سێ تانکی گەورە کە هەریەکەیان یەک ملیۆن گاڵۆن ئاو دەگرێت، هەر زوو بەتاڵ بوون.
لە کاردانەوەی ئەم کێشەیەدا گاڤن نیووزم، حاکمی کالیفۆرنیا کە سەر بە پارتی دیموکراتە واتە پارتەکەی جۆ بایدن، داوایکرد لێکۆڵینەوە بکرێت.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا رەخنەی لە بەرپرسانی کالیفۆرنیا گرت و بە "لێنەهاتوو" ناویبردن و تۆمەتباریکردن بەوەی نەیانتوانیوە بە باشی رووبەڕووی ئاگرەکە ببنەوە.
ترەمپ هەروەها پێیوایە سیاسەتی بەڕێوەبردنی ئاو لە کالیفۆرنیا بووەتە هۆی گەورەبوونی ئاگرەکان و دەڵێت، بەرپرسەکانی ویلایەتەکە نیگەرانییە ژینگەییەکانیان خستوونەتە پێش پێویستییەکانی مرۆڤ و بەرپرسان رەتیانکردووەتەوە ئاو لە باکووری ویلایەتەکەوە بگوازنەوە بۆ باشووری.
لە وەڵامی ئەودا، نیووزم داوای لە ترەمپ کرد سەردانی لۆس ئەنجلس بکات بۆ ئەوەی زیانەکان ببینێت و لەسەر هەوڵەکانی چاککردنەوەیان پێکەوە کار بکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ