کوردانی نێو پارتی کاری بەریتانیا دەیانەوێ سیاسەتی پارتەکە بەرامبەر کورد باشتر بکەن
رووداو دیجیتاڵ
رەوەندی کوردی لە بەریتانیا کە لایەنگری پارتی کارن، کۆبوونەوە و لە رێوڕەسمێکدا نەخشەڕێگەی خۆیان بۆ کاریگەری دانان لەسەر سیاسەتی پارتەکەیان بەرامبەر دانا.
رێوڕەسمەکە لەلایەن گرووپی "Kurds for Labor" رێکخرابوو کە نزیکەی 15 ساڵە دامەزراوە. بەرپرسی ئەو گرووپە، سەرباز بەرزنجییە، کە ئەندامی ئێستا و بەرپرسی پێشووی شارەوانیی لامبێسی لەندەنە. لێم پرسی، بەریتانیا رۆڵی لە دابەشبوونی کوردستان هەبوو، ئێستاش سیاسەتێکی بەهێزی بۆ پشتگیری لە کورد نییە، ئێوە دەتوانن چی بکەن؟
سەرباز بەرزنجی بەوە وەڵامی دایەوە کە ئەو پرسانە لە مێژوودا روویانداوە، بەڵام ئەگەر گرووپێکی وەکو ئەوەی ئەوان هەبووایە، رەنگە ئەو رووداوانە روویان نەدایە. "ئێمە دەمانەوێت ببینە بەشێک لە داڕشتنەوەی سیاسەتی پارتی کار بۆ ئەوەی کاریگەریمان هەبێت کە نەهێڵین ئەو نەهامەتییانەی بە جۆرێک لە جۆرەکان بەریتانیا دەستی تێیاندا هەبووە، نەهێڵین دووبارە ببێتەوە."
ئیبراهیم دوگۆش کوردێکی دیارە لەنێو رای گشتیی بەریتانیا. ئەو خەڵکی باکووری کوردستانە و 25 ساڵە لەنێو پارتی کاردایە. ئەو نایشارێتەوە کە لەنێو پارتی کاردا، شتێک بەناوی پرسی کورد نییە.
کوردانی بەریتانیا کە دەنگدەر و هاوبیری پارتی کار، پارتی دەسەڵاتداری ئێستای وڵاتەکەن، دەیانەوێت دەوڵەت و لایەنەکانی حکومەت، پەرلەمان و ئەنجوومەنی پیران دۆستی کورد بن و پشتیوانیی مافەکانی گەلی کورد بکەن.